کوردستان

06:15 - 26/05/2022

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پلاسخارت و سەركردە و نوێنەری حزبەكانی هه‌رێم ئاشكراكرا‌



دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردە و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ناوەڕۆكی گفتوگۆكان ئاشكرادەكات.

سەڵاحەدین بابەكر كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كە وەك نوێنەری حزبەكەی بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی كردووە، ڕایگەیاند، "لە كۆبوونەوەكەدا دەستخرایەسەر كێشەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و جێنین پلاسخارت-ی نێردەی تایبەتیی ڕێكخراوەكە لە عێراق "دەیانەوێت نزیككردنەوە لە بۆچوونی لایەنەكاندا بێتە ئاراوە".

وتیشی، ناوەڕۆكی گفتوگۆكان ئەوە بووە كە "نابێت سیاسەت بە بنبەست بگەیەندرێت و زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، پێویستە جەماوەر دڵخۆشبكرێت و متمانە و هیوا بۆ جەماوەر بگەڕێندرێنەوە كە ئێستا لە ئاستێكی لاوازدان".

لەبارەی هەنگاوی داهاتووی سەركردەی حزب و لایەنەكانەوە ئاشكرایكرد، بڕیاردرا كۆبوونەوەیەكی تر ڕێكبخرێت و خاڵەكانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی تیادا تاوتوێبكرێن.