ڕاپۆرتی کوردستانی

03:25 - 15/07/2020

سایکس بیکۆ و سیڤەر و لۆزان بە فۆڕمی نوێ‌

داستان خارگێڵانی

لە ناوەڕاستی جەنگی جیهانی یەکەم دا دوای لاواز بوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەر یەک لە وڵاتانی فەڕەنسا و بەریتانیا لە ساڵی ١٩١٥ ڕێکەوتنێکی گرنگیان واژوو کرد بۆ دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە بەشداری دیبلۆماسی بەریتانی (مارک سایکس ) و دیبلۆماسی فەرەنسی (فرانسوا جۆج بیکۆ ) ناویان نا ( سایکس بیکۆ ) کە کورت کراوەی ناوی هەردووکیان بوو , ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بۆ دوو زۆن بەش کرد ، فەرەنسا سوریاو لوبنان و موسڵ وە بەریتانیا بەغداو بەسڕە وکوردستانی باشور و بەشێک لە کەنداوی فارس ی خستە ژێر هەژمونی خۆیەوە بەڵام تەمەنی ئەم ڕێکەوتنە زۆری نەخایاند و ڕێکەوتنێکی تر جێی گرتەوە

نوێنه‌ری كورد:
دوای جەنگی جیهانی یەکەم و روخانی دەوڵەتی عوسمانی وڵاتانی زلهێز لە شاری سیڤەری فەڕەنسا کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو شوێنانەی کە داگیرکراون ، کوردەکانیش نوێنەریان هەبوو وە بەشداری ڕێکەوتنەکەیان کردوە ، ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان کە یەکەم کورد بووە هەولی دروست کردنی دەوڵەتی کوردی داوە ، کەسێکی لێهاتوو زیرەک بووە پێشتر لەگەڵ عوسمانییەکان دا کاری کردووە پلەی گرنگی پێدراوە و زمانی تورکی و عربی و فارسی و یۆنانی و ئیتاڵی و فەرەنسی زانیووە ، دواتر وازی لە عوسمانییەکان هێناوە و کاری بۆ دروست کردنی کیانێکی کوردی کردووە ، کۆبوونەوەی لەگەڵ ( شێخ مەحمود و سمکۆی شکاک ) دا کردووە و ڕاوێژی پێکردوون دواتر یاداشتێکی نووسیوە و داوای دەوڵەتی کوردی کردووە و پێشکەشی بەریتانییەکانی کردووە ، دواتر بەشداری ڕێکەوتننامەی سیڤەری کردووە کە پەیمان نامەیەکی گرنگ بوو بۆ کورد ، ئامانج لەم ڕێکەوتن نامەیە بۆ تەواو لاوازکردنی تورکیا بوو ، ئەتاتورک ئەوکات لاواز بوو ڕژێمی خەلافەت نەمابوو کۆماری لە سەرەتادابوو، بۆیە وڵاتان ئەم هەلەیان قۆستەوە بۆ یەکەم جار دان نرا بە ئەرمەنەکان و کورد دا ، لە خالی ٦٢ و ٦٤ی ڕێکەورنەکە دا بەدیاریکراوی باسی کورد دەکرێت.

خاڵه‌كان چین؟
٦٢
-دەبێت كۆمسیۆنی ئەستەمبۆل بەفەرمی دەست نیشانی سێ نوێنەر بكات،ئەوانیش نوێنەری بریتانی و فەرەنسی و ئیتالی بن، هەتا شەش مانگ دوای مۆركردنی ئەو پەیماننامەیە ئەو كۆمسیۆنە دەبێت نەخشەیەك بۆ خودمختاری هەرێمی ئەو مەڵبەندانە پێشكەش بكات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن، لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنوریان بۆ دەست نیشان بكرێت .

٦٣-تا ساڵێك لە پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامەیە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیانەبنەوە لە توركیا دەبێ ئەنجومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن وە ئەگەر ئەنجومەنیش دانی بەوەدانا كەئەوان دەتوانن سەربەخۆ بژین ئەوا حكومەتی توركیا دەبێ ڕازی بێت و دەست بەرداری ئەو ناوچانە بێت، وە دەبێت توركیا دەست لەمافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت ، مافەكانیش بەگوێرەی ڕێكەوتنی هاوپەیمانان و توركیا دەبێت،كوردەكانی ویلایەتی موسڵیش ئەگەر خوازیاری جیابوونەوەن بەویستی خۆیان ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگریەك ناكەن بچنە پاڵ حكومەتە كوردیەكەوە .

هه‌لی له‌ ده‌ستچوو:
یەکەم جار بوو لە مێژووی کورد دا کە هەلێکی وای هاتە بەر دەست کە نەیتوانی بیقۆزیتەوە چونکە میللەتی کورد ئەو کات سەرکردەی نەبوو وە ئاغا و دەرەبەگی زۆری هەبوو کە زۆربەیان لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە کڕدرابوون و سیاسی نەبوون بۆیە گەورەترین کارتی لەدەستدا کە هەموو وڵاتانی زلهێز پاڵپشتی بوون ، دواتر تورکیا خۆی تۆکمە کردوو تەواو بە سیاسەتێکی دیبلۆماسی توانی ئەو خەونە بخاتە ناو زبڵدانی مێژووەوە و ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و لەبری ئەوە لە شاری لۆزانی سویسرا ڕێکەوتنی لۆزانی مۆر کرد کە تەواو کۆتای بە ڕێکەوتنی سیڤەر هێنا ، تورکیا بەهێز بوو کوردەکانیشی ڕازی کرد بە مانەوە و ئاینی بەکارهێنا وەک چەکێکی فکری ، کە گەر کورد جیابێتەوە ئەوا ئەگەری هەیە بچێتە چنگی وڵاتێکی دوورە دین کوردەکانی بەوەترساند کە ئەگەری لەدەستدانی ئاینەکەیان هەیە گەر داوای سەربەخۆیی بکەن ، وە هەرچی ئاغاو دەرەبەگەکانیش بوو هەموویان کڕدران و بێدەنگ کران ، بۆیە توانی سەرکەوێت و کۆمەڵێک بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزیشی دەستەبەر کرد وڵاتانیش بەرژەوەندیان نەبوو لەوەی کە دەوڵەتی کوردی دروست بێت چونکە کورد هەریەک لە سوپا و سەرکردە و یەکگرتووی تێدا نەبوو کە ئەمانە گرنگن بۆ وەرگرتنی لەلایەن وڵاتێکەوە و ئیدامەدان لەژێر چەتری دا ، بۆیە لە هەر سێ ڕێکەوتنەکە دا کوردستان دابەشکرا تەنها ئومێد سیڤەر بوو ئەویش هەر بە نەزۆکی کۆتایی پێهێندرا .

فۆرمێكی دیكه‌:
ئیستا دوای ١٠٠ ساڵ بە فۆڕمێکی نوێ سایکس بیکۆ و سیڤەر و لۆزان دووبارە دەبنەوە و کورد پەیماننامەیەکی تری لەڕێیە کە کەس نازانێت کەی دەدرێت لەکوێ دەدرێت کێ تییدا بەشدار دەبن ناوەڕۆکی خاڵەکانی چین ، بەس ئەوەندە دیارە کە کورد دووبارە دەفرۆشرێت وەک جاران دەدۆشرێت و چەقۆ دەدرێت لەخاکی ، هیچ ئاسۆیەک نییە کە پەیمانی ئەم جارە گەر ببەسترێت لە بەرژەوەندی کورد بێت وەک چۆن لە مێژوودا هیچ پەیماننامەیەک لە بەرژەوەندی نەبووە و هەر دامەزراوەیەکیش هاتبێتە دەسەڵات سەرەتا کۆمەڵێک بەڵێنی گەورەی بە کورد داوە دواتر هیچیان جێ بەجێنەکراون ، وەک سایکس بیکۆ و سیڤەر و لۆزان دواتر سوپای ئینگلیز دواتر عەبدولکەریم قاسم دواتر عبدول سلام عارف کە بەڵێنی گەورە بە کورد دا و دوای سێ مانگ هێرش دەکاتە سەر سلێمانی و بڕیاری توانەوەی میلەتی کورد دەدات و لە ئاسمانەوە لە ناو فڕۆکە دەکوژرێت،  لە کۆتاییدا گەلی عێراق سوکایەتی پێدەکەن و دەڵێن ( صعد لحم نزل فحم ) واتە گۆشت بوو سەر فڕۆکە کەوت خەڵوز بوو دابەزی ، دواتر سەدام حسێنی دیکتاتۆر بەهەمان شێواز سیاسەتی تعریبی پەیرەو دەکرد.

خۆشباوه‌ڕیی:

 واتە گەر سەیری مێژوو بکەین هیچ بەڵێنێک نەبراوەتە سەر ئەمەش لەوانەیە هۆکارەکەی ئەوە بوەبێت کە کورد زۆر نەتەوەیی بیری کردوەتەوە زۆر کەم سیاسی بیری کردوەتەوە لەوانەیە لە ڕووە سیاسیەکەوە پێویستی کردبێت لە قۆناغێکدا بە کوردی نە دوێت بەڵام راستەوخۆ هەستی نەتەوەی زاڵ بووە و هەوڵی پڕکردنەوەی لایەنە نەتەوەییەکەی داوە.

گۆڕینی ڕیگاكه‌:

ژاپۆن دوای كاره‌ساتی هێرۆشیما و ناکازاکی لەبری شەڕی سەربازی شەڕی ئەلکترۆنی ڕاگەیاند بەو شێوازە پێشکەوت کە ئەمڕۆ دەیبینین ئێمەش پێویستە ڕێگاکەمان بگۆڕین هەر لەم بازنەی کورد و شاخ و شەڕی پارتی زانیدا گیر نەخۆین بەڵام وشیار نابین هەرگیز لێکدانەوە بۆ زەمەن و نیشینگە و بەرژەوەندی ناکەین ، خراپترین کاتی ڕیفراندۆم ڕیفراندۆم مان کرد ، بۆیە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کورد بۆ وڵاتانی زلهێز گرنگ نییە و لە هاوکێشەکەدا نییە چونکە نەیتوانیوە تا ئێستا خۆی یەکلاکاتەوە بچیتە پاڵ یەک وڵاتی زلهێز داهاتووی سوریاکەی بەشار ئەسەد کە هیچ دیار نییە له‌ناوه‌ندی جیهانیشدا زۆر باشتر لە میلەتی کورد ده‌رده‌كه‌وێت .