ڕاپۆرتی کوردستانی

03:31 - 25/11/2020

چیرۆکی مەرگی خێزانێکی کورد لە ڕێگای بەریتانیا‌

ماوەیەک پێش ئێستە ڤیدیۆی کیژۆڵەیەکی کوردی ڕۆژهەڵات بڵاوبوویەوە، لە مانگی ڕابردوودا و لەگەڵ خێزانەکەی، لەڕێگەی بەریتانیا و کەناڵێکی ئینگلیزی خنکان. ئەم ڤیدیۆیە پیشاندەری هەوڵی خێزانەکانە بۆ دەست گەشتن بە داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانیان ڕێگەی مەترسیداری کۆچ دەگرنەبەر.

ئانیتا ئێران نەژاد


ئانیتای 9 ساڵە لە کلیپەدا هاوکات دەتوانێت پێبکەنێت و بگری "ناوم ئانیتا ئێران نەژادە. خەڵكی سەردەشتم."


ئەمە ئەزمونێکی ئەکتەری بوو بۆ فیلمێکی ناوخۆی بەناوی "درەختی گوێز"، کە بڕیابوو لە نیشتیمانی خۆی بەرهەمبهێنرێت. لە پشتی کامێراکەوە، دەنگی پێی باوکی، رەسوڵ ئێران نەژاد دەبیسترێت، بە ئاارامی هانیدەدات "بڵێ...دەمەوێت ببم بە ئەکتەر"


ئەم ڤیدیۆیە باوکێک نیشاندەدات کە دەیەوێت کیژۆڵەکەی بەدوای ئارەزوەکانی بکەوێت، بەڵام ئەم ئارەزوە بۆ کیژێک لە ناوچەیەک،کە هەم دوچاری هەژاری ئابوری بووە و هەم فشاری سیاسی تێدایە، کارێکی ئاسان نییە.


خێزانی ئانیتا خەڵکی سەردەشتن، شارۆچکەیەکی کوردنشینە لە سنورەکانی ڕۆژئاوای ئێران لەگەڵ عێراق.

ئارتین ئێران نەژاد

 
نزیکەی ساڵێک دوای ئەزمونی ئەکتەری ئانیتا، بابە ڕەسوڵ، دایە شیوا و براکانی "ئارمینی شەش ساڵە و ئارتین 15 مانگە" ڕێگەی پڕمەترسی کۆچ بۆ ئەوروپا دەگرنەبەر.


بەڵام ئارەزوەکانی خێزانی ئانیتا بۆ داهاتوویەکی باشتر و جێگایەکی ئارامتر، ڕۆژی 27 تشرینی یەکەم لە کەناڵێکی ئینگلیزی بە نائاکامی دەمێنێتەوە. بەلەمێكی بچووک لە بارودۆخێکی ناجۆردا ڕێگەی بەریتانیا دەگرێتە بەر، چەند کیلۆمەترێک دوای دەستپێکردنی گەشتەکەیان بەلەمەکە سەرنگون دەبێت. دایە شیوا و منداڵەکانی بەبێ جلوبەرگی سەلامەتی لە بەلەمەکەدا گیردەخۆن.


رەسوڵ ئێران نەژادی 35 ساڵە و خێزانەکەی لە سەرەتاکانی مانگی ئابدا ئێران جێدەهێڵن. خزمە نزیکەکانیان ڕاستەوخۆ دەربارەی گەشتەکەیان هیچیان پێنەگوتن، بەڵام دنیایەک هۆکار هەبوو ئاواتبخوازن لە جێگەیەکی دیکەدا، ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن.


سەردەشت دەکەوێتە پارێزگای ورمێ، وەک زۆرێک لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران دوچاری کێشەی زیاتر بووەتەوە بەبەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئێران وەک نەبوونی پیشەسازی سەرەکی، ناوچە سنورییەکان یەکێکن لەو ناوچانەی ئێران زۆرترین ئاماری بێکاریان تێدایە.


 زۆربەی خەڵكی سەردەشت ناچارن کۆڵبەری و قاچاخچێتی کاڵا بکەن لە سنوری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران. ئەم کارە قازانجێکی زۆری تێدا نییە، بۆ هەرجارێک کەمتر لە دە دۆڵاریان دەستدەکەوێت، بەڵام ڕێگایەکی مەترسیدارە.


لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان کۆڵبەر بە گوللەی پاسەوانانی سنور کوژراون و بریندار بوون. زۆرێکیشیان لە شاخە سەختەکاندا کەوتنەخوارەوە یان لەژێر بەفری بەفرانباردا ڕەقبوونەوە.
سەردەشت ناوچەیەکی تەواو ئەمنی و سەربازییە. لە شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە، ئەم ناوچە شاخاوی و سنورییە لانکەی هاتووچۆ و پێكدادانەکانی حزبە چەکدارە کوردییەکان و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووە.

کەمپی پەنابەران لە فەرەنسا
لەناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا، خۆپیشاندان بە توندی سەرکوتدەکرێت و دادگا بڕیاری زۆر توند دەدات دژیان. بە گوتەی نەتەوە یەکگرتوەکان، کوردەکان لانیکەم نیوەی زیندانیانی سیاسی ئەم وڵاتە پێکدەهێنن. ئاماری لە سێدەردانی زیندانیانی ئەمنی و سیاسی لەم ناوچانەدا زۆر بەرزە.


یەکێک لە هاوڕێکانی شیوا بە بی بی سی ڕاگەیاند، رەسوڵ ئێران نەژاد لەدەست حکومەت هەڵهات. هاوڕێکەی دەڵێت شیوا هەموو ماڵ و موڵكیانی فرۆشتن و لە خزم وکەسوکاریش پارەی قەرزکرد، تاوەکو تێچووی گەشتە قاچاخەکەیان بۆ ئەوروپا دابین بکەن، ئامانجی ئەوان گەشتن بوو بە بەریتانیا.


یەکەمین وێستگەی گەشتەکەی خێزانی ئانیتا تورکیا بوو، پارچە ڤیدیۆیەکی تۆمارکراوی رەسوڵ هەیە خەریکی چڕینی گۆڕانی کوردیە، لە کاتێکدا خێزانەکەی چاوەڕواننن قاچاخچییەکان بیانگەیەننە ئەوروپا.
"دڵـم ژانەکات، خەمێکی مەزنە...بەڵام چیبکەم دەبێت کوردستان جێبهێڵم و بڕؤم..." ئەمە گۆرانیەکەی رەسوڵە. ئارمینی کوڕی بە دڵشادیەوە پێدەکەنێت. کوڕە بچوکەکەشی بە تاتی تاتی بەرەو ڕویدێت و لەسەر چۆکی دادەنێت. ئەوان لە ژورێکی گەورەدا لەگەڵ پەنابەرانی دیکە دانیشتوون.


سەردەمێک تورکیا وێستگەی کۆتای هەزاران پەنابەری ئێرانی بوو، بەڵام لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، بارودۆخی سیاسی تورکیا ئەم لانکەیەی لە ئێرانیەکان شێواندوە. بەگوێرەی ئاماری نوسینگەی  کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان، سەدان پەنابەری سوریا رویانکردۆتە ئەم وڵاتە.


هەندێک لە پەنابەران ئاماژە بەوەدەدەن، هێزە ئەمنیەکانی تورکیا پەنابەرانی ئێرانی و بەتایبەت کوردەکان لە بنکەکانی پۆلیسدا ئازاردەدن یان لەگەڵ هاتنەناوەوەیاندا، دەیانگێڕنەوە بۆ ئێران. هەر لەبەر ئەمە بوو ڕەسوڵ و شیوا نەیانویست لە تورکیادا داوای پەنابەری بکەن لە نەتەوە یەکگرتوەکان.


لە مانگی تشرینی یەکەمدا ، قاچاخچیەکان ئەم خێزانەیان بەبڕی 24 هەزار یۆرۆ لە ڕێگەی کەشتیەوە لە تورکیاوە گەیاندە ئەوروپا و پاشان بە کامیۆن گەیاندنیانە کەمپی پەنابەران لە کەنارەکانی باکوری فەرەنسا.
شارلۆت دیکنتەر، خۆبەخش لە ڕێکخراوی خێرخوازی "ئادرا" لە شاری کەناردەریای دانگێخکی فەرەنسا دەلێت شیوای لە گران-سینت، ئۆردوگای سەرەکی پەنابەران و کۆچبەرانی ئێرانی بینیوە لەکاتی دابەشکرد خواردندا "شیوا ئومێدەوار و چالاک بوو".


لە کەمپی پەنابەرانی فەرەنسا پارەکانی شیوا و رەسوڵ دەدزرێن. بی بی سی دەستی گەیشتووە بە نامەکانی شیوا سێ ڕۆژ پێش سەرنگونبوونی بەلەمەکیان. شیوا لە نامەیەکیدا بۆ هاوڕێیەکی لە کالەی فەرەنسا دەنوسێت ، گەشت بە بەلەم مەترسیدارە، بەڵام پەرەیان پێنیە بۆ گەشتەکەیان بە کامیۆن، چونکە تێچووی کامیۆن زیاترە.


لەنامەکەدا باس لەوەدەکات " ئەزانم مەترسیدارە بەڵام چارەمان نییە". شیوا بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەدات بۆ دەسکەوتنی مافی پەنابەرێتی خێزانەکەی هەوڵدەدات "هەزاران خەفەت لە ناخمایە و ئێستا کە لە ئێران ڕۆشتووم دەمەوێت ڕابردووم لەبیربکەم."


یەکێک لە هاوڕێکانی رەسوڵ کە خۆی بە "ئاوارە" ناساند و لە ئێرانەوە تاوەکو فەرنسا هاوگەشتی ئەم خێزانە بووە. ئاوارە ئاماژە بەوە دەکات بەیانی زووی 26 تشرینی یەکەم لە دانگێختی فەرەنساوە، لە کەناراوەکانی لۆن-پلازا، ڕێگەمان گرتەبەر.

کەناراوەکانی لۆن-پلازا
ئەو ڕۆژە کەشوهەوا زۆر ناهەموار بوو، خێرای با دەگەشتە 30 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، بەرزی شەپۆلەکان دەگەشتنە مەتر و نیوێک. ئاوارە لە گەشتەکە پەشیمان دەبێتەوە دەڵێت ئەوەناهێنێت خۆم بخەمە مەترسیەوە " ترسابووم. نەڕؤشتم. لە ڕەسوڵ پاڕامەوە ئەویش نەڕوات، بەڵام گوتی چارەیەکی دیکەی نییە."


براکەی ڕەسوڵ لە ئێران دەڵێت، بڕی 200 ملیۆن تمەنی داوە بە قاچاخچییەکان بۆ پەڕینەوەی خێزانەکە بۆ بەریتانیا. 


ئیبراهیم محەمەد پور، ئەکتەر و بەڵگەنامە دروستکەری 47 ساڵەی خەڵکی سەردەشت لەگەڵ براکەی محەمەدی 27 ساڵە و کوڕە 17 ساڵانەکەی لەهەمان بەلەمدا بوون. ئەو دەلێت بەلەمێکی بچووک بوو، بۆ هەڵگرتنی هەشت کەس دروستکرابوو، بەڵام قاچاخچیەکان 23 کەسیان "تێتەپاند"بوو. ئیبراهیم دەلێت "چاومان بەسترابوو، چونکە لەم گەشتەدا زۆر ئازارمان چەشتبوو. یەکەمجار بیرمکردەوە نامەوێت سواری ئەم بەلەمە ببم، بەڵام دواتر گوتم سوارەبم تاوەکو رزگارمبێت لەم نارەحەتییە و بگەمە شوێنی مەبەست."

ئیبراهیم محەمەد پور، ئەکتەر و بەڵگەنامە دروستکەری خەڵکی سەردەشت ، دەڵێت ناتوانم ئەم ڕوداوە لەبیربکەم
یاسینی 16 ساڵەی خەڵکی سەردەشتیش لەم بەلەمەدابوو. تەنها ئەم و دوو کەسی تر پەسەکی مەلەکردنیان لەبەرکردبوو. ئەو دەڵێت هیچ یەکە لە ئەندامانی خێزانەکەی ئانیتا پەسەکی ڕزگاربوونیان لەبەردا نەبوو. 22 پەنابەری خەڵكی سەردەشت بوون و ناخودای بەلەمەکەش پەنابەرێکی باکوری ئێران بوو.


ئانیتا، دایکی و براکانی چوونە کابینە شوشەیەکەی بەلەمەکەوە، ئەوێ گەرمترین و سەلامەترین جێگە دیاربوو، بەلام بوو بە تەڵەی مەرگ بۆیان.
بە گوتەی ئیبراهیم، نزیکەی هەشت بۆ نۆ کیلۆمەتر ڕۆشتن، بەلەمەکە پڕبوو لە ئاو "هەوڵماندا ئاوەکەی بکەینە دەرەوە بەڵام نەکرا. ویستمان بگەڕێینەوە بۆ کالە، بەڵام نەمانتوانی."
محەمدی برای دەڵێت پەنابەرەکان ترسان و لەلایەکەوە بۆ لایەکەی دیکەی بەلەمە دەڕۆشتن تاوەکو بەلەمەکە سەرنگون بوو.


شیوا و منداڵەکانی لە کبینەی بەلەمەکەدا گیریان خواردبوو. ئیبراهیم دەڵێت رەسوڵ چووە ژێر ئاوەکە و هەوڵیدا ڕزگاریان بکات. دواتر هاتەدەرەوە و هاوری کرد یارمەتیم بدەن.
پێشڕەو، گەنجێکی 27 ساڵەی خەڵکی سەردەشتە و خوێندکاری بەشی ئابوری بوو لە زانکۆ. ئەویش لەم بەلەمەدا بوو. پێشرەو دەڵێت هەوڵی ئەوان بۆ شکاندنی شیشەی کابینەکە بە چەقۆی مۆکێتبڕ بێهودەبوو "ئارتینی بچکۆلەم بینی لە کابینەکەدا سەرئاو کەوتبوو".


رەسوڵی برای شیواکە لە ئەڵمانیا پانەبەرە دوای سەرنگونبوونی بەلەمەکە دێتە فەرەنسا. ئەو لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا گوتی بیستومە رەسوڵی زاوام توانیویەتی ئارتین بهێنێتە دەرەوە، و دواتر گەڕابوەوە تاوەکو ئەونی دیکە ڕزگاربکات، بەڵام شەپۆلەکان ئارتینیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.


ئیبراهیم محەمەد پور ئانیتای بینیوە کەتبوەوە سەرئاوەکە، بەگریانەوە ئەم ساتە خەفەتبارە دەگێڕێتەوە"منداڵەکەم لەئاوەکە دەرهێنا، وامەزانی هێشتا زیندوە. بەدەستێکم بەلەمەکەم گرتبوو بەدەستەکی دیکەم ئانیتا، ڕمدەوەشاند بزانم ماوە یا نا، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو." بەدەم گریانەوە گوتی "ناتوانم لەخۆم خۆشبم."


بە گوتەی محەمەدی برای ئیبراهیم، رەسوڵ  هاتە دەرەوەو دەستی گرتبوو بە بەلەمەکەوە و هاواری ناوی ئەندامانی خێزانەکەی دەکرد "ئانیتا...ئارتین...شیوا...و دواتر بە ئەنقەست دەستی بەردا لە بەلەمەکە و خۆی سپارد بە شەپۆلەکان تاوەکو بمرێت.

ڕەسوڵ ئێڕانی نەژاد و کورە بچوکەکەی، شیوا پەناهی، ئانیتا و ئارمین

 
بە گوتەی بەرپرسانی فەرەنسا، سەعات 9:30 بەیانی بەکاتی فەرەنسا، کەشتیەکی چارۆکەدار کە لەوێوە تێدەپەڕی، نیشانەی ئاگادارکردنەوەی هەڵدەکات و دەچێتە هانای پەنابەرەکانەوە. یەکەمین کەشتی فریاگوزاریش بەگوتەی ئەوان 17 دەقیقە دواتر دەگات.


 15کەسیان ڕزگارکران و چوار تەرمیان لە ئاوەکەدا دەرهێنا. خوشک وبراکەی شیوا سەیری تەرمەکانیان کرد، ئەوانە تەرمی خێزانەکەی ئانیتا بوون، بەڵام هیچ شوێنەوارێکی ئارتینی 15 مانگە نییە. بەرپرسانی ناوچەی ئاماژە بەوەدەدەن، ئارتین لە دەریادا گومبووە.


سێ ڕۆژ دوای سەرنگونبوونی بەلەمەکە، ئیبراهیم محەمەد پور، کوڕ و براکەی بە پێدانی 2500 پاوەند بە قاچاخچییەکان، خۆیان گەیاندە بەریتانیا. وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بەتەمایە ئەو کەسانە لە ڕێگەی کەشتیەوە دەگەنە ئەم ولاتە بیانگێرێتەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێیهاتوون وەک فەرەنسا و بەلجیکا.


چیرۆکی خیزانی ئانیتا، چیرۆکی هەزاران خێزانی ئێرانییە کە بۆ داهاتوویەکی باشتر و ئاسایشتر بۆ نەوەکنایان و بەتایبەت کچەکانیان، نیشتیمان جێدەهێڵن و مەترسی گەشتەکەیان بەگیان دەکڕن. بە تێڕوانین لە بارودۆخی خراپی ئابوری ئێران و فشاری سیاسی لەم وڵاتەدا، وا چاوەڕانناکرێت شەپۆلی پەنابەرانی ئێرانی بەم زویە کۆتای بێت. ئەگەری زۆرە خێزانی تر وەک خێزانەکەی ئانیتا دوچاری هەمان قەدەر ببنەوە.