ڕاپۆرتی جیهانی

01:48 - 18/09/2020

ئایا بیل گیتس ڤایرۆسی كۆرۆنای دروستكردووە؟‌

لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكەوە لە ڕێگەی میدیاكانەوە باس لەوە دەكرا كە كۆڤید 19 دروستكراوی دەستی مرۆڤ و تاقیگەكانی وهانی چینە، دواتریش گوترا  بیل گەیتس گەورە سەرمایەداری جیهانی لەپشتی دروستكردنی ئەو ڤایرۆسەوەیە و ئامانجەكەشی كۆكردنەوەی سەرمایەیەكی زیاترە، گیتس وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە باس لەوە دەكەن كە ئەو ڤایرۆسی كۆرۆنای دروستكردووە.

مانگی داهاتوو ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بەردەست دەبێت
بیل گیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكروسوفت و گەورە دەوڵەمەندی جیهانی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ گۆڤاری دێرشپیگڵ ی ئەڵمانی رایگەیاند پێی وایە مانگی داهاتوو ڤاكسینی كۆرۆنا رەزامەندی بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بۆ حاڵەتی ناچاری بەكاربهێندرێت، دەشڵێت دەرفەتێكی كەم لە بەردەم كۆمپانیاكانی فایزر و مودیرنا هەیە بۆ ئەوەی تا كۆتایی مانگی داهاتوو زانیاری پێویست بخەنە ڕوو تاوەكو داوای رەزامەندی رێگەپێدان بكەن بۆ ڤاكسینەكانیان.

من كۆرۆنام دروست نەكردووە
بیل گیتس هۆشداریدا لەو دەنگۆیانەی لەچوارچێوەی بیردۆزی پلانگێریدا لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو ڤایرۆسی كۆرۆنای دروستكردووە و رایگەیاند ئەو بۆتە قوربانی، و راشیگەیاند بەهیچ شێوەیەك ئەو لەپشت ڤایرۆسی كۆرۆناوە نیە، ئەو سەرمایەدارە ئەمریكیە گوتی " ئەو بۆچوونانە شێتانەیە و بەخێرایی لەناو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاودەكرێنەوە"

میدیاكان چۆن باسی گیتس و كۆرۆنا دەكەن
چەندین وتار و وێنە هەن كە بەشێوەیەكی فراوان بڵاوكراونەتەوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان كە لەیەكێك لەو گرتە ڤیدیۆیانەدا بیل گیتس بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە دەیەوێت 15%ی دانیشتوانی جیهان بمرن لەژێر پەردەی كوتان بەڤاكسین و ملیۆنان كەسیش ئەو گرتە ڤیدیۆیەیان لە یوتوب بینیوە.

بیل گیتس 20 ملیار دۆلاری بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆس تەرخانكردووە
لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا كەناڵی دوچەڤێلەی ئەڵمانی دەڵێت بیل گیتس لەچوارچێوەی دامەزراوەی " بیل و میلیندا گیتس " 20 ملیار دۆلاریان بۆ ڤاكسینی دژە ڤایرۆس تەرخانكردووە لە دەیەی رابردوودا.

ڤاكسینی زۆر لەساڵی داهاتوودا بەردەست دەبێت
بیل گیتس دەڵێت ئەو دڵنیایە سێ یان چوار ڤاكسینی ئەو شەش كۆمپانیایە " ئەسترا تسینیكا و دجونسون و نوڤاڤاكس و سانوڤی و فایزر و مودیرنا" لەسەرەتای ساڵی 2021 دا رەزامەندی بۆ دۆخی ناچاری وەردەگرن.

بۆ رزگاركردنی گیانی خەڵك پارەمان زۆر خەرج كردووە
لەو چاوپێكەوتنەدا بیل گیتس دەڵێت " دامەزراوەكەی ئێمەی لەهەر گروپێكی تر پارەی زیاتر خەرجكردووە بۆ كڕینی ڤاكسین بەمەبەستی رزگاركردنی گیانی خەڵك، و هیوادارم ئەو بیردۆزی پلانگێریە نەبێتە هۆی ئەوەی خەڵك لەو ڤاكسینە رابكات كاتێك پێی دەگات".

ئەو ملیاردێرە ئەمریكیە دەڵێت " ئێمە ڕووبەڕووی كۆرۆنا دەبینەوە ئەوەی گرنگە لەهەر كاتێك زیاتر ڕووبەڕووی راستیەكان ببینەوە و دەمەوێت بانگەشە و ریكلام بۆ بەكارهێنانی ڤاكسین بكەم بۆ رزگاركردنی ژیانی خەڵك، من شانازی دەكەم بەوەی گیانی دەیان ملیۆن كەس لەرێگەی ڤاكسینێكەوە رزگار بكەین كە ئێمەش بەشدارین تێیدا"