کوردستان

12:21 - 02/07/2020

گۆڕان داوای راگرتنی كاری نایاسایی و قاچاغی سنوورەكانی لە یەكێتی كردووە‌

لە كۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا چەند پرسێكی هەنوكەیی تاوتوێكران و بەپێی زانیارییەكانی (پەیسەرپرێس) گۆڕان داوای لە یەكێتی كردووە كە كاری نایاسایی و قاچاغی خاڵە سنورییەكان رابگیرێت، لە بەرامبەردا وەفدی یەكێتی وتویانە هەوڵ دەدەن ئەوە چارەسەر بكەن، بەڵام كێشەكە تەنها لە سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی نییە، بەڵكو پارتیش لە سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا هەمان كار دەكات.


ئەوەش لە كاتێكدا كە پێشتر و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بزوتنەوەی گۆڕان هەمان داوای لە پارتی كردبوو.

بەپێی زانیارییەكانی (پەیسەرپرێس) لە كۆبوونەوەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتوون كە لەدوای كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی كە بڕیارە بەمنزیكانە بەڕێوەبچێت، كۆبوونەوەیەكی سێ‌ قۆڵی بكرێت لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا .

هاوكات پەیسەر زانیویەتی كە لە كۆبوونەوەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتوون لیژنەیەك بۆ پرسی لامەركەزی پێكبهێنن و لیژنەكەش كراوەبێت بەرووی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی كە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كورسییان هەیە، تا گفتوگۆ و رێككەوتنی لەسەر بكرێت و دواتر پرۆژەكە رەوانەی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوە و وەك لە پرێس كۆنفرانسی دوای كۆبوونەوەكەشدا ئاماژەی بۆكرا، هەردوولایان میكانیزمەكانی چاكسازی و هێوركردنەوەی گرژییەكانی ناوخۆ و چاككردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیان تاوتوێكردووە.

پێشتریش پەیسەرپرێس بڵاویكردەوە، كە بزوتنەوەی گۆڕان مانۆڕێكی سیاسی بۆ دەربازكردنی هەرێم لە چەقبەستویی سیاسی و كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ چاكسازی و پاراستنی كیان و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستاندا كۆبووەتەوە و دواین كۆبوونەوەشی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو.