کوردستان

11:05 - 16/05/2022

سێ جۆر نەخۆشیی لەنێو مریشکدا بڵاوبووەتەوە‌


سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانى رایگەیاند، سێ جۆر نەخۆشیی لەنێو مریشکدا بڵاوبووەتەوە کە ڤاکسینیش چارەسەری ناکات، چونکە ڤاکسینەکان خراپن.  

نازم عه‌بدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان لە سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، " نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکاندا پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی مریشکەوە هەیە لەبەرئەوەی کڕینی جوچک و دەرمان و عەلەف و گاز و پێداویستییەکانی بەخێوکردن گران بوون، حکومەتیش هیچ هاوکاری و بەدەمەوە هاتنێکی بۆ ئەم کەرتە نییە". 


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە، "نەخۆشی نیوکاسڵ و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاوبووەتەوە، 70%ی مریشک و جوچکی لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردن لەناو بردووە، بەداخەوە بەکارهێنانی ڤاکسین بەهیچ شێوەیەک لەکوردستان کارناکات، ئەو ڤاکسینانەی هەیە لە عێراق و کوردستان خراپن، ماوەی دوو ساڵە ئێمە داوا دەکەین لەحکومەت کە ڤاکسین دابین بکات بۆمان، چونکە ئەوە ئەمنی قەومیە هیچ بازرگانێک ناتوانێت دەستی بۆ بەرێت جکە لە حکومەت."  



دەشڵێت، "مریشک هێشتا نرخی خۆی دەرناهێنێتەوە و هەر لە زیاندان خاوەن کێڵگەکان بەهۆی لەناوچونی مریشک لە هۆڵەکاندا، هەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پرۆژە 3250 دینار دەکەوێت لەناو هۆڵی بەخێوکردن، ئەگر ڕێژەی 30% مریشک بمرێت ئەوا خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بە حه‌وت هەزار دیناریش هەر لە زیاندایە و مایەی خۆی ناگرێتەوە".