ڕاپۆرتی جیهانی

01:48 - 03/02/2021

لە نەخۆشەوە بۆ پزیشک؛ هندستان چۆن بوو بە دەرمانخانەی جیهان؟‌

هندستان ماوەی چەند ساڵێکە پیشەنگی بەرهەمهێنانی دەرمان و پێکوتەکانە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام باس لە خراپی بەشێکی دەرمانی بەرهەمهێنراوی ئەم وڵاتە دەکرێت، بەڵام توانیویەتی دەست بەسەر بازاڕی دەرماندا بگرێت، تەنانەت لە ئێستادا بەشێکی گەورەی وڵاتانی جیهانی سێیەم بۆ بەدەستهێنانی پێکوتەی دژە کۆرۆنا هیوایان بە هندستانە. پرسیارەکە ئەوەیە هندستان چۆن بە ئەم ئاستە گەیشت؛ لەگەڵماندا بن بۆ وەڵامەکەی.

هندستان فریادڕەسی رۆژهەڵات
کڕینی زۆربەی پێکوتەی بەرهەمهێنراوی دژە کۆرۆنای کۆمپانیا گەورەکانی وەک فایزەر، مۆدێرنا و ئەسترازێنیکا لەلایەن وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکانەوە وای کردووە، وڵاتانی ئاست ناوەند و هەژار روو لە نیودەلهی بکەن و لە دەرگای هندییەکان بدەن.

ئامانجی وڵاتانی جیهانی سێیەم بەدەستهێنانی پێکوتەی دژە کۆرۆنایە بە کەمترین نرخ، خێرایی و لە کەمترین کاتدا، ئەم ئامانجەش تەنها هندییەکان دەتوانن بەدیبهێنن. تەنانەت وڵاتێکی وەک ئێران کە لەژێر سزا و فشارە نێودەوڵەتییەکاندایە، دەیەوێت لە بەرامبەر ئەو نەوتەی بە هندستانی دەفرۆشێت، پێکوتەی دژە کۆرۆنا لە نیودەلهی وەربگرێت.

شەڕی سەرکەوتن
لە چەند رۆژی رابردوودا ناریندرا مودی سەرۆک وەزیرانی هندستان پلانێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و کوتانی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی راگەیاند.

هندستان کە تاکو ئێستا نزیکەی ١١ ملیۆن توشبووی هەیە و لە سەرووی ١٥٥ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، دەیەوێت لەم جەنگە سەختەوە بە سەرکەوتووی دەربچێت و نەک هەر خۆی، بەڵکو جیهانیش رزگار بکات.

بەپێی پلانەکە، بڕیارە تاکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ٣٠٠ ملیۆن هاوڵاتی هندی کوتانیان بۆ بکرێت، جگە لەمەش پێکوتە بە دەیان وڵاتی جیهان بفرۆشێت، کە بەشێک لەو پێکوتانە بەرهەمهێنراوی ناوخۆیین.

وڵاتی پێکوتەکان
تاکو ئەم ساتە ئیدارەی دەرمانی هندی مۆڵەتی بەکارهێنانی بە دوو پێکوتەی دژە ڤایرۆسی ناوخۆیی داوە.

یەکەمیان بریتییە لە (covishield) کە بە ئەسسترازێنیکاش ناوی دەبرێت، کە تاقیگەکانی ئەسترازێنیکا بە هاوکاری زانکۆی ئۆکسفۆرد بەرهەمیانهێناوە. لە ئێستادا لە هندستاندا بە رێژەیەکی زۆر گەورە و لە رێگای پەیمانگای سیرەم – زەرداوی خوێن-ەوە بەرهەمدەهێنرێت کە گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی پێکوتەیە لە جیهاندا.

دووەم پێکوتەش کە مۆڵەتی پێدراوە (COVAXIN)ە، کە لەلایەن کۆمپانیای (Bharat Biotech)ەوە بەرهەمهێنراوە، کە کۆمپانیایەکی بەهێزی بەرهەمهێنەری پێکوتەیە لە هندستان.

لە ئێستادا کۆمپانیا هندییەکان لەگەڵ زانکۆ و تاقیگەکانی وڵاتانی رۆژئاوادا سەرقاڵی بەرهەمهێنانای چوار ڤاکسینن.

بڕی زۆر و تێچوونی کەم
چاوەڕوان دەکرێت هندستان رۆڵێکی گرنگ و گەورە لە بەرهەمهێنانی پێکوتەکانی دژ بە کۆرۆنا بگێڕێت، بەتایبەت کە دەتوانێت بڕێکی زۆر بە تێچوونێکی کەم بەرهەمبهێنێت.

ئەم تایبەتمەندییەی هندستان کە بەرهەمهێنانی برێکی زۆرە بە تێچوونێکی کەم، سەرنجی وڵاتانی هەژاری راکێشاوە، چونکە ئەم وڵاتانە لە توانایاندا نییە برێکی زۆر لە پێکوتە گرانبەهاکان بکڕن، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی هەژارن و دانیشتوانیشیان زۆرە.

هندستان بەم رێگایە ملیۆنان ژەمە ڤاکسینی بە بەڕازیل و مەغریب فرۆشتووە، چەندین وڵاتی دیکەش لە سەرەدا وەستاون و چاوەڕوانی ڤاکسینی هندین.

دەرمانخانەی جیهان
رۆڵی گەورەی هندستان لە بەرهەمهێنانی پێکوتەی دژە کۆرۆنا پەیوەندی بە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە، چونکە پێش هاتنی کۆرۆناش هندستان ٦٠٪ی پێکوتەی جیهانی بەرهەمدەهێنا.

بەرهەمهێنانی پێکوتە بۆ ٦٠٪ بۆ ٨٠٪ی کڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو ساڵێکدا و بەرزی ئەو بڕە پێکوتەیەی بەرهەمی دەهێنێت، وای کردووە بە هندستان بوترێت "دەرمانخانەی جیهان".

باشی کوالیتی پێکوتەکان و کەمی تێچوون وای کردووە پێکوتەکانی هندستان ناوبانگ پەیدا بکەن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە هندستان لە ساڵانی رابردوودا ژێرخانێکی بەهێزی بۆ بەرهەمهێنانی پێکوتە دروستکردووە.

نەخۆشێکی رزگارکەر
هندستان کە ئێستا دەیەوێت ببێت بە رابەری رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە چەندین پەتا و نەخۆشی گەورە، خۆی بە مێژوویەکی درێژ لە ئازار، نەخۆشی، پەتا و ڤایرۆسی مەترسیداردا تێپەڕیوە، لەوانەش تاعون، کۆلێرا، سورێژە، ئیفلیجی منداڵان، تای بەرز و درێژخایەن و چەندین نەخۆشی دیکە کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری هندییەکان بە درێژایی مێژوو.

هندییەکان لە سەرەتای سەدەی ٢٠وە هەستیان کرد پێویستە ئیتر پشت بە خۆیان ببەستن و خۆیان دانیشتوانەکەیان لە دەرد و نەخۆشییەکان بپارێزن. لێرەوە هندییەکان چوونە نێو جیهانی پێکوتەکان، نەک هەر خۆیان بەڵکو توانییان بەشی ژمارەیەکی زۆری جیهان دەرمان و پێکوتە بەرهەمبهێنن. ئیتر هندستان لە وڵاتێکەوە کە بە دەست ڤایرۆس و نەخۆشییەکانەوە دەیناڵاند، بوو بە وڵاتی قڕکردنی ڤایرۆس و نەخۆشییەکان، لە نەخۆشەوە بوو بە چارەسەرکار.

هەنگاوە گەورەکە
سەرەتای هەنگاوەکان لە هندستان بۆ رزگاربوون لە نەخۆشییەکان لەوێوە دەستی پێکرد کە هەستان بە دروستکردنی پەیمانگاکانی بەرهەمهێنانی پێکوتەکان لە هەموو هەرێمەکانی هندستان. لێرەوە بوو کە پەیمانگاکانی (Haffkine)  بۆ لێکۆڵینەوەی تاعون، (Kasauli) بۆ لێکۆڵینەوە و (Pasteur) دامەزران.

لە ساڵانی داتریشدا دەیان پەیمانگای دیکەی تایبەت بە لێکۆڵینەوەی پێکوتەکان دروستکران، لەوانەش (رێکخراوی ناوەندیی بۆ چاودێریی پێوەرە دەرمانییەکان)، (بەشی زانستەکان و تەکنۆلۆژیا)، (ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی زانستی و پیشەسازی)، (ئەنجومەنی هندی بۆ لێکۆڵینەوەی پزیشکی) و (پەیمانگای نیشتمانی بۆ بەرگری).

ئەم ناوەند و پەیمانگایانە رۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەیان بینی لەو پێشکەوتنە پزیشکی و دەرمانسازییەی هندستان بەدەستیهێنا.

ئیدارە و زانست؛ کلیلی پێشکەوتن
بەرپرسانی ئیداری ناوچەکانی هندستان پێشوازییان لە کردنەوەی ناوەند و پەیمانگا زانستییەکان کرد، بە هەموو توانای خۆیانەوە هاوکاریی پەیمانگاکانیان کرد و ئاسانکارییان پێشکەش کردن.

ئیدارەی هەرێمەکان خزمەتگوزاری تەندروستییان پێشکەشی دانیشتوان کرد و چوونە ژێر باری دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی خەڵک.

ئیدارەی هەرێمەکان، وەک پێشبڕکێ هەوڵیان دەدا زۆرترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەشی دانیشتوانەکانیان بکەن.

حکومەتی ویلایەت و هەرێمەکان زۆرترین هاوکارییان پێشکەشی پەیمانگاکانی بەرهەمهێنانی پێکوتە دەکرد، ئەمەش لە رێگای پێدانی زەوی و هاوکاری بۆ ئەو کۆمپانیا و ناوەندە زانستییە نێودەوڵەتییانەی تایبەتمەند بوون بە بەرهەمهێنانی پێکوتە.

ئیدارەی ویلایەتەکان، تەنانەت کارئاسانییان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکرد تاکو پێکوتەکانیان لەنێو دانیشتواندا تاقیبکەنەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی پەلکێشی ویلایەتەکانیانی بکەن.

هندستان ساڵی ١٩٩٠ گەیشتە ئاستێک کە خۆی توانی سەرجەم پێکوتەکان بەرهەمبهێنێت و پێویستی بە پێکوتەی وڵاتانی دیکە نەمێنێت. تەنانەت چارەسەرەکانی دژ بە سیل، سورێژە، ئەنلفلۆنزا و چەندین نەخۆشی دیکە بەرهەمهێنا. لێرەوە هندستان نەک هەر توانی پێداویستی ناوخۆ دابین بکات، بەڵکو چارەسەر، دەرمان و پێکوتەکانی کۆنترۆڵی بەشێکی گەورەی بازاڕی جیهانییان کرد.

وڵاتی پێکوتە
لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، کەرتی تایبەتی پزیشکیی لە هندستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بە پشتیوانی حکومەت، ئەم پێشکەوتن و پشتیوانی حکومەتەش هندستانی کرد بە دەرمانخانەی جیهان.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی چاودێریی ئابووریی هندستان، تەنها لە هندستاندا ٣٣٤ کۆمپانیای تایبەتمەند بە بواری بەرهەمهێنانی پێکوتە هەیە و بڕی داهاتیان لە ٥٠ ملیۆن یۆرۆ زیاترە. ئەمە جگە لەوەی نزیکەی ٥١٠٠ یەکەی بەرهەمهێنانی هەیە کە سەر بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانن.

بۆ نموونە پەیمانگای (Veterinary Serum & Vaccine Research Institute) کە سەرەتا وەک بە بەخێوکردنی ئەسپ دەستبەکار بوو، ئێستا بووە بە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی بەرهەمهێنانی پێکوتە کە ساڵانە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن ژەم پێکوتە بەرهەمدەهێنێت.

ئەم کۆمپانیایە بە تەنها خۆی یەک لەسەر منداڵانی جیهان دەکوتێت دژ بە نەخۆشییەکانی ئیفلیجی، نیکاف، سکچوون، هەوکردنی جگەر و تەنگەنەفەسی. لە ئێستاشدا سەرقاڵی پڕکردنەوەی پێکوتەیە بە پێکوتەی ئەسترازێنیکا بۆ وڵاتانی جیهانی سێیەم و هەژار.

(Bharat Biotech) یەکێکی دیکەیە لە کۆمپانیا گەورەکانی هندستانە و بارەگای سەرەکی لە حەیدەر ئابادە. ئەم کۆمپانیایە بە تەنها خۆی نزیکەی ١٦ پێکوتە هەناردەی زیاتر لە ١٠٠ وڵات دەکات، لەوانەش پێکوتەی پەتای ئەنفلۆنزا (H1N1) لە ساڵی ٢٠٠٩.

ئەم کۆمپانیایە زیاتر بەوە بەناوبانگ بوو کە پێکوتەی دژ بە ڤایرۆسی رۆتا (ئەو ڤایرۆسەی لە گەدە و ریخۆڵەکانی دەدا) بەرهەمهێنا و بە کەمتر لە یۆرۆیەک خستییە بازاڕەکانەوە، ئەمەش هاوکارییەکی زۆری رێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

ئەم کۆمپانیا گەورانە و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی وەک گروپی (Zydus)، کۆمپانیای (Premas Biotech) و (Biological E) رۆڵێکی گرنگیان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆس و نەخۆشییەکان بینی، هەمووشیان لە ئێستادا و بە هاوکاری تاقیگە جیهانییەکان کار بۆ پەرەپێدانی پێکوتەکانی دژ بە کۆرۆنا دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی کۆمپا هندییەکان لە بواری پێکوتەدا پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، بەڵام لەبری بەرهەمهێنانی پێکوتەی خۆیان بە سەربەخۆیی، زیاتر کاریان لەسەر بەرهەمهێناوەی پێکوتەی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان کردووە، زۆر جاریش بە هاوبەشی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان پێکوتەیان بەرهەمهێناوە یان بەرهەمهێناوەتەوە، وەک ئەوەی ئێستا کۆمپانیا هندییەکان بە هاوکاری ئەسترازێنیکا پێکوتەی کۆمپانیاکە دژ بە کۆرۆنا بەرهەمدەهێنن.

هۆکاری ئەوەی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان لەگەڵ کۆمپانیا هندییەکان پێکوتەکانیان بەرهەمدەهێنن، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕی تێچوونی بەرهەمهێنانی پێکوتە لە هندستان ٥٠٪ کەمترە لەو تێچوونەی لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە.

بەم جۆرە هندستان لە بواری دەرمان و چارەسەردا توانیویەتی پێگەیەکی گرنگ لە ئاستی جیهاندا بەدەستبهێنێت، بۆ نموونە ٦٥٪ی پێداویستی رێکخراوی تەندورستی جیهانی لە بواری پێکوتەدا پڕکردووەتەوە. ئێستاش لە ریزی پێشەوەی بەرهەمهێنەرانی پێکوتەی دژ بە کۆرۆنادایە و دەتوانێت هاوکاری رێکخراوەکە بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، بەتایبەت لە وڵاتە هەژارەکاندا.

هندی و بیانییەکان
کۆمپانیا هندییەکان تێگەشتوون لەوەی کە لە رێگای هاوبەشییان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییە تەندروستییەکانەوە، دەتوانن لە بواری بەرهەمهێنانی پێکوتەکاندا زۆر زیاتر پێشبکەون، ئەمەش وەهایان لێدەکات بتوانن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی رۆژئاوادا رکابەری بکەن.

هەوڵی کۆمپانیاکان لەم بوارەدا بەرهەمی هەبووە و توانیویانە مافی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی ژمارەیەکی زۆری ئەو پێکوتانە بەدەستبهێنن، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەورووپا و ئەمریکاوە بەرهەمهێنراون.

کۆمپانیاکانی هندستان لە رێگەی فراوانکردنی تۆڕی هاریکارییەکانیان، توانیان پەیوەدندییەکانیان لەگەڵ دەستە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی و (Bill & Melinda Gates Foundation) بەرەو پێشەوە ببەن.

هندییەکان بە هاوبەشی کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان توانییان پێکوتەی نوێی کۆلێرا، هەوکردنی مێشک و مۆخی بڕبڕاگە و هەوکردنی مێشکی ژاپۆنیی بەرهەمبهێنن. لە ئێستاشدا چەند کۆمپانیایەکی هندی سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ تاقیگەکانی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنانی پێکوتەی دژە کۆرۆنا.

ئێستا پەیمانگای (Veterinary Serum & Vaccine Research Institute)
بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای تەکنۆلۆجی (Codagenix, Inc.) کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی پێکوتەیەکی دژ بە کۆرۆنان. ئەم پێکوتەیە لە سەرەتادا رکابەری لەگەڵ ڤایزەر و مۆدێرنا دەکرد، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا دواکەوت.

کۆمپانیای (Bharat Biotech)یش بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی (Wisconsin-Madison) و کۆمپانیای (FluGen)ی ئەمریکی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی پێکوتەی دژە کۆرۆنای (Coro-Flu)ن، کە لە رێگەی لوتەوە دەدرێت.

پشت پەردەکە؛ ئەمریکا
لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنی هندستان لە بواری دەرمان و پێکوتەدا مێژوویەکی درێژی هەیە و پەیوەندی بە ژێرخانە تەندروستییەکەیەوە هەیە، بەڵام هێزە گەورەکانی جیهانیش لە پشت پەردەکەوە کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە، لەپێش هەمووشیانەوە ئەمریکا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، هانی کۆمپانیاکانیان دەدەن تاکو روو لە هندستان بکەن و هاوکاری و هاوبەشی کۆمپانیا هندییەکان بکەن، تاکو هاوسەنگی هێزی هندستان لە بەرامبەر چین رابگرن. واتە رۆژئاوا بۆ ئەوەی رێگا نەدات چین تاکە هێزی گەورەی ناوچەکە بێت، ناچارە هندستان بەهێز بکات کە هاوپەیمانێکی دڵسۆزیانە.

هاریکاری و هاوبەشی کۆمپانیا هندییەکان لەگەڵ کۆمپانیا خاوەن ناوبەنگە زانستییەکانی رۆژئاوا وای کردووە، پێکوتەکانی ئەم کۆمپانیا هندییانە دانپێدانراوتر بن لە پێکوتەکانی روسیا و چین و بتوانێت لە بازاڕەکانی جیهاندا رکابەری مۆسکۆ و پەکین بکات.

سەرەڕای کێشە و قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، هندستان توانیویەتی جێپەنجەی خۆی بەسەر دەرمان و چارەسەرە گەورەکانەوە بەجێبهێڵێت. ئێستا هندستان یەکێکە لە ناوەندە گەورەکانی چارەسەر، بەتایبەت بۆ وڵاتە هەژارەکان و وڵاتانی جیهانی سێیەم.