ڕاپۆرتی کوردستانی

04:05 - 09/10/2021

هه‌ڵبژاردن و ئاسۆیه‌كی لێڵ‌

فەخرەددین ئیبراهیم

١٠ی تشرینی یەکەم رکابەری سەرانسەری لەنێوان سێ هەزار و ٢٤٣ كاندید بۆ دیارییکردنی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت کە دەسەڵاتی هەیە بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی داهاتوو دیاریی بکات، حکومەتێک کە پێدەچێت نە دیارییکردنی ئەوەندە ئاسان بێت و نە ئەرکەکانی دوای دەستبەکاربوونیشی.

بەپێی پلانێک کە ئەمریکا رایگەیاندووە، عێراق لەگەڵ یەکەم رۆژی سەری ساڵی نوێ، شایەتی دەرچوونی دوا سەربازی ئەمریکا دەبێت لە وڵاتەکەیدا و حکومەتی تازە هەڵبژێردراو رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی نوێ دەبێتەوە دوای ٢٠ ساڵ لە مانەوەی سەربازانی ئەمریکا.

تایبەتمەندی ئەم هەڵبژاردنە

زۆر رەهەندی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو جیای دەکاتەوە.


یەکەمین هەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت کە لە مێژووی بیست ساڵی حوکمداری دوای سەدام حوسێن، پێشوەختە ئەنجامدەدرێت. ئەوە هۆکارەکەی بۆ شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی دەگەڕێتەوە کە دوو ساڵ لەمەوپێش لە عێراق سەری هەڵدا و بەخێراییەکی زۆر هەموو پارێزگا و بگرە شار و شارۆچکەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە و هەر زوو حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد. بۆیە هەڵبژاردنەکە هەڵقوڵاوی ناڕەزایەتییەکە کە تێدا ئۆمێد بۆ ریفۆرمێکی سەرانسەری وەک مژدەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی مستەفا کازمی پێشکەش بە خەڵکی عێراق کرا.


بە پەرۆشبوونی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەوە دەردەکەوێت کە مەودای ٩٠ رۆژ بۆ بانگەشە دیاریی کرا و ئەوەش لە مێژووی ئەم وڵاتەدا دیسان بێ وێنە بوو.

جیا لە هەڵبژاردنەوەکانی پێشوو، هەریەکە لە یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان چاویان لە رەهەندەکانی غافڵ نەکرد و هەنگاو بە هەنگاوی تۆماری دەنگدەران، ئامێرەکانی دەنگدان و لە کۆتاییدا بەڵێنی چاودێرییکردنی هەڵبژاردنەکانیشیان بۆ بەرگرتن لە هەرچەشنە پێشێلکارییەک بە ئاشکرا راگەیاند.

ئەگەر چی بەڕێوەبەردن و پەسەندکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە ئەستۆی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دادگای فیدراڵی عێراقدایە، بەڵام نەتەوە یەگرتووەکان ٩٠٠ کارمەندی خۆی بۆ چاودێرییکردنی هەڵبژاردنەکە دیاریی کردووە و ئەوەش لە مێژووی کاری رێکخراوەکەدا لە عێراق بێهاوتا بووە و پێنج هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریی کردبوو.


هاوکات یەکێتیی ئەورووپاش بوودجەی تایبەت و شاندی تایبەتمەندی بۆ چاودێرییکردن و یارمەتیدانی عێراقییەکان بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە دیاریی کردووە.

لە گۆشەنیگایەی جیاوازەوە


هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق لە نەبوونی دوو کارەکتەری کاریگەری ناوخۆیی و بیانی واتە فەرماندەی حەشدی شەعبی، ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، فەرماندە دەستڕۆیشتووەکەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق بەرێوەدەچێت.

ئەگەر رۆژانێک موهەندیس و سولەیمانی دەیانتوانی ناوماڵی شیعە لە بەرامبەر پێکهاتەکانی دیکەی نەتەوەیی و مەزهەبی عێراقدا رێکبخەن، ئێستا ئەو ئامانجە ئەستەمە. شیعە بەسەر چەند بەرە و هاوپەیمانییەک دابەش بووە و لە گفتوگۆکانی هەر پێش هەڵبژاردنیش دەردەکەوێت هەر بەرەیە ئامادەیە بە جیا لەگەڵ سوننە و کورد بۆ دابەشکردنی رۆڵ لە داهاتوودا رێکبکەوێت. سەرۆکوەزیرانە شیعەکانی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن بە نزیکایەتی لە ئێران ناسراون.

ئێستا دوای نەمانی قاسم سولەیمانی جۆرێک لە بڵاوی لەناو شیعەکاندا هەستی پێدەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت دوای هەڵبژاردن و نیشتنەوەی تەپ و تۆزی بانگەشە، جۆرێک لە ئارامی لەناو سیاسییەکانی شیعەدا بێنێتە ئاراوە.

ئەگەری گۆڕانی سیستەمی سیاسیی و پێکهاتەی دەسەڵات لە عێراق

لە عێراقدا بەپێی عورفێک کە هیچ پشتیوانییەکی دەستووریی و یاسایی نییە، سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆکوەزیران بۆ شیعە دیاریی کراوە و ئەو نەریتە سیاسییە لە ٢٠٠٥ەوە رەچاو دەکرێت. کەمێک وردبوونەوە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی عێراق دەری دەخات کە ئەو دابەشبوونە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبی نەیتوانیوە زۆر کێشەی نێوان پێکهاتەکان چارەسەر بکات و ناکۆکییەکانی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی کە شیعە نوێنەرایەتی دەکات بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو قسەیە.

دەڕچوون لەو پێکهاتەیە لەئێستادا ئەگەرچی ئەستەمە، بەڵام زەمزەمەی گۆڕانکاری لە پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق لەلایەن هەندێک لە سیاسییەکانەوە دەبیسترێت. ئەگەرچی ئەو گۆڕانکارییە لە زمانی هەندێک سەرکردەی وەک حەسەن توران لە بەرەی تورکمانی عێراق و محەمەد حەلبوسی لە بەرەی “تەقەدومی وەتەنی” ناڕوونە، بەڵام ئاماژەیەکە بۆ سەرەتای گفتوگۆیەک کە سیستەمی سیاسیی و کۆی پێکهاتەی دەسەڵات لە عێراق دوای ئەو هەموو گۆڕانکارییانەی کە لەسەرەوە باسی لێکرا، بگۆڕێت.


پێدەچێت تەنیا رێگرییەک لەبەردەم گۆڕانکاریی لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی عێراق، ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە گشتییە هەر لە شیعە، سوننە و کوردەوە. شیعەکان ئەمجارە بەسەر چەندین بەرەدا دابەش بوون و تەنانەت هاوسەنگەرەکان لە حەشدی شەعبیش لە یەک بەرەدا نین و هەریەکە لە هادی عامری لەگەڵ قەیس خەزعەلی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی فەتح، فالح فەیاز لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەک بە ناوی “العقد الوطنی” ، عەممار حەکیم، حەیدەر عەبادی لە هاوپەیمانییەکەی جیا و نوری مالیکی-یش بە لیستێکی جیا لە هەمووان بەشداری هەڵبژاردن دەکات.


سوننەکانیش بەسەر دوو هاوپەیمانی سەرەکیی "المشروع العربی" و "التقدم الوطنی" دابەش بوون. لە بەرەی کوردیش، پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی زۆرترین کورسی بوو لە هەڵبژاردنی پێشوو سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بە جیا و هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە هاوپەیمانییەکەدا و پارتە ئیسلامییەکانیش لە پێکهێنانی بەرەیەکدا سەرکەوتوو نەبوون و بزووتنەوەی ئیسلامی بایکۆت و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریش بە جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.

حکومەتی داهاتوو، ئەرکەکان و ئامانجەکان

• چاکسازیی لە دۆخی ناوخۆیی عێراق
کێشەکانی ئابووری، بێکاری و لەسەرووی هەموویان گەندەڵی کە بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵیش دانی پێدا دەنێین، گەورەترین گرفت لەبەردەم حکوومەتی داهاتووی عێراقدا دروست دەکات. گرفتێک کە رووخانی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدیشی بەدوادا هات.

مستەفا کازمی ئیرادەیەکی بەهێزی خۆی نیشان دا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کارگێریی و دارایی لە عێراق و دارشتنی ستراتیجییەتی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە یەکێک لە هەنگاوە سەرەکی و ژێرخایەنەکانی ئەو پرسە گرنگە لە عێراق دادەنرێت. دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بەشێک لە بەرپرسانی عێراقی لەوانەش، چەندین وەزیر، ئەندام پەرلەمان، پارێزگار و بەرێوەبەرانی گشتی، سووربوونی حکوومەتەکەی کازمی دەگەیاند لەسەر ئەو ئامانجە کە چەندین جاریش جەختی لەوە دەکردەوە کە خۆی بە تایبەتی لەم بارەیەوە چاودێری رەوتی لێکۆڵینەوە ودادگاییکردنەکان دەکات.

پێشتریش سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح رایگەیاندبوو کە گەندەڵی لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، هەزار ملیار دۆلاری زیان بەو وڵاتە گەیاندووە.

گفتوگۆکانی ستراتیجیی لەنێوان عێراق و ئەمریکا

لە حوزەیرانی ٢٠٢٠وە زنجیرەیەک گفتوگۆی ستراتیجیی لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق لە بوارەکانی سیاسیی، ئابووریی، ئاسایش و ئەمنی بەڕێوەچوو. لە چوار گەڕی گفتوگۆی ستراتیجیی، بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون و لەلایەن ئەمریکایش لەسەر ئاستی وەزیرانی بەرگریی و دەرەوە دیالۆگ کرا. ئەگەرچی باس لەوە دەکرێت، گفتوگۆکانی ستراتیجیی لەسەر ئەو ئاستانە بەردەوام بووە و لەمەولاوە گرووپەکانی کار بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوەکان و میکانیزمی جێبەجێکردنی راسپاردە و بڕیارەکانی تاوتوێ دەکەن.

بەو پێیە حکوومەتی نوێی عێراق، لە نەبوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا، لەسەر بنەمای گفتوگۆکانی ستراتیجیی پابەند دەبێت بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن و ئەمەش پێچەوانەی خواستی ئەو گرووپە شیعە توندڕەوانەیە کە کاریگەرییان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی شیعە بەهێزە، ئەوەش ئالنگارییەکەی رژدی حکوومەتی داهاتوو دەبێت.

 پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی

مستەفا کازمی هەوڵێکی جددی دا بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەوانەش سعوودیە و ئیمارات. هەژمونی ئێران لەسەر بەغدا، نیگەرانی وڵاتانی عەرەبی بەدوادابوو و ئەوەش جۆرێک لە کزی لە پەیوەندییەکانی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوە. حکوومەتی کازمی بە ئاراستەیەکی جیاواز، سەرنجی وڵاتانی عەرەبی جارێکی دیکە بۆ لای عێراق راکێشاوە. کۆنگرەی بەغدا کە راستەوخۆ ئاماژەیەک بوو بۆ روانگەی دیپلۆماسییەتی نوێی عێراق دروشمی “لە گرژیییەوە بۆ هاوبەشی” راگەیەندرا. عێراق بەفەرمی داوای کرد کە وڵاتانی عەرەبی بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی و بونیادنانی ژێرخانی عێراق. لە کەرتەکانی کارەبا و نەوت، وزە و دوای یارمەتی لە وڵاتانی کەنداو کرا و بەستنەوەی هێڵی کارەبای عێراق بە هێڵی کارەبای کەنداو بوو بە ستراتیجییەتێکی ئابووریی بەهێز. هەرچەندە ئەوە نیگەرانی ئێرانیشی لێکەوتەوە، بەڵام حکوومەتەکەی کازمی هەوڵی راگرتنی ئەو باڵانسەی دا، نێوەندگیری لەنێوان سعوودیە و ئێران لەو ئاراستەیەدایە.

گفتوگۆکانی سعودیە و ئێران

گفتوگۆی نێوان سعوودیە و ئێران، وەک دوو کارەکتەری گرنگی ناوچەیی و کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی عێراق، بە دەستپێشخەری حکومەتی مستەفا کازمی لە بەغدا بەردەوامە و هەر دوو وڵات خۆیان لە ئاشکراکردنی وردەکانی دانوستانەکان بۆ رای گشتی پاراستووە. ئەوە تەنیا لەسەر ئاستی چەند میدیایەک درکاوە، گفتوگۆکان چەندین گەڕیان دەرباز کردووە و هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی عێراق، فواد حوسێن و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، قاسم ئەعرەجی بەشێکن لە دانوستانەکان و چاودێرکردنی.

هەر بۆیە ئەوە جێگەی پرسیارە کە داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە گرنگەی ناوچەکە، کە تێکچوونی پەیوەندییەکانیان راستەوخۆ لەسەر گۆڕەپانی عێراق دەبینرێت، چی لێ دێت.

ئەگەرچی کازمی وەک لە کۆنگرەی هەماهەنگیی و هاوبەشیی بەغداش لە ٢٨ی ئاب دەردەکەوت، رەزامەندی هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراقی هەیە بۆ نێوەندگیری نێوان سعوودیە و ئێران، بەڵام بەو پێیەی کە کەمتر جار بینراوە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ٢٠٠٥ەوە تا ئێستا درێژەدەردی پلان و بەرنامەی حکومەتەکانی پێشووی خۆیان بن، جارێکی دیکە ئەو گومانە دروست دەکات کە چارەنووسی دانوستانەکانی بەغدا بە کوێ دەگەن.

سه‌رچاوه‌؛ A.A