ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:52 - 26/11/2020

مادەی چواری تیرۆر؛ مادەیەک بۆ بنبڕکردنی تیرۆر یان سەرکوتکردنی ئازادی و ناڕەزایەتی‌

لە ساڵی ٢٠٠٥وە لە عێراقدا سەدان کەس بەپێی مادەی چواری تیرۆری یاسای ١٣ی کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقیی سزا دراون، بەشێک لەم کەسانە بێتاوان بوون و بەبێ هیچ بەڵگەیەک یان بۆ هەمیشەیی سزا دراون یان لەسێدارەدراون، چالاکوانانی عێراقیش پێیان وایە ئەم مادەیە بووە بە ماددەیەک دژ بە ئازادیی و ناڕەزایەتییەکانی چالاکوان و رەخنەگران.

یاسای دژ بە "تیرۆر"
ساڵی ٢٠٠٥ کە دۆخی ئەمنیی عێراق چووە قۆناغێکی سەختەوە، کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراقیی یاسای ١٣ی دەرکرد، کە تێیدا سزای لەسێدارەدان و زیندانیی هەمیشەیی بۆ هەر کەسێک دەبڕایەوە کاری تیرۆریستی بکردایە و یان هەوڵی شاردنەوەی تیرۆریستانی بدایە. ئەم یاسایە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا سەدان کەسی بەرەو زیندانیی هەتاهەتایی و پەتی سێدارە برد، لە کاتێکدا هیچ تاوانێکیان نەبووە.

مادەی چواری ئەم یاسایە دەڵێت، " سزای لەسێدارە بۆ هەرکەسێکە کە کاری تیرۆریستی ئەنجام بدات"، "زیندانی هەمیشەییش بۆ هەرکەسێک دەبڕدرێتەوە کە کە تیرۆریست بشارێتەوە و داڵدەی بدات." ئەمە سەرەڕای ئەوەی ماددەکانی دوو و سێی ئەم یاسایە رێگریی لە هەر کردەیەک دەکات توانای هێزە ئەمنییەکان لاواز بکات و لە یاسا دەرچوون بێت.

تەڵەی چالاکوانان
بەشێک لە سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، میلیشیا چەکدارەکان بە هاوکاری بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان سود لە مادەی چواری ئەم یاسایە دەبینن و دەیقۆزنەوە بۆ تۆمەتبارکردنی رۆژنامەنووس و چالاکوانان بەتایبەت ئەو کەسانەی دژایەتی ئەم میلیشیایانە دەکەن، ئامانجێکی دیکەشیان پڕکردنی زیندانەکانە تاکو گرێبەستەکانی خۆیان لەبارەی کاروباری زیندانەکان بەدەستبهێینن و زۆرترین سودی مادی بکەن.

ئەم میلیشیا چەکدار و هێزە عێراقییانە مادەی چواریان کردووە بە تەڵە و تۆڕێک بۆ گرتن و راوکردنی ئەو کەسە ناڕازییانەی دژایەتی گەندەڵیی و بوونی ئێران و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تاران دەکەن. بەم جۆرە هەرکەسێکیان ویست دەتوانن بەم مادەیە تۆمەتباری بکەن و تاکو پەتی سێدارەش ببەن.

کازمی و مادەی چوارشەممە مستەفا کازمی بە ژمارەیەکی زۆر بەڵین و هیواوە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرت، بەتایبەت کە دوای ناڕەزایەتییەکی زۆری شەقام ئەم هەلەی بۆ رەخسا و بوو بە مایەی ئۆمێسی بەشیک لە خۆپیشاندەران، بۆیە هەوڵی تەواوی داوە دژایەتی گروپە چەکدارەکان بکات کە یاسا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن.

کازمی لە مانگی مایسی ئەمساڵ سەردانی چەند زیندانێکی کرد و دووپاتیکردەوە کە "زیندانەکان لە خۆپیشاندەران چۆڵ دەبێت"، لیژنەیەکیشی پێکهێنا بەمەبەستی دەرخستنی راستییەکان لەبارەی هەبوونی زیندانی نهێنیی کە بۆ خۆپیشاندەران دروستکراون، بەڵام دواتر هیچ کارێکی جددی و گرنگ لەم بارەیەوە ئەنجام نەدرا.

میلیشیاکان
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی سەدام حسێن، هەر ماوەیەک و گروپ و میلیشیایەکی چەکدار سەریانهەڵدەدا، هەر گروپ و میلیشیایەک سەر بە وڵات و لایەنێکی دیاریکراو بوون، بەڵام زۆربەی هەرەزۆری میلیشیا و گروپە چەکدارەکان سەر بە ئێران یان نزیک لە ئێران بوون، هەر حکومەتیکیش هاتبێت هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم میلیشیا چەکدارانەدا بپارێزێت، چونکە زانیویانە چەند بەهێز و خاوەن هەژموونن.

زیاد سنجری وتەبێژی روانگەی ئەفاد بە پێگەی ئەلحورەی وتووە میلیشیا و حزبەکان دەستیان بەسەر دۆسیەی زیندانەکاندا گرتووە و هەژموونیان هەیە بەسەریاندا، هەموو یاساکان لە یاسای تیرۆرەوە تاکو لێبوردنی گشتیی شکستیان هیناوە کە بە ئەم یاسایانە و بەبێ بەڵگە هاوڵاتیان دەستگیردەکرێن.

ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەی زیندانییەکان لە توانای زیندانەکان زیاترە، ئەوە جگە لەوەی هیچ مەرجێکی تەندروستی لەم زیندانانەدا نییە و زیندانییەکانیش بێبەشن لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خواردنی تەندروست و هەواگۆڕکێ.

ئازادکردنی بە پارە
یەکێک لە کێشە گەورەکانی عێراق ئازادکردنی زیندانییانە بە پارە، ئەمەش هێندەی دیکە یاساکانی عێراقی رووبەڕووی شکست کردووەتەوە، لەو بارەیەوە سنجری دەڵێت، بەڵگەیان هەیە کە گەندەڵیی لەبارەی زیندانەکانەوە دەخەنەڕوو، بەهای بەرتیلیش بۆ ئازادکردنی زیندانییان لەم زیندانانەدا تاکو ٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار دۆلار دەڕوات.

جگە لە وەرگرتنی بەرتیل و پارە، ئیدارەی بەشێک لە زیندانەکان بۆ نموونە زیندانەکانی موسڵ، ئەشکەنجەی زیندانییان دەدەن تاکو دان بەو تاوانانەدا بنێن خراوەتە ئەستۆیان لە بەرژەوەندی ئیدارەی گەندەڵی زیندانەکاندایە. دایکێکی عێراقی باس لەوە دەکات، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی کوڕەکەی لە ساڵی ٢٠١١ دەستگیر کرا و لە ساڵی ٢٠١٥ لەسێدارەدرا.

مادەی سزادان
بەشێک لە چالاکوانانی عێراق مادەی چوار بە مادەی سزادان دەبینن کە دژی ئازادیخوازان و چالاکوانان بەکاردەهنێرێت، سەیفەدین عەلی چالاکوانی عێراقی پێی وایە، مادەی چواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر گەورەترین ئامرازی تاوانکردنە بەرامبەر گەلی عێراق، گەورەترین کێشەش لە جێبەجێکردنی ستەمکارانەی مادەکەدایە بۆ تۆڵەکردنەوە لە کەسانی بێتاوان، لە کاتێکدا میلیشیاکان بە ئازادی تەواوە دێن و دەچن.

ئەو چالاکوانە باس لەوەش دەکات، کاتێک ناڕەزایەتییەکانی تشرینی ٢٠١٩ دەستیانپێکرد، حکومەت هێزە ئەمنییەکانی بردە گۆڕەپانی تەحریر، ئەم هێزانە بەپێی مادەی چواری تیرۆر، فەرمانی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانیان پێبووە. هەر ئەمەش بوو بە هۆی کوژرانی سەدان کەس و برینداربوونی هەزاران خۆپیشاندەر.

سەیفەدین عەلی باس لەوە دەکات، خۆپیشاندەران بەپێی مادەی چوار دەکوژرێن، بریندار دەکرێن و زیندانی دەکرێن، بەڵام میلیشیا چەکدارەکان ئازادن خەڵک بکوژن، هەرکاتێکیش کەسێک هێرش بکاتە سەر بارەگاکانیان ئەوا بەپێی مادەی چواری تیرۆر لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن.