ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:40 - 24/01/2021

تورکیا چۆن لە دەرگای تەلئەبیبەوە دەچێتەوە کۆشکی سپی؟‌

پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە ئاستی رووکەشدا ئاڵۆز و دوژمنکارانەیە، لە ئاستی نهێنیی و نادیاریشدا دۆستانە و پتەوە، بەڵام ئێستا تورکیا بۆ دەرچوون لە فشار و گۆشەگیربوونەکەی، دەیەوێت بە ئاشکرا و نهێنیی لەگەڵ ئیسرائیلدا دۆست بێت، تێشگەیشتووە رێگای چوونە کۆشکی سپیش بە تەلئەبیبدا تێدەپەڕێت.

رابردوویەکی ناسەقامگیر
رابردووی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل پڕە لە هەوراز و نشێو، ئەم دوو وڵاتە سەرەڕای پەیوەندییە بازرگانییەکانیان، هەمیشە لە ئاستی میدیا و لێدوانی فەرمیدا دژایەتی یەکتر دەکەن. تورکیا خۆی وەک دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل دەخاتە سەر شانۆ و ئەمەش وەهای لێکردووە سۆزی بەشێکی دیاری مسوڵمانانی جیهان بۆ خۆی رابکێشێت.

تورکیا و ئیسرائیل لە مانگی مایسی ٢٠١٨ باڵیۆزی یەکتریان دەرکرد، ئەوەش دوای کوژرانی دەیان فەڵەستینی لە کەرتی غەزە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە. هەشت ساڵ پێشتر و لە ٢٠١٠، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتییەکەی تورکیا کە دەیەویست هاوکاری بە کەرتی غەزە بگەیەنێت، پەیوەندییەکانی هەردوو گەیشتە ئاستێکی زۆر خراپ.

جۆ بایدن: ئەردۆغان تاکڕەوە
رابردووی لێدوان و هەڵوێستەکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەریدەخات کە نێوانی لەگەڵ ئەردۆغان "باش نییە، هەر وەک پێش بوونە سەرۆکی ئەمریکا و لە کۆتایی ٢٠١٩ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتبووی ئەردۆغان "تاکڕەوە" و بۆ دوورخستنەوەی بە شێوەیەکەی دیموکراسی ئامادەیە هاوکاری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بکات.

تەلئەبیب؛ دەروازەی واشنتن بۆ ئەنقەرە
تورکیا هەمیشە هەوڵی داوە لە ئاستی نهێنیی و شاراوەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بپارێزێت و لە ئاستی رووکەش و ئاشکراشدا خۆی وەک رکابەر و دوژمنی ئیسرائیل و سیاسەتەکانی پیشان بدات.

لە ئێستا و لەم دۆخەدا جۆ بایدن هاتووەتە سەر دەسەڵات، تورکیا دەبێت رێگایەک بۆ چوونە کۆشکی سپی بدۆزێتەوە. تورکیا پێی وایە نزیکترین رێگا و باشترین دەروازە بۆ گەیشتنە کۆشکی سپی، تەلئەبیبە، بۆیە بیەوێت و نەیەوێت دەبێت لە دەرگاکەی ئیسرائیل بدات، چونکە ئەوەی کاریگەری لەسەر سەرۆکی ئەمریکا و کۆنگرێس هەیە ئیسرائیلە.

دوژمنی هەموان
پەیوەندییەکانی تورکیا لە چەند ساڵی رابردوودا لەگەڵ دراوسێکانی، ئەورووپا و ئەمریکاش گەیشتووەتە خراپترین ئاست، ئەم پەیوەندییە ئاڵۆز و ناسەقامگیرە تورکیا گۆشەگیر و تەنیا کردووە.

تورکیا لەگەڵ بەغدا و دیمەشق بووە بە نەیار، ئەوەش بەهۆی دەستوەردان و هێرشە سەربازییەکانی لەم دوو وڵاتەدا و پێشێلکردنی سەروەری عێراق و سوریا. بەهۆی یارمەتیدانی ئازەربایجان لە شەڕی کاراباخدا هێندەی دیکە بووە بە نەیاری ئەرمەنستان. لە دوای فراوانخوازیی و چالاکییەکانی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست پەیوەدنییەکانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس ئاڵۆزتر کرد. ئەمەش خستییە بەردەم سزاکانی ئەوروپا و ئەمریکاوە. دەستوەردانەکانی لە لیبیا و دەریا هاوبەشەکاندا زیاتر دای بە گژ فەڕەنسییەکانیشدا.

گۆشەگیربوونی تورکیا بەهۆی دروستکردنی ئەم هەموو دوژمنەوە، ناچاری دەکات سەر بە ماڵی ئیسرائیلییەکاندا بکات و ناچار بێت دەروازەیەک بۆ رزگاربوون و کرانەوە بدۆزێتەوە.

غاز؛ کۆکەرەوە و دوورخەرەوە
یەکێک لەو هۆکارە بەهێزانەی وەها لە ئەنقەرە و تەلئەبیب دەکات نزیک ببنەوە، گواستنەوەی غازی سروشتیی ئیسرائیلە بۆ تورکیا و تەنانەت گواستنەوەی غازی ئیسرائیل لە رێگای تورکیاوە بۆ ئەوروپا.

تورکیا ترسی هەیە ئیسرائیل لە رێگەی قوبرس و یۆنانەوە غازەکەی رەوانەی ئەوروپا بکات، ئەمەش لێدانێکی گەورەیە لە پێگەی ستراتیژی تورکیا کە دەیەوێت تاکە رێگای بەستنەوەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای جیهان بێت و ناوەندی گواستنەوەی غازی رۆژهەڵاتیش بێت بۆ رۆژئاوا. بۆیە هەوڵی تەواو دەدات لە ئیسرائیل نزیک ببێتەوە و ئەم پێگەیە لەدەستنەدات.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات، بەرژەوەندییەکانیانە لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەردوولا دەیانەوێت سنورە ئاوییەکانی نێوانیان دابڕێژنەوە، تاکو بتوانن وەبەرهێنان لە غازی سروشتیی ناوچەکەدا بکەن.

رێگرییەکان
بزوتنەوەی حەماس
یەکەم و گەورەترین رێگریی بەردەم ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل دۆسییەی بزوتنەوەی حەماس و پشتگیریکردنی بزوتنەوەکەیە لەلایەن ئەنقەرەوە. مەرجی ئیسرائیل بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا کەمکردنەوەی هاوکاریکردنی بزوتنەوەکەیە، هەروەک وەزیرێکی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی وتووە، مەرجی نزیکبوونەوەی تورکیا لە وڵاتەکەی دوورکەوتنەوەیە لە حەماس.

تورکیا رێگە بە سەرکردە و کەسە دیارەکانی حەماس دەدات بچنە تورکیا و بە ئاسانی چالاکی و جوڵە ئەنجام بدەن، ئەمەش ئیسرائیلی توڕەتر کردووە. لە ئابی ٢٠٢٠ ئیسرائیل تورکیای بەوە تۆمەتبار کرد کە پاسپۆرتی بە ١٠ ئەندامی بزوتنەوەکە داوە کە ئیسرائیل بە "تیرۆریست"یان دەزانێت و ئەم هەنگاوەی تورکیاش بە "دۆستانە" نابینێت.

دۆسیەی قودس
یەکێک لە رێگرییە گەورەکانی نێوان هەردوو وڵات و ناکۆکییە ئاڵۆزەکانی نێوانیان دۆسیەی قودسە، تورکیاش بەردەوام هەوڵی داوە خۆی وەک پارێزەری قودس پیشان بدات، ئەمەش وای کردووە سۆزی بەشێکی زۆری عەرەب بۆ لای خۆی رابکێشێت.

ئیسرائیل بەردەوام چاودێری چالاکییەکانی گروپ و رێکخراوە تورکییەکان و نزیک لە تورکیا دەکات لە قودس، ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی هێز و هەژموونی تورکیا لە فەڵەستین و قودس.

نزیکبوونەوە لە کەنداو؛ کۆتاییهێنانی بە رەوایەتی تورکیا
تورکیا بە سەرکردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان، لە چەند ساڵی رابردوودا توانی سۆزی ژمارەیەکی زۆری مسوڵمانانی جیهان بۆ خۆی رابکێشێت، بەتایبەت عەرەب و بەتایبەتتریش فەڵيستینییەکان، هۆکاری سەرەکیش دژایەتی ئیسرائیل و بەرگری کردن بووە لە قودس و خاکی فەڵەستین.

نزیکبوونەوە و رێککەوتنی چەند مانگی رابردووی ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی عەرەبیدا وای کردووە سۆزی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتانە بگەڕێتەوە بۆ وڵات و سەرکردەکانی خۆیان و ئیتر ئیسرائیل ئەو دوژمنە گەورەیە نەبێت پێشتر بیریان لێکردبووەوە. ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی پێگەی تورکیا وەک بەرگریکارێکی سەرسەختی مسوڵمانان.