ڕاپۆرتی عیراق

12:07 - 07/01/2021

چیرۆكی ئەو شەوەی سەدام لە شەنگالەوە بۆردوومانی ئیسرائیلی كرد‌

مانگی یەك-ی ساڵی 1991 وڵاتانی عەرەبیی‌و جیهان بەهەواڵێكی چاوەڕواننەكراو بەخەبەر هاتن، ئەویش بۆردوومانكردنی ناو جەرگەی پایتەختی ئیسرائیل (تەلئەبیب) بوو لەلایەن ڕژێمەكەی سەدام حسێنەوە.

شەوی 18/1/1991 لەمێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەتای زنجیرەیەك ڕِووداوی چاوەڕوواننەكراو بوو، كاتژمێر 3ی ئەو شەوە ڕژێمەكەی سەدام حسێن 8 موشەكی جۆری سكۆد-ی ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد، كە ئەوە كۆتایی موشەكبارانی عێراق بۆ ئیسرائیل نەبوو، بەڵكو ئەو هێرشە تا كۆتایی مانگی 2ی ئەو ساڵەی خایاند‌و لەكۆتایدا عێراق 39 موشەكی ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد.

شەنگال، ئەو شوێنەی سەدام لێیەوە دڵی ئیسرائیلی پێكا
بەگوێرەی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی، بەرزاییەكانی شەنگال بووە ئەو شوێنەی سەدام موشەكبارانی ئیسرائیلی لێبكات، چونكە چیای شەنگال تاكە شوێنە دەتوانێت ئاسمانی سوریا ببڕێت، كە ئەو وڵاتەش دراوسێی ئیسرائیلەو ئاسان ئامانجەكان دەگەنە نێو تەلئەبیب.
بەگوێرەی وتەی دانیشتوانی ئەوكاتەی شەنگال، بەرلەوەی ڕژێمی بەعس بۆردوومانی ئیسرائیل بكات، بەچەند ڕۆژێك پێش ئەوە تاوانێكی گەورەیان دژ بەدانیشتوانی ئەو ناوچەیە كردووە، كە بڕیاربوو ببێتە شوێنی جێگیركردنی موشەكەكانی عێراق.

سوپای عێراق لەڕێگەی فڕۆكە جەنگییەكانیەوە چەند ڕۆژێك پێش بۆردوومانكردنی ئیسرائیل، هەستان بە بۆردوومانكردنی چەند ناوچەیەكی شەنگال‌و چەندین خانوی هاوڵاتیانیان خاپووركرد، ئەوە جگە لەكوشتنی چەندین هاوڵاتی بێتاوان لەو هێرشەدا، ئەوەش تەنیا بۆئەوەی پێشوەخت ئامادەكاریی بۆ كارەكەیان بكەن‌و كەمترین زانیاری لەو بارەیەوە لەناوچەكە بچێتە دەرەوە.

بەشێكی دیكە لەهۆكاری بەكارهێنانی چیای شەنگال بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل دەگەڕایەوە بۆئەوەی، لەوكاتەدا عێراق ترسی لە فڕۆكە جەنگیەكانی ئەمریكا‌و ئیسرائیل هەبووە، پێی وابوە شەنگال باشترین شوێنە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ترسەو سەرنەگرتنی ئامانجەكەی.

هێرشێكی لەوشێوەیە لە عێراقەوە بۆ ئیسرائیل، سەركردە سەربازیی‌و سیاسیەكانی تەلئەبیبی تووشی شۆككرد، چونكە ئەگەرچی ئیسرائیل توانیبووی لە هەر پێنج جەنگەكەی (1948، 1956، 1967، 1973 و 1982) بەسەركەوتوویی بێتە دەرەوە، بەڵام موشەكە سكۆدەكانی عێراق ئەوەی دا بەگوێی ئیسرائیل‌و جیهاندا، كە تەلئەبیب سیستمی بەرگریی موشەكیی تا ئاستی سفر لاوازە.

دەقی فەرمانەكەی سەدام حسێن بۆ هێرشە موشەكیەكەی سەر ئیسرائیل

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە دەقی فەرمانی هێرشە موشەكیەكەی عێراق بۆسەر ئیسرائیلی تیادایە‌و واژۆی سەدام حسێن-ی لەسەرە:

عەمید ڕوكن حازم عەبدولڕەحمان
سڵاوی خواتان لێبێت

فەرمانی هێرشكردنە سەر ئامانجەكانی كیانی سەهیۆنی "بكوژ"تان پێدەدەین، بەو موشەكە قورسانەی لەبەردەستدایە، هاوكات دەبێت وریابن لەهەر حاڵەتێكی ئاشكرابون، ئەو هێرشە موشەكیانەش تا فەرمانێكی دیكەتان پێدەگات دەبێت بەردەوامیی هەبێت.

سەدام حسێن 17/1/1991

ڕۆژی دواتر‌و لەكاتژمێر 3ی شەودا یەكەم موشەكی سكۆد لە سەر چیای شەنگالەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل كرا.

هەمان شەوی هێرشەكەی عێراق، ئەمریكا سیستمی بەرگریی موشەكی عێراقی وێرانكرد
ئەو چەند كاتژمێرەی كۆتایی مانگی یەك-ی ساڵی 1991 كۆمەڵێك ڕووداوی دراماتیكی لەدەرەوەی چاوەڕوانی جیهان بەدوادا هات، لەهەمان ئەو شەوەی سەدام حسێن بڕیاریدا هێرشی موشەكی بكاتە سەر ئیسرائیل، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا نزیكەی هەزار موشەكیان ئاڕاستەی سیستمی بەرگریی موشەكیی عێراق كرد‌و تەواوی سیستمەكەیان خاپوركرد، تا ئێستاش كە ساڵی 2019یە، عێراق نەیتوانیوە ببێتەوە بە خاوەنی سیستمی بەرگریی موشەكیی خۆی.

كاردانەوەكانی ئەو هێرشە موشەكیانەی عێراق
وەك چۆن ئەمریكا ‌و ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا دژی هێرشەكانی عێراق بوون بۆسەر ئیسرائیل، بەهەمانشێوە هەندێك لەوڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی ئەو هێرشە بوون، جا بەئاشكرابوبێت یان بە نهێنی، هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە دەربڕی.

مەزر بەدران كە لەكاتی هێرشەكانی عێراق بۆ ئیسرائیل سەرۆك وەزیران‌و وەزیری بەرگریی ئوردن بوو، لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ڕوودەكاتە پێشكەشكاری بەرنامەكە‌و بەپێكەنینەوە دەڵێ:"بەڵێ ئێمە پشتگیریی ئەو بۆردوومانانەی عێراق بۆ ئیسرائیل بووین".
بەدران درێژە بەدەربڕینی هەڵوێستی خۆی دەدات‌و دەڵێ:"بۆیە پشتگیریم كرد، چونكە ئەوە یەكەمجار نێوجەرگەی ئیسرائیل بكرێتە ئامانج".

"كەس پشتگیریمان ناكات"
"ئەوە لەبیر بكەن كە وڵاتان پاڵپشتیمان بكەن، كەس پاڵپشتمان نیە بۆیە دەبێت خۆمان وەڵامی عێراق بدەینەوە" ئەوە قسەی موشێ ئارێنز، وەزیری بەرگریی ئەوكاتەی ئیسرائیلە، كە هێرشەكانی عێراق بێهیوایكردبوو لەوەی ئەمریكا وەڵامی بەپەلە‌و دەستبەجێی ئەو هێرشانە بداتەوە.

موشێ ئارێنز باس لەوەدەكات، بۆئەوەی وەڵامی عێراقیان بدایەتەوە دەبوو بە فڕۆكەی جەنگی هێرشەكەیان ئەنجامبدایە، بەوەش دەبوایە ئاسمانی ئوردن ببەزێنن، بەڵام ئەوە ئاسان نەبووە، چونكە لەوكاتەدا ئوردن نەك پشتگیری ئیسرائیلی نەدەكرد، بەڵكو دورنەبوو دژ بە تەلئەبیب بوەستێتەوە.

"بەبێ ئەمریكا هیچمان پێنەدەكرا"
هەرچەندە ئیسرائیل دەیویست بەزوویی وەڵامی هێرشەكانی عێراق بداتەوە، بەڵام وەك ئیسحاق شامیر-ی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی ئیسرائیل لەچاوپێكەوتنێكدا دەڵێ:"ئاستەم بوو بەبێ هەماهەنگی‌و گڵۆپی سەوزی ئەمریكا هیچ وەڵامێكی عێراق بدەینەوە".

جۆرج بوشی باوك خەوتبوو
پاش هێرشە موشەكیەكان، حكومەتی ئیسرائیل كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدات‌و لەكۆتایدا هەمووان كۆدەنگ دەبن لەسەر ئەوەی دەست بەوەڵامدانەوەی عێراق بكەن‌و چەند هێرشێك ئەنجامبدەن، لەوكاتەشدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پەیوەندی بە هاوتا ئەمریكییەكەی (دیك چینی)یەوە دەكات‌و پێی دەڵێ، ئەوان بڕیاریاندا وەڵامی عێراق بدەنەوە‌و هێرشبكەن.
دیك چینی-ش لەوەڵامدا بەوەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێ:"بوەستە، دەبێت سەرۆك ئاگاداربكەمەوە، چونكە لەئێستادا جۆرج بووش خەوتووە".

دواتر ئەمریكا وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە و داوای لێدەكات دانبەخۆیدا بگرێت‌و هیچ هێرشێك بۆسەر عێراق ئەنجامنەدات.
 
ئەمریكا ڕێگەی بەئیسرائیل نەدا وەڵامی عێراق بداتەوە
عێراق لەوكاتەدا دەیویست یارییەكی زیرەكانە بكات، بەڵام سەرەنجام گۆزەكە لەسەری خۆیدا شكا.

سەدام دەیوست درزبخاتە ئەو هاوپەیمانێتیەی بۆ ڕزگاركردنی كوەیت بەسەركردایەتی ئەمریكا پێكهاتووە، كە بەشێك لەوڵاتانی عەرەبیش لەهاوپەیمانێتیەكەدا ئەندام بوون، كە دیارترینیان سعودییە بوو.

سەرۆكی ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوە دەیویست لەڕێگەی موشكبارانكردنی ئیسرائیلەوە، ئەو پەیامە بداتە وڵاتانی عەرەبیی، كە شەڕەكە شەڕی عەرەب‌و كیانی جولەكەی، بەڵام هەنگاوە زیرەكانەكەی ئەمریكا، ئەو خەونەی سەدامی لەگۆڕنا.

بەفشاری ئەمریكا، لەوكاتەدا ئیسرائیل خۆی لەوەڵامدانەوەی عێراق بەدوورگرت، چونكە بەوتەی بەرپرسانی ئیدارەی ئەوكاتەی ئەمریكا، واشنتۆن نەیدەویست ئیسرائیل بكەوێتە جەنگەوە لەگەڵ هیچ وڵاتێكی عەرەبیدا، دیارە بەشێكی نیگەرانیەكانی ئەمریكا لەوكاتەدا بۆئەوە دەگەڕایەوە، كە ئیسرائیل لەڕووی سەربازییەوە هێندە بەهێز نەبووە، تا بتوانێت بەتەنیا شەڕی وڵاتانی عەرەبی بكات.

هاوكات ئەمریكا مەبەستی بوو هیچ شەڕێكی دیكە جگە لەشەڕی ڕزگاركردنی كوەیت لەدەستی عێراق، لەناوچەكە‌و بەتایبەت كەنداو ڕوونەدات.

لەنێوخۆی ئیسرائیل دەنگی ناڕەزاتی دژی هێرشە موشەكیەكانی عێراق بەرزبووەوە، بەڵام هەر زوو ئەمریكا لەڕێگەی دیبلۆماتكارەكانیەوە، ئیسرائیلی بە هەڵبژاردنی بێدەنگی قایلكرد‌و لەبەرامبەریشدا سیستمی بەرگریی جۆری پاتریۆتی دا بە ئیسرائیل، بۆئەوەی لەئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشی هاوشێوە، بەرگریی لەخۆی بكات.

زیانە گیانی ‌و مادییەكانی موشە سكۆدەكانی عێراق بۆسەر ئیسرائیل
ئەگەرچی ئەوەی یەكەمجار بوو نێوجەرگەی ئیسرائیل لەلایەن وڵاتێكی عەرەبیەوە بەئامانج بگیرێت، بەڵام هێرشە موشەكیەكانی عێراق تەواو هەڕەمەكی بوون، كە نەبۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوەكانی ئیسرائیل بوو، نە بەئامانجگرتنی ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە، بەڵكو تەنیا كەسانی مەدەنی لەو هێرشانەدا زیانیان پێگەیشت.

بەگوێرەی ئاماری ئەو یەك مانگەی عێراق هێرشەكانی تیادا ئەنجامدا، نزیكەی 74 كەس كوژران‌و زیاتر لە 200 كەسیش برینداربوون. زیانەكان زیاتر بۆ خانو و باڵەخانەكان بوون، بەشێوەیەك كە نزیكەی حەوت هەزار ‌و 440 باڵەخانە‌و شوێنی نیشتەجێبوون وێرانبوون.

دوای 27 ساڵ هێشتا ئیسرائیل لەشەنگال دەترسێت
دوای 27 ساڵ لەهێرشەكانی عێراق بۆسەر ئیسرائیل، هێشتا ئەو وڵاتە مۆتەكەی چیای شەنگال بەرینەداوە‌و ترسی لەوە هەیە ئەمجارەش لەوێوە هێرشبكرێتەوە سەر ئیسرائیل، بەڵام هێرشبەرە نوێیەكان عێراقی نین، بەڵكو حەشدی شەعبی‌و ئێرانن.

پاش ڕزگاركردنی شەنگال لەچەكدارانی داعش‌و پاككردنەوەی ناوچەكە لەئاسەواری تیرۆر، یەكێك لەو شوێنانەی هەمووان لەسەری ململانێیان دەكرد چیای شەنگال بوو، بەتایبەت حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی ئێران دەیویست بوونی خۆی لەوێ جێگیر بكات، لەبەرامبەریشدا توركیا نیازی هێرشكردنە سەر شەنگالی هەبوو بەپاساوی بونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەو ناوچانە، بەڵام ئامانجەكەی توركیا شتێكی دیكە بوو، ئەویش بەكارهێنانی چیای شەنگال وەك كارتی فشار بۆسەر ئەمریكا‌و ئیسرائیل، بەتایبەت كە ئێستا تەلئەبیب‌و ئەنقەرە پەیوەندییەكانیان ساردبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەڵام ئەمریكا هەرزوو یارییەكەی بەسوودی خۆی یەكلایكردەوە، ئەویش بەناردنی هێزێكی تایبەتی خۆی بۆ دەوروبەری ئەو ناوچانەی شەنگال، كە ئەگەری دروستبوونی مەترسی لەسەر ئەمنیەتی ئیسرائیل لێدەكرێت.