ڕاپۆرتی جیهانی

11:11 - 27/11/2020

ئایا بازرگانیی چین لە ئێران دوردەخاتەوە؟‌

قەبارەی بازرگانی چین لەگەڵ نەیارەکانی ئێراندا زۆر زیاترە لە بڕی بازرگانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێراندا. داتاکانی گومرگی چین لە نۆ مانگی ئەمساڵدا ئەوە نیشاندەدەن، ئاڵؤگۆری بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتە دۆستەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردوە و بە پێچەوانەشەوە، ئاڵوگۆڕی نەیارەکانی ئێران و چین تا دێت زیاتر دەبێت.
حکومەتی ئێران، چین بە نزیکترین دۆستی خۆی دادەنێت لەگەڵ ڕوسیا، عەلی خامنەی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران باسی لەوەکرد کە دیدی سیاسی ڕژێمی ئێران دەبێت بەرەو خۆرهەڵات بێت، لە ڕاستیدا بەرەو چینی کۆمۆنیستی بێت. بەڵام ئامارە بڵاوکراوەکان ئەوە نیشاندەدەن کە قەبارە و بڕی بازرگانی حکومەتی چین لەگەڵ هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیسرائیل زیاترە لە بڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران.

ئاڵۆگۆڕی بازرگانی ئێران و چین کەمیکردووە
بەشی ئامار لە گومرگی چین ڕایگەیاند هەردوو وڵاتی ناوبراو، زۆر زیاتر لە ئێران، کاڵا لە چین دەکڕن. ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر کاڵا و خزمەتگوزاری، بەتایبەت لە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا دەدات بە چین، بەڵام حکومەتی ئێران بەشێوەی کاش پارەی کاڵاکان نادات و بەمەش بازرگانی نێوان ئەم دوو وڵاتە کەمی کردوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئێران و چین بە نیازن ڕیککەوتننامەیەکی 25 ساڵە واژۆ بکەن.
ئاماری ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان پەکین و تاران ئەوە نیشاندەدەن، بازرگانی لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا بە بڕی 38.5٪ کەمیکردوە و بڕی ئاڵۆگۆرەکە کەمترە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و هەردوو وڵاتی سعودیە یان ئیسرائیل.
لە درێژەی راگەیەنداروەکەدا هاتووە، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان چین و ئێران لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی 2020، گەشتۆتە 11 ملیار و 190 ملیۆن دۆلار، ئەم بڕەش 7 ملیار دۆلار کەمترە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
بە گوێرەی گوتەی پسپۆڕان. ئەم ئامارە ئەوە نیشاندەدات کە  هەناردەی ئێران بۆ چین لەمڕۆدا و بەبەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە 58٪ کەمیکردوە و گەشتۆتە 4 ملیار و 570 ملیۆن دۆلار.
دابەزینی ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ چین، بەشێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە نەوتەوە هەیە و ئەمەش بەهۆی کاریگەری سزاکانی ئەمریکا بووە لەسەر ئێران.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە، ڕێژەی هاوردەی ناوەندی ڕۆژانەی نەوتی چین لە ئێران لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 79 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و ئەم برەش بە بەراورد بە ساڵی پار لەهەمان ماوەدا 78٪ کەمیکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، چین پێش سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ڕۆژانە نزیکەی 700 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد.
چین پشت بە نەیارەکانی ئێران دەبەستێت
دابەزینی بەرچاوی هاوردەکردنی نەوتی چین لە ئێرانەوە لە کاتێکدایە کە ئەم وڵاتە هاوردەکردنی نەوتی ئەمریکای لە مانگی ئەیلولدا حەوت هێندە و نیو کردوە و ڕێژەی هاوردەی ناوەندی ڕۆژانەی نەوتی چین لە ئەمریکاوە، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەبەراورد بە هەمان ماوەی پارساڵ زیاتر لە دوو هێندە بووە.
گومرگی چین لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژە بەوەدەدات، لە هەمان ماوەدا ئەم وڵاتە بەڕی 49 ملیار و دووسەد ملیۆن لەگەڵ سعودیە، 23 ملیار دۆلار لەگەڵ عێراق  و 12 ملیار و 660 ملیۆن دۆلار لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە.
هەروەها بازرگانی چین لەگەڵ ئەمریکادا لەم نۆ مانگەدا گەشتۆتە 401 ملیار دۆلار، ئەم بڕەش 35 هێندەی قەبارەی بازرگانی نێوان چین و ئێرانە.
کاریگەر بازرگانی لەسەر سیاسەتی چین 
لەم گەشتەی دوایی محمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پەکین، ئەم وڵاتە لەبارەی فرۆشتنی چەک بە ئێران پێشنیازی گرنگی بەشداریکردنی ئێرانی کرد لە گفتوگۆکانی ناوچەکە بە ئامادەبوونی ئیسرائیل و سعودیە، دوو وڵات کە یەکێکیان بە رەسمی لەلایەن ئێرانەوە دانی پێدا نەنراوە و ئەوی تریان بە "بەرپەچدەرەوەی ناوچەکە "  و دوژمنی خۆی دەزانیت.
ئەگەر ئێران نەتوانێت یان نەیەوێت لەم گفتوگۆیانەدا بەشداری بکات، رەنگە نەتوانێت چین رازیبکات چەکیشی پێبفرۆشیت. ئەمەش کاریگەری بازرگانی لەسەر سیاسەتی چین دەردەخات لەگەڵ ئێراندا.
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ، ئایا بازرگانی دۆستە نزیکەکەی لە ئێڕان دادەبڕێت؟