ڕاپۆرتی کوردستانی

11:54 - 21/01/2021

جادووگەرەکەی ئێران چۆن شکستی بە کۆماری کوردستان هێنا؟‌

ئەحمەد قەوام کە بە جادووگەرەکەی سیاسەتی ئێران ناوی دەهێندرێت، ئەو سیاسەتمەدارەیە توانی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بە پلانە دیپلۆماسییەکانی شکست بە هەژمۆنی سۆڤییه‌ت لە سەر وڵاتەکەی بهێنێ و کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان بڕوخێنێت، هەروەها کارتی نەوت بکاتە مایەی شکستی هێزی زاڵ و هاوسەنگی وڵاتەکەی پێ بگەڕێنێتەوە.

قەوام، بژاردەیەکی گونجاو بۆ ئێرانێکی شێواو
لە زۆربەی خوێندنەوە مێژووییەکاندا ناوی ئەحمەد قەوام بە سیاسەتمەدارێکی خاوەن هۆش هاتووە. ئەحمەد قەوام لەدایکبووی 1873ی زاینییە و لە تارانی پایتەختی ئێران هاتوەتە ژیانەوە، چەند پشتی لە سیاسەتمەدارانی دیار و بەناوبانگی ئێران بوون و خۆیشی لە سەرەتای لاوییەوە لە رێگەی خاڵییەوە کە کاربەدەست بووە، دەگاتە ناو بارەگای پاشایەتی قاجار و بە هۆی شارەزابوونی لە خۆشنووسی وەک سکرتێری بارەگا دەستبەکار بووە و ئاگاداری زۆربەی بڕیارە رەسمییەکان و پێوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بارەگای پاشایەتی بووە.
 
قەوام بە خێرایی پلەکانی پێشکەوتن لە ئاستی والیگەری خوراسانەوە تا سەرۆکایەتی وەزیران دەبڕێ و پێنج جار لە حکومەتی جیاجیادا دەبێتە سەرۆک وەزیران.

لە جەنگی جیهانی دووەمدا ئێران بە پێی پەیمانێک لەگەڵ وڵاتانی بەریتانیا و ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت رێک کەوت کە خاکی وڵاتەکەی لە دژی ئەڵمانیا و ژاپۆن بەکار بهێنن، بەڵام بە مەرجێک قەرەبووی هەر زیانێکی ئابووری بە هۆی جەنگەوە بکەنەوە و دوای جەنگیش هێزەکانیان لە خاکی ئێران بکشێننەوە. دوای جەنگ ئەمریکا و بەریتانیا پابەندی پەیمانەکە بوون و هێزەکانیان لە خاکی ئێران کشاندەوە، بەڵام یەکێتی سۆڤێت ئامادە نەبوو هێزەکانی لەو ناوچانەی ئێران بکشێنێتەوە کە تیایاندا جێگیری کردبوون.
 
لە جەنگی جیهانی دووەمدا کە خاکی ئێران هەر بەشێکی و کەوتبووە دەستی سوپای یەکێک لە زلهێزەکان و سوپای ئێرانی بەتەواوەتی هەڵوەشابووەوە و لە زۆر ناوچە حکومەتی ناوەندی هیچ دەسەڵاتێکی نەمابوو، دەرفەتێکی لەبار بۆ نەتەوە بندەستەکان رەخسا کە دەستبەکار بن و کۆنترۆڵ و ئیدارەی ناوچەکانی خۆیان لە دەست بگرن، سەرەکیترنیشیان کورد و ئازەری بوون کە کۆماری کوردستان و ئازەربایجانیان راگەیاند و یەکێتی سۆڤییه‌ت پشتیوانی کردن.

لەگەڵ ئەوەیش لە زۆر ناوچەی دیکەی ئەو وڵاتە دەنگی ناڕەزایی بەرز ببووەوە و لە ناوەند کێشمەکێشمی سیاسی لە ناو رەوت و لایەنە سیاسییە ئێرانییەکان پەرەی سەندبوو و وڵات لە بێسەروبەرییەکی بێڕادەدا بوو. شای لاوی ئێران کە زلهێزەکان باوکیان لە دەسەڵات دوور خستبووەوە و خۆیان لە شوێنی دانابوو، کابینە و سەرۆک وەزیری دیکەی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە تاقی کردبووەوە و سەرکەوتوو نەببوو، دواجار بە پێچەوانەی حەزی خۆی پەنای بردە بەر ئەحمەد قەوام و رازی بوو بەوەی سەرۆکایەتی وەزیرانی پێ بسپێرێت، دیارە بە پێشنیاری ئەو کەس لایەنانەیش کە پێیانوابوو ئەحمەد قەوام توانای زاڵبوون بە سەر قەیرانەکانیدا هەیە.
 
ئەحمەد قەوام ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی هەر دوو زنجیرە پاشایەتی قاجار و پەهلەوی هەبوو، لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی ئێران شارەزا بوو، لە ئەورووپا ژیابوو و خواست و سیاسەتی زلهێزەکانی لە ئاست ئێران بە باشی دەناسی و دەیزانی کارتی نەوت چۆن بەرامبەر زلهێزەکان بەکار بهێنێت، لەگەڵ ئەوانەیش لە قۆناغی والیگەری لە خوراسان بەرەوڕووی راپەڕینی سەرکردەی ناوچەکان ببووەوە و ئەزموونی سەرکوتکردنی ئەو جۆرە راپەڕینانەی هەبوو، بۆیە کاراکتێرێکی گونجاو بوو بۆ ئیدارەکردنی ئەو قۆناغە هەستیارەی ئێرانی پێدا دەرۆیشت.

ئەحمەد قەوام و یەکێتی سۆڤییه‌ت
لە راستیدا بە سەرۆک وەزیربوونی ئەحمەد قەوام رێخۆشکەری خۆیشی تیادا بوو، ئەو ژێربەژێر پێوەندی لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی سۆڤییه‌ت لە ناو ئێراندا هەبوو و پێوەندی لەگەڵ رەوتی توودەییەکان (شیوعییەکان)ی سەر بە سۆڤێتیش باش بوو، هەر ئەوەیش هۆکار بوو کە شای گەنجی ئێران متمانەی زۆری پێی نەبێت و یەکێتی سۆڤێت پشتگیری بە سەرۆک وەزیربوونی بکات. 

کاتێک بە کردار و هەڵوێستەکانی قەوامدا دەچینەوە و ئەنجامەکانیان دەبینین هەندێک میتۆدی زیرەکانەی ئەو سیاسییە پراگماتیستەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرساممان دەکات بە دووربینی ورد و هەنگاوە ستراتیژییەکانی.

ئەو کە پێشتر بە فەرمانی رەزا شای باوک لە دەسەڵات دوورخرابوەوە، باش لەوە تێگەیشتووە کە شای لاو بە ئاسانی رێگەی پێ نادات جارێکی دیکە سوکانی کابینەی حکومەت بە دەستەوە بگرێت، دەیشزانێت چین ئەو فاکتەرانەی وا دەکەن جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیرانی ئێران، بۆیە لای سۆڤێتییەکان و توودەییەکان وا پێشان دەدات کە پشتی لە سیستەمی پاشایەتی کردووە و بڕوای بە دامەزراندنی حکومەتێکی کۆمارییە لە ئێراندا، کە دیارە ئەوە خواستی یەکێتی سۆڤییه‌ت بوو بەو ئامانجەی ناوەندی ئێران بکاتە بەشێک لە کۆمارەکانی خۆی و بە پێکهێنانی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان و ... یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤێت فراوان بکات.

ئەحمەد قەوام لە پێوەندییە ژێربەژێرەکانیدا لەگەڵ نوێنەرانی سۆڤێت لە ئێران و حزبی توودەی سەر بە سۆڤییه‌ت بە شێوەیەکی ژێربڕانە خۆی بە وەدیهێنەری ئەو ئامانجە پێشان دا و لەو رێگەیەوە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لۆبییەکی سەرکەوتووی کرد بۆ بە دەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران. باسی ئەوەیش لە ئارایە کە سۆڤییه‌ت شای ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە کە جگە لە قەوام بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێ بە هیچ کەسێکی دیکە رازی نابێت.

دواجار ئەحمەد قەوام لە لایەن پەرلەمانەوە بۆ پێکهێنانی کابینە راسپێردرا، پەرلەمانێک کە نوێنەرانی حزبی توودەی سەر بە سۆڤێت بە هاوکاریکردنی قەوام ژمارەیەک کورسیان تیادا بە دەست هێنابوو.

قەوام پێش وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان لە راگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لە بارەی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان وا دەربڕی کە دژی جوڵاندنی هێزە بەرەو ئەو ناوچانە و کێشەکان دەبێ بە دانوستان لەگەڵ سۆڤییه‌ت چارەسەر بکرێن. کاتێکیش کابینەی پێکهێنا (٣ وەزارەتی دا بە توودەییەکانی سەر بە سۆڤییه‌ت) و لە ناو پەرلەمان بەرنامەی حکومەتەکەی رایگەیاند،  لە وتارەکەیدا وتی؛ ئەگەر یەکێتی سۆڤییه‌ت بانگهێشتی بکات ئەوا ئامادەیە بۆ دانوستان سەردانی ئەو وڵاتە بکات، جەمیل حەسەنلی توێژەری ئازەربایجانی لەو بارەیەوە دەڵێت: هێشتا کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆتایی نەهاتبوو کە باڵیۆزی سۆڤێت بە بانگهێشتنامەی رەسمییەوە لە بەردەم پەرلەمان چاوەڕێی قەوامی دەکرد. بەو شێوەیە ئەحمەد قەوام تەنیا ٢٠ کاتژمێر دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان لەگەڵ شاندێکی دیپلۆماسی گەورە بەرەو مۆسکۆ بەڕێ دەکەوێت.
 
پێشتر سۆڤێتییەکان درکاندبوویان کە چاویان لە نەوتی دەریای قەزوێنی باکووری ئێرانە، قەوامیش مەیلی بۆ پێدانی ئەو ئیمتیازە بە سۆڤت پێشان دابوو، بۆیە جۆزێف ستالینی سەرۆکی یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤیه‌ت خۆی لەگەڵ قەوام کەوتە گفتوگۆ.

دانوستانەکان
ستراتیژی قەوام لەو دانوستانەدا بەستنەوەی پرسی نەوت بوو بە چوونە دەرەوەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤییه‌ت لە خاکی ئێران، چونکە ئەوەی کۆڵەکە و پشتی سەرەکی بوو بۆ مانەوەی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان، مانەوەی ئەو هێزانە بوو لە ناوچەکەدا، قەوام ئەو راستییەی باش دەزانی بە چوونە دەرەوەی هێزەکانی سۆڤێت کۆمارەکان توانای بەرگرییان لە خۆیان نابێ و بە بەتاڵبوونەوەی خەونی لکاندنی کۆمارەکانی ئێران بە یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤییەت بە تەواوەتی هەڵدەوەشێنەوە و دەبنەوە پارێزگایەکی ئاسایی لە ئێراندا، بۆیە هەموو هەوڵەکانی لە سەر ئەوە چڕ کردەوە کە لە بەرامبەر پێدانی ئیمتیازی نەوتدا سۆڤییه‌ت هێزەکانی بکشێنێتەوە، بەڵام ئایا ئەحمەد قەوام دەیتوانی بێ لەبەرچاوگرتنی هەژمۆن و کاریگەری بەریتانیا و ئەمریکا رێکەوتنێکی لەو شێوەیە لەگەڵ یەکێتی سۆڤییه‌ت بکات؟ یا خود لە بنەمادا مەبەستی بوو ئەو رێکەوتنە بگاتە ئەنجام و جێبەجێ بکرێت؟


دەبینین ئەحمەد قەوام بە هێنانە ئارای رێککەوتن لەگەڵ سۆڤییه‌ت ئەو پەیامەی بە بەریتانیا و ئەمریکا گەیاندووە کە ئێران لە بەرامبەر ئەواندا کارتێکی بەهێزی وەک سۆڤێتی هەیە و دەتوانێ ئەوانی پێ هاوسەنگ بکات، ئەوەیش لە کاتێکدا بەریتانیا و ئەمریکا هۆشدارییان بە سۆڤییه‌ت دابوو، ئەگەر هێزەکانی لە ئێران نەکشێنێتەوە ئەوا ئەوانیش لە چەندین ناوچەی ئێراندا هێز بڵاودەكەنەوە.

لە راستیدا زۆترین ترسی قەوام لە بریتانیا بوو پاشان سۆڤییه‌ت، ئەو پێیوابوو بەریتانیا وەک ئیستعمارێکی کۆن و بەزموون مەترسییەکی گەورەترە بۆ وڵاتەکەی و دەبێ بە هەر رێگەیەک بووە دووری بخەنەوە، بۆچوونی وابوو کە بە هێنانە کایەی ئەمریکا وەک زلهێزێکی نوێ بۆ ناو هاوکێشەکان، بەریتانیا و سۆڤییه‌ت رۆڵیان لاواز دەبێ و ئەمریکایش بە هۆی ئەوەی مەودایەکی جوگرافی زۆری لەگەڵ ئێران هەیە و گواستنەوەی هێز و لۆجستی زۆر بە مەبەستی داگیرکاری کارێکی ئاسان نییە بۆی، لەگەڵ ئەوەشدا زلهێزێکی تازەیە و دەرفەتی مانۆڕدان لەگەڵی زیاترە و ناتوانێ هەموو خواستێکی بە سەر ئێراندا بسەپێنێت، دەکرێ رێککەوتنی پر سوودتری بۆ ئێران لەگەڵ بکەن و بە گشتی بەراورد بە زلهێزەکانی دیکە زیانی کەمتر و سوودی زیاتر دەبێ.
 
ئەحمەد قەوام لە سەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە دۆکترینی نێودەوڵەتی بەرەوپێش برد و گەمەی دانوستانی لەگەڵ سۆڤییەت دەست پێ کرد.

ماوەی مانەوەی قەوام لە مۆسکۆ ١٩ رۆژی خایاند و سێ تەوەری: پێدانی ئیمتیازی نەوتی باکوور بە سۆڤییه‌ت، خشتەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی سۆڤێت لە خاکی ئێران و  پرسی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان، لە سەر مێزی دانوستان بوون.

پرۆسەی دانوستانەکان گرژ و توند بەڕێوە دەچن، ستالین داوا لە قەوام دەکات سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێران لە پاشایەتییەوە بگۆڕێت بۆ کۆماری و کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان بە رەسمی بناسێت، بەڵام قەوام جەخت لە پێدانی ئیمتیازی نەوت لە بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی سۆڤییه‌ت دەکات، هەندێک لایەن باسی ئەوە دەکەن کە ناڕاستەوخۆ بەڵێنی گۆڕینی سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماریشی داوە و تەنیا شتێک کە پێداگری لە سەر کردووە ئەوەیە کە کۆمارەکان وەک پرسێکی ناوخۆی ئێران مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. 
 
تورج ئەتابەکی توێژەری مێژوو و مامۆستای زانکۆ لە هۆڵەندا، لەو بارەیەوە نووسیویەتی: سەرۆکایەتی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤییه‌ت و خودی ستالین ویستوویانە تا وەڵامی روون لە قەوام وەرنەگرن رێگەی گەڕانەوە بۆ ئێرانی پێ نەدەن و لە راستیدا ئەحمەد قەوام لە ماوەیەکی ئەو دیدارە ١٩ رۆژەدا وەک بارمتە گل دراوەتەوە.
قه‌وام بەڵێنی گۆڕینی سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماری داوه‌ له‌ سۆڤییه‌ت

توێژەرانی میژووی ئێران پێیانوایە زۆر نهێنی ئەو دیدارە ١٩ رۆژییە تا ئێستایش ئاشکرا نەبوون.

ئەحمەد قەوام بێ ئەوەی ئەنجامێکی روونی دانوستانەکانی پێ بێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و رایدەگەیەنێت رێکەوتنێک ناکەن کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بێت.

هەر لەو ماوەیەدا ئەمریکییەکان قەوام ئاگادار دەکەن کە هەرگیز بیر لەوە نەکاتەوە سیستمەمی فەمانڕەوایی ئێران لە پاشایاتییەوە بۆ کۆماری بگۆڕێت.

بە گەڕانەوەی قەوام بۆ ئێران دانوستانەکان کۆتاییان پێ نایەت و ئیڤان سادچیکۆف باڵیۆزی سۆڤییه‌ت لە تاران، پەیام و نامە لەگەڵ قەوام دەگۆڕێتەوە و پێوەندی نێوانیان بەردەوام دەبێت، لە میانەی ئەو پێوەندیانەدا دەردەکەوێت کە سۆڤێت لە ئاست پرسی کۆمارەکان نەرمی دەنوێنێ و ماوەیەکی زۆر ناخایەنێ کە ستالین بە برێارێکی لەناکاو و چاوەڕواننەکراو، فەرمان بە هێزەکانی دەکات، سەربازگەکانیان لە ناو خاکی ئێران چۆڵ بکەن و بەرەو سۆڤییه‌ت بکشێنەوە.
 
ئەو بڕیارە لەناکاوەی ستالین پێشان دەدات دانوستانەکان دیوێکی نهێنییان هەبووە و رووە ئاشکراکەی کە بە بێ ئەنجام پێشان دراوە بۆ رێونکردن بووە لەو لایەنانەی بە مەترسی زانراون بۆ سەر پرۆسەکە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە لە کاتی دانوستانەکاندا ئەحمەد قەوام داوای لە لایەنی سۆڤێتی کردووە لە پێش چاوی ئەندامانی شاندی ئێرانی باسی ئەو بابەتانە نەکات کە لە گفتوگۆی تایبەت لەگەل ستالیندا تاوتوێ کراون. 

واژۆکردنی رێککەوتن و سەرکەوتنی پلانەکانی قەوام
دوای بڕیاری لەناکاوی ستالین بۆ کشانەوەی هێزەکانی سۆڤییه‌ت لە ئێران، رێککەوتن لە نێوان ئێران و سۆڤییه‌ت لە لایەن ئەحمەد قەوام سەرۆک وەزیرانی ئێران و ئیڤان سادچیکۆف باڵێۆزی سۆڤییه‌ت لە تاران واژۆ دەکرێت.

بە پێی رێککەوتنەکە، هێزەکانی سوپای سووری سۆڤییه‌ت دەبێ لە ماوەی مانگێکدا بە تەواوەتی لە خاکی ئێران بچنە دەر. کۆمپانیایەکی هاوبەش بۆ کاری دۆزینەوە و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی باکووری ئێران لە نێوان ئێران و یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤییه‌ت پێک بهێنرێت. کێشەی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان بە شێوەی ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێ و یەکێتی سۆڤییه‌ت داوا لە ئێران دەکات وەک پرسێکی ناوخۆی ئێران بە نیازپاکی چارەسەری بکات.

دوای واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان دەکەونە خۆ و چەند هەوڵێک بۆ رێککەوتن لەگەڵ ناوەند دەدەن، بەڵام لە ئەنجامدا هەوڵەکانیان بێ سوود دەکەوێتەوە و بە هێرشی سوپای ئێران بە فەرمانی شای لاو هەر دوو کۆمار هەڵدەوەشێنەوە و لە کۆتاییدا شکست دێنن.

بەوشێوەیە قەوام لە دەست کۆمارەکان رزگاری دەبێ و بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیشی لەگەڵ سۆڤییه‌ت کە بە پێی دەستووری ئێران دەبێ لە خولی نوێی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا پەسەند بکرێت، پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ ئەو رێککەوتنە رەت دەکاتەوە و دواجار جێبەجێ ناکرێت.

ئەو بڕیارەی پەرلەمانی ئێران بە رادەیەک سۆڤێتی تووڕە کرد کە لە کۆبوونەوەی گشتی حزبی کۆمۆنیستی سۆڤێتدا باس لە هێرشی فراوانی سەربازی بۆ سەر خاکی ئێران کرا، بەڵام پێگەی نێودەوڵەتی سۆڤییه‌ت چیدی رێگەی کارێکی لەو شێوەی پێ نەدەدا. سۆڤێت کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجانی لە دەست دا، ئامادەیی سەربازی لە ناو خاکی ئێران لە دەست چوو و دەستی بە نەوتی باکووری ئێرانیش نەگەیشت.

بە دوای ئەو شکستەی سۆڤێتدا ئەمریکا بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی دارایی بە حکومەتی ئەحمەد قەوام گەیاند و پەیمانێکی سەربازی لەگەڵ بەست کە لە بەرامبەر مەترسییەکانی سۆڤێت بەهێزی دەکرد، ئەوەیش سەرەتای پەرەسەندنی هەژمۆنی ئەمریکا بوو لە ئێراندا، ئەو ئەمریکایەی بە بڕوای ئەحمەد قەوام ئێرانی لە دوو دێوەزمەی بەریتانیا و سۆڤێت رزگار دەکرد و بەراورد بەوان زیانی کەمتر و سوودی زۆرتر بوو بۆ ئێران.