ڕاپۆرتی جیهانی

12:49 - 26/11/2020

گەشتی بەر لە ماڵئاوایی؛ پۆمپیۆ چی بۆ ئیسرائیلییەکان دەکات؟‌

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کەسە هەرە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپە، بەردەوام پشتیوانی کردووە و هاوکاری گەورەی سەرۆک بووە، ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپی ئاڕاستەکردووە و بە خواستی ترەمپ هەڵسوکەوتی کردووە پۆمپیۆ بووە. لە ئێستادا لە دوایین گەشتیدایە بۆ بەشێک لە وڵاتانی جیهان و ئامانجی سەرەکیشی دووپاتکردنەوەی پشتیوانییە بۆ تەلئەبیب.

ئاوازی قاز
"ئاوازی قاز" بە دوایین کاری کەسێک دەوترێت کە پێش خانەنشینبوون یان مردن ئەنجامی دەدات، لە ئێستادا بە دوایین گەشتی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەشێک لە وڵاتانی جیهان دەوترێت گۆرانی یان ئاوازی قاز.

مایک پۆمپیۆ دەبێت بە یەکەم وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە سەردانی ناوچەیەکی جولەکەنشین لە کەرتی رۆژئاوا دەکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە، ئەمەش بۆ جەختکردنەوە لە پشتیوانیکردنی ئیدارەی ترەمپ بۆ سیاسەتی فراوانخوزای راستڕەوەی ئیسرائیلی.

ئەمە یەکەم پشتیوانی پۆمپیۆ نییە بۆ سیاسەتی جولەکەنشینی ئیسرائیلی لە فەڵەستین، ساڵی رابردووش بۆچوونێکی وەزارەتی دەرەوەی هەڵوەشاندەوە کە ئۆردوگا جولەکەنشینەکانی بە نایاسایی ناوبردبوو.

یەکەم وەزیری دەرەوە
دوای ئەوەشی ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا دان بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا دەنێت، پۆمپیۆ لە قودس ئامادە بوو، دواتریش و لەم سەردانەیدا بۆ ئیسرائیل سەردانی جۆلانی کرد، بەمەش بوو بە یەکەم وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی جۆلانی داگیرکراو بکات.

ئیسرائیل لە جەنگی عەرەب ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ دەستی بەسەر کەرتی رۆژئاوا و بەرزاییەکانی جۆلاندا گرت و داگیری کردن، لە دوای ئەم ساڵەشەوە سەرجەم گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ فەڵەستین و سوریا لەسەر ئەم ناوچانە شکستیان هێناوە.

دووپاتکردنەوەی پشتیوانی
ئەم سەردانەی پۆمپیۆ بۆ بەشێک لە وڵاتان و بەتایبەت ئیسرائیل، وەک پیشاندانی سەرکەوتن و گۆڕانکارییەکانی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ چاوی لێدەکرێت.

سەردانەکە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی پۆمپیۆش دەبینرێت بۆ خۆئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ٢٠٢٤، بەتایبەت کە چووە کڵێسای ئنجیلی کە لایەنگری کۆمارییەکانی ئەمریکان.

بەشێکی دیکەی ئەم سەردانە بۆ ئەوەیە ئیتر لەبری ئەوەی لەسەر بەرهەمەکانی ئەم ناوچە داگیرکراوە بنووسرێت "بەرهەمهێنراوی کەرتی رۆژئاوا" بنووسرێت "بەرهەمهێنراوی ئیسرائیل"، ئەمەش هەوڵێکی دیکەی ئیدارەی ترەمپە بۆ سیاسەتی جولەکەنشینیی ئیسرائیل.

لەپێناو ئیسرائیل
گەشتەکەی پۆمپیۆ بۆ ئەم ناوچە داگیرکراوانە، دانپێدانانی فەرمیی ئەمریکایە بە لکاندنی بەشێکی گەورەی فەڵەستینی داگیرکراو بە ئیسرائیلەوە.

ئەم گەشتەی پۆمپیۆ و پشتیوانیکردنی سیاسەتی جولەکەنشینی ئیسرائیل، هەوڵێکی خێرای ئیدارەی ترەمپیشە بۆ ئەوەی ئیدارەکەی جۆ بایدن نەتوانێت ئەم بڕیارانە هەڵبوەشێنێتەوە، واتە سەردانەکە بە تایبەت بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیلە.

ئیدارەی ترەمپ و نەتەنیاهوش ترسیان لە ئیدارەی بایدن هەیە کە دژی سیاسەتی جولەکەنشینیی بێت، بەتایبەت کە جۆ بایدن بە ئاشکرا وتویەتی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی کلاسیکی ئەمریکیی کە وەک خاکی داگیرکراو لە کەرتی رۆژئاوا و بەرزاییەکانی جۆلان دەڕوانێت.

چاوەڕوان دەکرێت جۆ بایدن دیپلۆماسییەتی ئیدارەکەی لەگەڵ فەڵيستینییەکان بەهێز بکات، ئەو دیپلۆماسییەتەی لە سەردەمی ترەمپدا کۆتاییپێهات، چاوەڕوانیش دەکرێت هاوکارییەکان بۆ فەڵەستینییەکان دەستپێبکاتەوە کە ترەمپ بڕیبووی.

لەگەڵ ئەوەشدا جۆ بایدن بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر ئیسرائیل و هاوکاریکردنی، واتە چاوەڕوانی سیاسەتێکی زۆر جیاواز ناکرێت.

ئێران
یەکێک لە بابەتەکانی پەیوەست بە دواین هەفتەکانی دەسەڵاتەکەی ترەمپ، دۆسییەی ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکە و سزاکانی سەر تارانە، بەتایبەت کە بایدن رایگەیاندووە ئەگەر ئێران پابەندییەکانی جێبەجێبکات ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کە ترەمپ پشتی تێکردووە.

ئەگەر جۆ بایدن بگەڕێتەوە سەر رێککەوتنی ئەتۆمی هەموو ریسەکە دەکاتەوە بە خوری و وەک کودەتایە بەسەر سیاسەتی چوار ساڵی رابردووی دۆناڵد ترەمپدا، کە سیاسەتی دوا فشار بوو لەسەر تاران، ئەوەش لە رێگەی سزا ئابوورییەکانەوە، ئامانجیش ئەوە بوو ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت و مەرجەکانی واشنتن قبوڵ بکات.

چەند رۆژێکە ئیدارەی ترەمپ دەستی بە سەپاندنی ژمارەیەکی دیکەی سزا بەسەر تاراندا کردووە، بەپێی زانیارییەکانیش لە وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکاوە، کۆمەڵێک سزای دیکە بۆ سەر ئێران بەڕێوەیە.

ترس لە لێدانی ئێران
لە ئێستادا بەشێک لە بەرپرس و پسپۆڕانی ئەمریکا ترسی ئەوەیان هەیە دۆناڵد ترەمپ تەنانەت هێرش بکاتە سەر ئێران بەتایبەت بنکە ئەتۆمییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ترەمپ لەبارەی بژاردەکانی هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران پرسیاری لە راوێژکارەکانی کردووە.

لێدان لە ئێران لە یەمەنەوە
هەر لە چوارچێوەی سزاکانی ئەمریکا و فشار خستنە سەر تاران، ئیدارەی ترەمپ بە نیازە حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن بخاتە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش رێک پێچەوانەی سیاسەتی تیمەکەی جۆ بایدنە کە بە نیازن کۆتایی بە جەنگی یەمەن بهێنن، ئەمەش لە رێگەی راگرتنی هاوکارییەکان بۆ سعودیە و ئیمارات لە دژی حوسییەکان.

بۆ رێگرتن لەم هەوڵەی ئیدارەکەی ترەمپ لەبارەی جەنگی یەمەن، ٥٥ پسپۆڕی یاسایی دیموکراتەکان و پێنج رێکخراو دوو کۆنووسیان بۆ پۆمپیۆ نووسیوە، لە کۆنووسەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر حوسییەکان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە دەبێتە رێگر لە بەردەم هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییهێنان بە یەکێک لە قەیرانە مرۆییە گەورەکانی ئێستای مرۆڤایەتی کە قەیرانی یەمەنە، ئەو قەیرانەی هەزاران کوژرا و سەدان هەزار مرۆڤی هەژار و برسی هێناوەتە ئارا.

وەک چۆن بەشێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەم هەوڵەی ئەمریکا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی حوسییەکان لەسەر خواستی سعودی و ئیماراتییەکانە، بەشێکیشە لە درێژەی سیاسەتی فشارخستنە سەر تاران و هاوپەیمانەکانی.

ئیسرائیل دواین ئامانجە
لەگەڵ ئەوەی گەشتەکەی پۆمپیۆ بۆ چەند وڵاتێکە بەڵام ئامانجی سەرەتا و کۆتایی بۆ پشتیوانیکردنی ئیسرائیلە، بۆ پیشاندانی دۆستایەتیی و دڵسۆزییانە بۆ ئیسرائیلییەکان، دووپاتکردنەوەی سیاسەتی چوار ساڵەی دیموکراتەکانە سەبارەت بە ئیسرائیل.

زیادبوونی فشارەکانی سەر تاران و هەوڵەکانی بە تیررۆریست ناساندنی حوسییەکانیش هەر لە پێناو بەرگریکردنە لە سیاسەتی ئیسرائیل، چونکە هەر فشارێک بۆ سەر ئێرانییەکانە، پشتیوانییە بۆ ئیسرائیلییەکان.