کوردستان

11:18 - 11/08/2020

پەیسەرپرێس ناوەڕۆكی رێككەوتنی هەولێر و بەغداد ئاشكرادەكات‌

شیراز ره‌ئوف

لە ئێستادا كە هەموو چاوەكان لەسەر ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدادن، كڵێشەی كۆتایی رێككەوتنەكە ئامادەكراوە و پەیسەرپرێس بە پشتبەستن بە سەرچاوەكانی خۆی بەشی هەرەزۆری خاڵەكانی ناو رێككەوتنەكە ئاشكرا دەكات.

رێككەوتنەكە چۆنە؟
رێككەوتنی ئەمجارەی نێوان هەولێر و بەغداد بەوە لە رێككەوتنەكانی پێش خۆی جیادەكرێتەوە كە زیاتر رێككەوتنێكی حكومەتییە وەك لە رێككەوتنی سیاسی، بۆ ئەوەش هەم حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەم حكومەتی ناوەندی عێراق تەركیزیان كردووەتە سەر ئەو بڕگە و خاڵ و بڕیارانەی كە پەیوەستن بە دارایی و ئیدارەدانەوە و خۆیان لە قەرەی پرسە سیاسییە ئاڵۆزە هەڵواسراوەكان نەداوە لە نمونەی ناوچە جێناكۆكەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.

ناوەرۆكی رێككەوتنەكە:-
رێككەوتنی هەولێر و بەغداد كە ئێستا تەنها واژۆكردنی ماوە خۆی لە چەند خاڵێكی سەرەكیدا دەبینێتەوە، پەیسەرپرێس خاڵە سەرەكییەكانی ئاشكرا دەكات:-

یەكەم: رادەستكردنی لەسەدا 50ی داهاتی خاڵە سنورییەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بۆ ئەمەش لیژنەی هاوبەش لە وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق چاودیری داهاتی گومرگ و خالە سنوریەكان دەكەن.

دووەم:  هەرێمی كوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات. (تەنها داهاتەكە نەك خودی نەوتەكە) و بەپێی نرخی رۆژانەی نەوت بڕی پارەكەی دەستنیشان دەكرێت.

سێیەم: حكومەتی ناوەندی مانگانە لە 350 بۆ 400 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، بەپێی بەرز و نزمی نرخی نەوت بڕەكەی دەستنیشان دەكرێت بەڵام لە هیچ حاڵەتێكدا نرخی نەوت هەرچەند دابەزێت بڕەپارەی هەرێمی كوردستان مانگانە لە 300 ملیار دینار كەمتر نابێت.

چوارەم: پێویستە هەرێمی كوردستان لەو بەشە نەوتەی رۆژانە بۆی دەمێنێتەوە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و نیوەی داهاتی سنوورەكان، مووچەی مووچەخۆران دابین بكات و قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت بداتەوە.

پێنجەم: پێشمەرگە وەك بەشێك لە پەیكەرەی بەرگری عێراق سەیردەكرێت لەرووی شایستەی جارایی و  پلەبەرزكردنەوە و پێدانی چەك و ئیمتیازاتەكانی دیكەی وەزارەتی بەرگری عێراق.

شەشەم: لەرووی تەندروستییەوە بەهەمان شێوەی پێشتر پێویستە حكومەتی عێراق لەسەدا 40ی پێداویستی تەندروستی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.

حەوتەم: لیژنەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان دەگرنەدەست و دوو فەرماندەی عێراق و دوو فەرماندەی هەرێمی كوردستان هێزی پاراستنی سنوور رێكدەخەن.
"ئەم خاڵەیان رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە، بەڵام لە رێككەوتنەكەدا بەمجۆرە داڕێژراوە"

هەشتەم: فرۆكەخانە و بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی بەڕێوەدەبرێن.

نۆیەم: لەدوای ئەم رێككەوتنەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر گرێبەستێكی نەوتی ئەنجامبدات پێویستە بە ئاگاداری و چاودێری حكومەتی ناوەندی عێراق بێت.
دەیەم: هەرێمی كوردستان تۆماری دروستی مووچەخۆران و تۆماری رەسمی داهاتەكان بخاتە بەردەستی حكومەتی عێراق.

یازدەیەم: شایستەی جوتیاران و فرۆشتنی مادەی پیشەسازی و بازرگانیكردن لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا وەك خۆی دەمێنێتەوە.

ئەم 11 خاڵە خاڵە هەرە سەرەكییەكانی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادن، بەڵام لەم رێككەوتنەدا بە هیچ شێوەیەك باس لە دۆسێی ناوچە جێناكۆكەكان نەكراوە كە یەكێكە لە كێشە بنچینەییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و رەگێكی قوڵی چەند ساڵەی هەیە.

هاوكات زانیارییەكانی پەیسەرپرێس ئاماژە بەوەشدەكەن كە هەرێمی كوردستان داوایكردووە خاڵێك لە رێككەوتنەكە تایبەت بكرێت بە هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە روبەروو بوونەوەی تیرۆر لە ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵام حكومەتی عێراقی تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە ئەو خاڵەی نەخستووەتە رێككەوتنەكەوە و خوازیارە ئەم رێككەوتنە زیاتر ئیداری و دارایی بێت و نایەوێت پەل بهاوێت بۆناو كێشە سیاسییەكان.