ڕاپۆرتی عیراق

02:42 - 03/02/2021

وەزیری دەرەوەی عێراق بۆچی لە تارانە؟‌

دوای چوار مانگ جارێکی دیکە لە سەردانێکی بەفەرمی رانەگەیەندراودا وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتەوە ئێران. سەردانەکە فواد حوسێن لەکاتێکدایە کە گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکان لە عێراق زۆر خێرا ڕوو دەدەن، بە تایبەت چالاکبوونەوەی داعش، پێکدادانەکانی حەشدی شەعبی و هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و نزیکبوونەوەی عێراق لە وڵاتانی کەنداو.

ئەگەرچی بە فەرمی رانەگەیەنرابوو، بەڵام سەردانەکەی لە میدیاکانەوە پێشتر دزەی پێکراو و سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە "3ی شوباتی 2021"،  وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندە باڵاکەی یاوەری گەشتنە ئێران.
سەردانەکەی فوئاد حوسێن بۆ تاران رۆژێک دوای سەردانەکەی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بۆ ئێران و دوو ڕۆژ دوای سەردانی نایف فەلاح حەجرەف سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بۆ عێراق دێت.

دۆسیەی ناوخۆی عێراق
سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکەی فوئاد حوسێن، عەلی موسەوی خاڵخاڵی، سەرنوسەری ماڵپەڕی دیبلۆماسی ئێرانی و شارەزای پەیوەندی دووقۆڵی نێوان ئێران و عێراق بە ڕۆژنامەی "العربي الجديد" چاپی لەندەی وتووە کە "دۆسیەی دۆخی ناوخۆیی عێراق لە تەوەرە گرنگەکانی سەردانەکەى وەزیری دەرەوەى عێراقە." 

خاڵخاڵی دەڵێت "بە دڵنیاییەوە باس لە هێرشە یەک لەدوای یەکەکان دەکرێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق کە لەلایەن گروپە چەکدارییە شیعەکانی نزیک لە ئێران ئەنجام دەدرێت و دەوترێت ئێران هانیان دەدات."

نزیک بوونەوەی عێراق لە وڵاتانی کەنداو
چاوپێکەوتنە بەردەوامەکانی چەند مانگی رابردووی بەرپرسانی باڵای عێراق لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی وڵاتانی دراوسێ و کەنداو، کردنەوەی چەند دەروازەیەکی سنوری و رێککەوتنەکان لە بواری کارەبا و پیشەسازی لەگەڵ کەنداو ئاماژەی کرانەوەی عێراق و دەرچوونی رێژەیی بەغدان لەژێر هەژموونی تاران.

رۆژی دوو شەممە، 1 شوباتی 2021، نایف فەلاح حەجرەف سکرتێری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. یەکێک لە رستە گرنگەکانی حەجرەف ئەوە بوو وتی، "پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کەنداو ستراتیژین." ئەمەش پەیامێکی گرنگ بوو بۆ دۆست و دوژمنەکانی عێراق کە ئیتر کەنداو لە بەغدایە.


حەجرەف وتیشی، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هێنانەکایەی ئاسایش و سەقامگیری لەتەنیشتی عێراقدان، گفتوگۆ لەبارەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداو و بەستنی کۆنگرەی سەرمایەدارانی هەردوولاش کراوە.

بەڵام عێراقێک کە نزیکەی ٢٠ ساڵە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە زەحمەت و پڕ کێشەیە بە ئاسانی خۆی لە تاران رزگار بکات.

فیلمە ئێرانییەکە
ئێران، لەبارەى شەڕى داعش و هاوکارییەکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و قاسم سولەیمانى بۆ سەرکردایەتى کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەى داعش فیلمێکی بڵاوکردەوە، بڵاوبوونەوەى فیلمەکە کاردانەوەیەکى زۆرى لێکەوتەوە کادیر و ئەندام و بەرپرسانی پلە باڵای پارتی دیموکراتی تورە کرد، کار گەشتە ئەوەی سەفین دزەیی،  بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەر کونسوڵگەری  ئێران لە هەرێمی کوردستان ئاگاداربکاتەوە. هەروەها، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە "27ی کانوونی دووەم 2021" هاتە دەنگ و لە پەیامێکدا رایگەیاند "ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا."

عەلی موسەوی خاڵخاڵی ڕوونیدەکاتەوە کە پێدەچێت بەشێک لە ئەجێندای سەردانەکە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی کورتە فیلمێکی ئێرانییەوە هەبێت لەبارەى هاوکاری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی لەبارەى هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتی نزیکبوونەوەى داعش لە هەولێر، "هەرێمی کوردستان پێی وایە سوکایەتییەکی زۆر بە مەسعود بارزانی کراوە."

وەزیرانی دەرەوەی  ئێران و عێراق کۆبوونەوە
لە یەکەمین کۆبوونەوەی پاش گەشتنە تاران، وەزیری دەرەوەی عێراق لەڵ محەمەد جەزاد زەریفی هاوتا ئێرانییەکەی لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆبوویەوە.

بە گویرەی  راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، وەزیری دەرەوەی ئێران ستایشی هەنگاوە دادوەرییەکانی کوشتنی قاسمی سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆکی گشتی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن خەڵک و حکومەتی عێراقەوە کردووە.

ئیرنا ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات دواین گۆرانکارییەکانی پەیوەندییە  دوولایەنەکان و بابەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتویەتی " کۆتایهێنان بە هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا باشترین کاردانەوەیە بۆ هەنگاوە تیرۆریستییەکان."

لە بواری ئابوریشدا باس لە کۆمسیۆنی هاوبەشی هاریکارییە ئابورییەکانی هەردوو وڵات کراوە و هەردوو لا خۆشحاڵبوون بە رێککەوتن لەسەر  شارە پیشەسازی، بازارە سنووریەکان، هاتووچۆ و بازرگانی و گەشتیاری ، گواستنەوە و گەیاندی کاڵا و بابەتە بانکییەکان  کراوە و گەشتوونەتە ئەنجام .
فوئاد حوسێنیش  لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر  گرنگی تایبەتی "مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە بەدواداچوون و رێکخستنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات کردووەتەوە.

جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازی لە  فوئاد حوسێنی هاوتا عێراقیەکەی کرد

حوسێن و شەمخانی کۆبوونەوە
لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە نوسینگەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران، چاویکەوت بە عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنەکە.

بە گوێرەی هەوڵێکی ئاژانسی هەواڵی میهر، شەمخانی دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سیستمی دادوەری عێراق گرتووە بۆ دەرکردنی سزای دەستگیرکردنی دۆنالد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ماپیک پەمپەیۆی، وەزیر پێشووی دەرەوەی ئەمریکا.

شەمخانی و حوسێن لە نوسینگەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران کۆبوونەوە
 راپۆرتەکەی میهر ئاماژە بەوە دەکات، شەمخانی لەم دیدارەدا باسی لە پێویستی  دەستوبرد کردن لە  بەڕێوەچوونی تەواوی ڕیککەوتنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات  لە بواری جیاوازەکاندا کردووەتەوە.

سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا هۆکاری نائارامی و قەیرانەکانی ناچەکەی بە هەبوونی هێزە بیانییەکانەوە گرێداوە و گوتویەتی " جێبەجێکردنی  هەرچی خێراتری پەسەندکراوی پەرلەمانی عێراق بۆ چوونە دەرەوەی سەربازە بیانییەکان لە عێراق پێشەکییەکی باشە بۆ چوونە دەرەویان لە هەموو ناوچەکەدا.".

وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکی ئێران کۆبوونەوە
پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ زەریف و شەمخانی، فوئاد حوسێن چاویکەوت بە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران.

بەگوێرەی هەوڵێکی ئاژانسی هەواڵی فارس، لە کۆبوونەوەکەدا رۆحانی رایگەیاندووە، ئێران و عێراق دەتوانن ئاڵۆگۆڕی بازرگانی هاوبەشی نێوانیان بگەیەننە 20 ملیارد دۆلار.

رۆحانی سەرەرای جەختکردنەوەی لەسەر گرنگی کۆمسیۆنی هاوبەشی هاریکارییە ئابورییەکان، ئاماژەی بە  چارەسەرکردنی کێشەکانی جێبەجێکردنی رێگای ئاسنی نێوان شەڵەمچە-بەسرە کردوو و وتی " ئێمە لەو باوەرەداین ئەم پرۆژەیە تەواو ئابوری، بازرگانی دەبێت و لە زۆر روەوە رێگای پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت."

کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی عێراق و سەرۆکی ئێران
رۆحانی جەختی لەوە کردەوە، تاران رازی نییە بەهیچ دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا و ئەوەی بە زیانی خەڵکی عێراق لە قەڵەمدا. رۆحانی  هیوای خواست حکومەتی نوێی ئەمریکا بگاتە ئەو ئەنجامەی کە هەبوونی ئەوان لە ناوچەکەدا زیانی هەیە و چاو بەم سیاسەتەیاندا بخشێننەوە.

فوئاد حوسێنیش، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەبوارە جیاوازەکاندا وتی " خەڵک و حکومەتی عێراق سوپاسی  هاوکاری و پشتیوانییەکانی ئێران دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم لە عێراقدا ، بەتایبەت لە شەڕی دژی داعشدا و هەرگیز ئەم هاوکارییانە لەبیر ناکەن."

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەدا، بەغداد سورە لەسەر بەدواداچوون بۆ چوونە دەرەوەی هێزە دەرەکییەکان لە عێراق و بەو رێککەوتن هەنگاوانەی کە نراون ئەم بابەتە لە حاڵەتی جێبەجێکردندایە.