کوردستان

11:54 - 09/08/2022

موقتەدا سەدر: کەسانی وەک من بەیعەت بە گەندەڵی نادەن‌

 

 

موقتەدا سەدر سەرکردەی رەوتی سەدر، رایگەیاند کە کەسانی وەک ئەو، بەیعەت بە گەندەڵی نادەن.

موقتەدا سەدر لە تویتێکدا نووسیوویەتی "ھیچ گەندەڵکارێک فەرمانڕەوایی ئێمە ناکات و کەسانی وەک منیش بەیعەت بە گەندەڵی نادەن".

موقتەدا سەدر لە تویتەکەیدا بە پرسیارکردنەوە نووسیوویەتی "ئایە کەسێک نییە، ئێمە سەربخات؟".

دوێنێ دووشەممە ھەشتی ئابی ٢٠٢٢ سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی لە یادی عاشوردا، وتارێکی ڤیدیۆیی پێشکەش کرد و تیایدا وەڵامی داواکارییەکانی موقتەدا سەدری لە بارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دایە و رایگەیاند "نە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵدەوەشێتەوە و نە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت، تا ئەو کاتەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست پێ نەکەنەوە".

نوری مالیکی ھەروەھا وتبووی "گەلی عێراق لە پێکھاتە و مەزھەب و نەتەوەکان پێکدێت، ناکرێت ھیچ ئیرادەیەکی بەسەردا بسەپێندرێت".

راشیگەیاند "ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵناوەشێتەوە، سیستەمی سیاسیی لە عێراق ناگۆڕدرێت، هەروەها ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت، ئەگەر دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست پێ نەکەنەوە".

رۆژی سێی ئابی ٢٠٢٢، موقتەدا سەدر داوای کرد ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێندرێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.

ئەمەیش لە کاتێکدایە ماوەی ١١ رۆژە، خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بەردەوامە.