ڕاپۆرتی جیهانی

10:03 - 04/05/2021

ئەفریقا؛ کیشوەری دایکە برسییەکان‌‌

لەگەڵ ئەوەی دەیان ساڵە هەوڵ دەدرێت برسێتی لە جیهاندا کەمبکرێتەوە و کۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام تاکو ئێستا رۆژانە هەزاران منداڵ بە برسێتی لەدایک دەبن و گیان لەدەستدەدەن. هەزاران دایکی برسی هەزاران منداڵی برسی دەخەنە سەر ژمارەی منداڵە برسییەکانی دیکە. بەشێکی زۆری برسییەکانی جیهانیش پێیان وایە ئەفریقییەکان ئەگەر لە برسێتیش رزگاریان ببێت، بە کولەمەرگی و چەندین کێشەی تەندروستییەوە بەردەوامی بە ژیانیان دەدەن.

لە سەدا 11ی جیهان برسییە
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕواستی ساڵی رابردوودا، 820 ملیۆن کەس لە جیهاندا بە دەست برسێتییەوە دەناڵێین، کە دەکاتە لە 11%ی دانیشتوانی جیهان.

ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2015 ژمارەی کەسانی برسی لە جیهاندا 785 ملیۆن کەس بوون. لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018شدا، لە 11% دانیشتووانی جیهان خۆراکی پێویستیان دەستنەکەوتووە.

شکستی پلانی کۆتاییهێنان بە برسێتی
ساڵی رابردوو جۆسێ گرازیانۆ داسیلڤا بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بێهیوایی خۆی راگەیاندو گوتی، هەر لە ساڵی (2015)ەوە پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان شکستی هێناوە کە بۆ کۆتاییهێنان بە برسیتی لە ساڵی (2030) دانرابوو.

دوو ملیار کەس لە ترسدا
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیدا هاتووە، نزیکەی دوو ملیار منداڵ، ژن و پیاو لە جیهاندا لەژێر کاریگەریی نەبوونی سەقامگیری خۆراکدان کە دەکاتە لە 25% دانیشتووانی جیهان. ئەم دوو ملیار کەسە ناتوانن بەشێوەیەکی رێکخراو و بێ مەترسی بەردەوام دەستیان بە خۆراکی پێویست و تەندروست بگات.
دونیایەکی برسی

پسپۆرانی ئامادەکاری راپۆرتەکانی رێکخراوەکە باس لەوە دەکەن شەڕە چەکدارییەکان، وشکە ساڵی و لافاوەکان هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوونی ناسەقامگیریی خۆراک و برسێتیی لە ئەفریقا و لە 2019 لە هەر پێنج ئەفریقی کەسێکیان بە دەست برسێتییەوە ناڵاندوویەتی.

هەر ساڵی 2019 لە 15% دانیشتووانی ئاسیا و7%ئەمریکای لاتین کێشەی کەمی خۆراکیان هەبووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان؛رێکخراوی راگەیاندنی نەهامەتییەکان
لە بەهاری 2017، ستیڤن ئۆبرین رێکخەری دۆخە لەناکاوەکان و جێگری سکرتێری گشتی بەرپرسیار لە کاروبارە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بە شکست و بیهیوایی مرۆڤایەتییدا نا و وتی، لە ساڵی (1945)ەوە، جیهان بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت و تەنها لە چوار وڵاتدا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس لەبەردەم هەڕەشەی برسێتیدان.

45 ملیۆن ئەفریقی لەبەردەم وشکە ساڵی 2020دا

لە راگەیەندراوی هاوبەشی نێوان پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی و ریکخراوی خۆراک و کشتوکاقڵی جیهانیدا لە کۆتایی 2019 ئاماژە بە مەترسی وشکەساڵی لەسەر ژیانی ملیۆنان دانیستووی ئەفریقا کراوە.

بەپێی راپۆرتەکە، 11 ملیۆن ئەفریقی لە وڵاتانی ئەنگۆلا، زیمبابۆی، مۆزەمبیق، زامبیا، مالاوی، نامیبیا و چەند وڵاتیکی دیکە لەبەردەم ناسەقگیریی خۆراکدان و لە شەشی مانگی سەرەتای 2020دا 45 ملیۆن ئەفریقی لەبەردەم هەڕەشە و مەترسییەکانی وشکە ساڵیدا دەبن.

بەپێی راپۆرتی دەزگای هاوکاری نێودەوڵەتی لە کۆتایی 2019دا لە 18 وڵاتی ئەفریقادا 52 ملیۆن ئەفریقی بەهۆی نادادپەروەری لە دابەشکردن، شەڕە چەکدارییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و هەژارییەوە رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

لەدایکبوونی برسییەکان
ساڵانە لە ئەفریقا سەدان هەزار منداڵی برسی لە برساندا دەمرن و سەدان هەزار منداڵی دیکەش بە برسێتی و لە دایکە برسییەکانەوە دێنە دونیاوە.

تاکو ژمارەی دانیشتووانی ئەفریقا بەرزدەبێتەوە، ژمارەی برسییەکانیش بەرزدەبنەوە. تەنها لە چەند ساڵی رابردوودا لە نزیکەی ملیارێک و 300 هەزار ئەفریقی، ژمارەی برسییەکانی لە 182 ملیۆنەوە بۆ 233 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.

لە هەر شەش منداڵی لەدایکبوو، منداڵێکیان بە کەمکێشییەوە دێتە دونیاوە. نیوەی منداڵانی مردووی خوار تەمەن پێنج ساڵان، هۆکاری گیانلەدەستدانیان برسێتییە.

نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات، ساڵانە لە جیهاندا شەش ملیۆن، واتە رۆژانە 16 هەزار و 500 منداڵ بەهۆی کەمخۆراکیی و برسێتییەوە گیان لەدەستدەدەن.

لە مەرگەوە بۆ ژیانی کولەمەرگی
بەشێک لەو منداڵانەی لە جیهان و بەتایبەت ئەفریقا دەتوانن برسێتی تێبپەڕێنن و نەمرن، دواتر بە دەست کێشەکانی وەک لاوازیی گەشەکردن، کەمیی گەشەی مێشک و جەستەییەوە دەناڵێنن.

ئەفریقا؛ کیشوەری دایکە برسییەکان
بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر پینج کەسیکی برسی لە ئەفریقا، سێ کەسیان ژنن.

رێکخراوی تەندروستی جیهانیش ئاماژە بەوە دەکات، لە وڵاتانی کەم گەشەکردوو، بەهۆی جیاوازیی رەگەزی (جێندەری)یەوە، منداڵی کچ و ژنان لە منداڵی کوڕ و پیاوان زیاتر ئازاری برسێتی دەچێژن.

بەپێی کەلتوری زۆربەی کۆمەڵگا ئەفریقییەکان، ژنان (بەتایبەت دایکان)، دوای هەموو ئەندامانی خێزانەکانیان نان دەخۆن، بۆیە ئەو خواردنە کەمەشی هەیە لە کۆتاییدا بەر دایک و مێینەکانی خێزان دەکەوێت.

برسێتی لە جیهانێکی پڕ خۆراکدا
ساڵانە بەشی پێداویستی هەموو دانیشتوانی زەوی خۆراک بەرهەمدەهینرێت، بەڵام بەشێکی لەناودەبرێت و لەناودەچێت.

سێ یەکی ئەو خۆراکەوە لە جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت، واتە ملیارێک و سێ سەد ملیۆن تۆن بە هۆکارەکانی ئابووری، تەکنیکی و جیبەجێنەکردنی رێکارەکانی پاراستنیانەوە، لەناودەچێت.

تەنها لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ساڵانە 222 ملیۆن تۆن خۆراک بەهەدەر دەدرێت، کە ئەمەش دەکاتە کۆی خۆراکی بەرهەمهێندراو لە 16 وڵاتی ئەفریقادا، کە لە هەر چوار کەسیان یەکێکیان بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، واتە نزیکەی 220 ملیۆن کەس.

برسێتی؛ کوشندەتر لە ئایدز، سیل و مەلاریا
زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکەن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا بەهۆی برسێتییەوە دەمرن، زیاترن لەو کەسانەی بەهۆی ئایدز، سیل و مەلاریاوە گیان لەدەستدەدەن.

پسپۆران باس لەوە دەکەن تاکە رێگای رووبەڕووبوونەی برسێتی، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دابەشکردنییەتی بە دادپەروەری.

ئیش یان قوتابخانە؟
بەشێکی زۆری خێزانەکانی ئەفریقا ناچارن لەنێوان ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە و ناردنیان بۆ ئیش یەکێکیان هەڵبژێرن.

لەبەرئەوەی دەوڵەت لە قوتابخانەکاندا خواردن دابەشدەکات و چاودێری تەندروستیش باشترە، بەشیک لە خێزانەکان ناچارن منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن. بەشێکی دیکەیان بۆ پەیداکردنی پارەیەکی زیاتر منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەردەکەن و رەوانەی ئیشیان دەکەن.
لە ئێستاشدا كە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەرۆكی جیهانی گرتووە و وەك سەرچاوە تەندروستیەكانیش ئاماژەی پێدەدەن زۆرینەی ئەوكەسانەی تووشی دەبن ئەوانەن كە بەرگریی جەستەییان لاوازە، هەربۆیە ئەفەریقای برسی لەبەردەم هەڕەشەی زیاتریشدا دەبێـت ئەگەر جیهان چاوێكی لەسەریان نەبێت.