ڕاپۆرتی کوردستانی

12:41 - 27/08/2020

كازمی كۆبوونەوە و رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەسپێرێت بە وەزیری دارایی‌

شیراز ره‌ئوف

سەرۆك وەزیرانی عێراق دژی یاریكردن بە كات لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ رێككەوتن هەڵوێست وەردەگرێت و ئامادە نییە چیتر لەگەڵ وەفدی هەرێم دابنیشێت و كاروباری گفتوگۆ و رێككەوتن دەسپێرێت بە وەزیری دارایی.

هەڵوێست وەردەگرێت
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق نیگەرانە لە یاریكردن بە كات و سەردان نەكردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد و پێیوایە كە لەژێر فشاری توركیادا هەرێمی كوردستان نایەوێت رێككەوتن ئەنجام بدات، هەربۆیەش بڕیاریداوە چیتر پێشوازی لە وەفدی هەرێمی كوردستان نەكات.

هەر بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس، كازمی ئامادە نییە چیتر لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت یان هەر بەرپرسێكی تری خوار پۆستی سەرۆك وەزیران لە بەغداد كۆببێتەوە و وەزیری دارایی عێراقی راسپاردووە تا ئیدارەی كۆبوونەوەكان بدات لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستان.

هاوسۆزی مووچەخۆرانە
ئەم هەڵوێستەی مستەفا كازمی دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق روویدا، كاتێك لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە وەزیری دارایی كردبوو پرسی كێشەی مووچەی هەرێمی كوردستان تاوتوێ‌ بكەن.

بەپێی زانیارییەكانیش لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوسۆزی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە كە چەند مانگێكە بەهۆی كێشە سیاسی و داراییەكانەوە مووچەیان وەرنەگرتووە و داوای چارەسەری ئەو دۆسێیەی كردووە.

عەلاوی . . دانوستانكارە شێلگیرەكە
ئێستا كە پرسی گفتوگۆ و رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە وەزیری دارایی عێراق سپێردراوە دەشێ‌ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەواڵێكی دڵخۆشكەر نەبێت، بەوپێیەی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق یەكێكە لەو كەسانەی بەردەوام باس لەوە دەكات كە پێویستە هەرێمی كوردستان پابەندی بڕگە دەستورییەكان و رێككەوتنە سیاسییەكان بێت ئەوجا داوای شایستە داراییەكانی بكات، هاوكات یەكێكە لەو كەسانەی بەردەوام هەڵوێستەكانی دژی سیاسەتی دارایی هەرێم هەڵوێستێكی تووندن و پێیوایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانبەران و مووچەخۆرانی برسی كردووە و دەیانچەوسێنێتەوە.

لە ناوەراستی ئەم مانگەدا، خودی وەزیری دارایی عێراق بەیاننامەیەكی توندی بەناوی وەزارەتەكەیەوە لە بەرامبەر بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا دەركرد و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتبار كرد كە گەلی خۆیان برسی دەكەن.

لەو بەیاننامەیەدا دارایی عێراق لەبارەی كێشەكانی هەولێر و بەغداد دەڵێت، حكومەتی هەرێم نەرمیی پێویستی بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە نەنواند و دواتریش هەوڵی دا باری گلەیی دەربارەی گوژمە داراییەكان بخاتە ئەستۆی حكومەتی فێدراڵ پێش ئەوەی بابەتی داهاتەكان یەكلا بكاتەوە. ئەمەش لە بەرامبەر پەرۆشیی حكومەتی فێدراڵ بۆ بەدیهێنانی خواستی فەرمانبەران و خانەنشینان و موستەحەققان، خۆدزینەوەیەكی قبوڵنەكراوە لە بەرپرسیاری لە چوارچێوەی رێوشوێنە یاساییەكان، بە جۆرێك كە نەبنە مایەی لێبڕین و بەفیڕۆدانی مووچەكانییان.

هەروەك لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا دژی سیاسەتی دارایی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق وتی، وەزارەتی دارایی دووپاتی دەكاتەوە كە حكومەتی فێدراڵ پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی یەكلاكەرەوەی ئەم بابەتە لە كەش و هەوایەكی دۆستانە و لە چوارچیوەی دەستووردا. هەروەها ئاماژە بە رێنماییەكانی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، موستەفا كازمی دەكات كە چەختی كردۆتەوە لەسەر گەیشتن بە چارەسەری پێویست و دەربڕینی نەرمیی ئەوتۆ كە مافەكانی گەلی كوردستان بەدەست بێنێت، كە بە دەست بارودۆخی تەندروستی و ئابووریی دژوارەوە ،بەتایبەتی توێژی مووچەخۆران و خانەنشینان و موستەحەققان، دەناڵێنن. 
لەم رووەوە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لە بەجێهێنانی ئیلتیزامەكان و ئەركە دەستوورییەكانی پەلە بكات.

هەر خودی ئەم كورتەیەی دواین بەیاننامەی وەزارەتی دارایی عێراق و تێڕوانینیان بۆ سیاسەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەسە بۆ ئەوەی بە ئاسانی هەست بەوە بكرێت كە دانوستانكارێكی تووند و شێلگیر لە بەغداد چاوەڕوانی وەفدی هەرێمی كوردستان دەكات كە ئەویش وەزیری داراییە.