ڕاپۆرتی کوردستانی

04:24 - 24/01/2019

ئەو کوردەی روسیا و بریتانیای شکست دا بە خیانەتی براکەی کوژرا‌

پەیسەر

سەنجەرخانی وەزیری سنەیی ناسراو بە سەردار ئەکرەم، ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییەی کورد کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم هەر دوو سوپای بریتانیا و روسیای شکستدا، رەزا شای ئێرانیش نەیتوانی دەستگیری بکات، بەڵام بەهۆی ناپاکی و خیانەتی براکەی و بە دەست چەکدارەکانی براکەیەوە کوژرا.

 
لە مێژووی کورددا زۆر بە کەمی باسی سەنجەرخان کراوە، کەمترین سەرچاوە لەبارەیەوە هەیە، رەنگە هۆکارەکەشی ئەوەبێت کە سەنجەرخان تەنیا پاڵەوانێکی دژ بە داگیرکاری روسیا و بەریتانیا بووە و وەک سەرکردەیەکی جوڵانەوەی کورد بە دوای دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ و دەوڵەت بۆ کورد نەبووبێت.

مێژووی بنەماڵەی وەزیرییەکانی سنە
سەنجەرخان لە بنەماڵەی ناسراوی وەزیرییەکانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەپێی هەندێک سەرچاوە بنەچە و ڕەچەڵەکی بنەماڵەی وەزیرییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی وەزیرستانی ئەفغانستان، جەمال ئەحمەدی ئایین لێکۆڵەری مێژووی کورد لەمبارەیەوە دەڵێت لە سەردەمی شا عەباسی سەفەوی  (١٥٧١-١٦٢٩ ز) خان ئەحمەد خان کوڕی هەڵۆ خانی ئەردەڵان کە یەکێک لە گەورەترین و بەهێزترین میرەکانی ئەردەڵان بووە بۆ ماوەیەک وەک بارمتە لە ئەسفەهانی پایتەختی سەفەوییەکان بووە، ئەحمەد خان لە ئەسفەهان لەگەڵ پیاوێک بە ناوی خواجە ئیبراهیمی بەزاز کە ئەویش بارمتە بوو و وەک هەندێک سەرچاوە دەڵێن پێدەچی خەڵکی وەزیرستانی ئەفغانستان بێ ئاشنا دەبێت، پاشان لە سەر داوای هەڵۆخان برایمی بەزاز لەگەڵ ئەحمەد خان دێتە سنە ناوەندی میرنشینی ئەردەڵان.

ئەحمەدی ئایین پێیوایە کە دواتر کاتێک لە ساڵی ١٠٤٦ کۆچی مانگی بەردی بناغەی شاری سنە دادەنرێت، وەزیرییەکان دێنە ناو شاری سنە و لە دروستکردنی شاردا رۆڵێکی بەرچاویان دەبێت، لە سەردەمی ئامانوڵڵاخاندا بە شێوەی فەرمی دەچنە ناو حکومەتی ئەردەڵانەوە، بە هۆی تواناکانیان لە بواری ژمێریاری و کار و باری دیواندا و پێویستیی ئەردەڵانییەکان بەم زانستە، وەزیرییەکان شوێپێیەکی قایم بۆ خۆیان لەناو حکومەتی ئەردەڵاندا دروست دەکەن، بنەماڵەی وەزیری بە چوونە ناو دامودەزگای دەسەڵاتداریی ئەردەڵان، دەبنە خاوەن نازناو و پێگەی تایبەت بە خۆیان و نازناوی میرزا بە واتای سکرتێر و نووسەریان پێ دەبەخشرێت.
لە سەردەمی ئەمانوڵڵاخانی ئەردەڵاندا کەسێک  لە وەزیرییەکان بە ناوی میرزا لوتفوڵلا گوندی نەڕان دەکڕێت و لەو گوندە نیشتەجێ دەبێت، سەنجەرخان لە نەوەکانی میرزا لوتفوڵڵا بوو.

سەنجەر خانی وەزیری کێیە؟
سەنجەرخان کوڕی میرزا محەمەدی وەزیری خاوەنی ئاوایی نەڕانی سەر بە شاری سنەیە، ناوی دایکی جەیران خانمی ئەردەڵانە، جەیران خانم ژنی دووەمی میرزا محەمەد بوو، دوو کوڕی بە ناوەکانی سەنجەر و یەدوڵڵا هەبوو. لە دوای مردنی میرزا محەمەد، سەنجەر خان بە هۆی ناکۆکی لەگەڵ براکانی، ناچار بوو گوندەکەی خۆی جێ بهێڵێت و ڕووی کردە ناوچەی کولیایی لە سنووری کرماشان و بوو بە چەکداری ئەمانووڵڵا خانی فەرهەنگ. 

لەمبارەوە هونەرمەند عەباس کەمەندی لە  کتێبی داستانی سەنجەر خاندا دەنووسێت میرزا محەمەدی وەزیری نەڕانی باوکی سەنجەر خان ئامۆزای ئاسف دیوان بووە، دوو ژنی هەبوو کە لە ژنی دووەمی سەنجەرخان و یەدوڵا خان لە دایکبوون، دایکی سەنجەر خان خوشکی حاجی عەلی خانی کولیایی بووە کە لە کەسە نزیکەکانی ئەمیر ئەمجەد خانی کولیایی بووە.
کەمەندی دەنووسێت سەنجەرخان لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا بەهۆی قسە لە ڕوویی دەکەوێتە بەر ڕقی ئاسف دیوان و ناچار دەبێ پەنا بباتە بەر حاجی عەلی خانی کولیایی و دەبێتە سەردار لە سوپای ئەمیرئەمجەد خانی کولیایی.

جەمال ئەحمەدی ئایین پێی وایە کە هەرچەندە سەبارەت بە چوونی سەنجەرخان بۆ ناوچەی کولیایی بیر و بۆچوونی جیاواز هەیە و هەندێک دەڵێن لە کولیایی بووەتە سەردار لە لەشکەری ئەمیر ئەمجەدخانی کولیایی، بەڵام دروستترین بۆچوون هەر ئەوەیە کە لەوێ بووەتە چەکداری ئەمانوڵڵا خانی فەرهەنگ و لە ژێر کاریگەریی ئامانوڵڵا خان لە ڕووس و ئینگلیز بێزار بووە، لەو سەردەمەدا لەناو دەسەڵاتدارە خۆجێیەکان ئەوانەی لە ڕووسەکانەوە نزیک بوون بە روسۆفیل ناسرابوون و ئەوانەشی لە بریتانیاوە نزیکبوون بە ئەنگلۆفیل ناویان دەرکردبوو، بەڵام ئەمانوڵڵا خان لایەنگری هێزێکی سێهەم بوو کە ئەڵمانیا بوو و ئەویش بە ئەڵمانۆفیل ناسرابوو، پاساویشی ئەوە بوو کە دوژمنی دوژمنەکەمان دۆستمانە.

سەنجەرخان پاش گەڕانەوەی لە ناوچەی کولیایی ڕووی کردە ناوچەی میاورورانی دێولانی نزیک سنە و هەندێک زەوی و زاری کڕی و بناغەی گوندێکی دانا و دەستی بە کاری جوتیاری و ئاژەڵداری کرد، لە گوندەکەی خانوو و زەوی بە جوتیارانی ناوچەکەدا دەدا و خەڵکی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و هاوکات لەگەڵ جوتیاری و ئاژەڵداری دانیشتوانی گوندەکەی فێری ئەسپ‌سواری و مەشقی سەربازیش دەکرد.

جەمال ئەحمەدی ئایین دەڵێ هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونی سەنجەرخان، لە ئێراندا  شۆڕشی مەشرووتە ڕووی دا، گەورەترین دەستکەوتی مەشرووتە، کەمکردنەوە و لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بوو، هەربۆیەش حاکمی ویلایەتەکان کە لە ناوەندەوە دەستنیشان دەکران، دەسەڵاتیان کەمتر بووەوە و عەشیرەتەکان بەهێزتر بوون، هەر سەرۆک عەشیرەتێک چوار چەکداری هەبووایە، بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەگرتە دەست، سەنجەر خانیش لەو کاتەدا هەندێک چەکدار و سواری لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە.
 لە سەردەمی سەردار مەحیی ڕەشتیدا کە دانراوی حکومەتی مەشرووتە لە سنە بوو، سەنجەرخان کەوتە دژایەتیکردنی حکوومەتی ناوەندییەوە، لەو کاتەدا کە ڕەزاخان ( کە دواتر بووە شای ئێران) هێشتا ئەفسەرێکی قەزاقی بەکرێگیراوی حکومەتی ناوەندی بوو، بۆ دەستگیرکردنی سەنجەرخان چووە قەڵای میاوروران، بەڵام نەیتوانی دەستگیری بکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ناو و ناوبانگی سەنجەرخان لە ناوچەکەدا دەنگدانەوەیەکی زیاتری هەبێت.

رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر دوو لەشکری روس و بەریتانیا
لە جەنگی جیهانی یەکەمدا زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببوونە شوێنی بەریەککەوتنی سێ سوپای عوسمانی و روسیا و بریتاینیا، حکومەتی ناوەندی قاجارەکانیش ئەوەندە لاواز بوو کە توانای پاراستنی خاک و خەڵکەکەی نەبوو لە داگیرکاری هێزە بیانییەکان، سوپا داگیرکەرەکان بۆ دابینکردنی بژیوی سەربازەکانیان دەستیان بەسەر گەنم و عەمبارەکانی خواردەمەنیدا گرتبوو و ئەمەش قاتوقڕی و گرانی و برسێتی لە ناوچە کوردییەکاندا لێ کەوتبووەوە، لەم سەروبەندەدا سەنجەرخان بۆ رزگارکردنی خەڵکەکە لەو نەهامەتیانە بە پشتبەستن بە خەڵکی ناوچەکانی سنە و کامیاران بەرەنگاری هێزە داگیرکەرەکان بووەوە.

عەباس کەمەندی لە کتێبەکەیدا سەبارەت بەم قۆناغەی ژیانی سەنجەر خان دەنووسێت سەنجەر خان کە هەستی بە قووڵایی قەیران و گوشاری زۆری سەر خەڵکی کردبوو، بە نامەیەک داوای لە حاکمی حکومەتی ناوەندی لە سنە کردبوو کە پشتیوانی لە خەڵک بکات و یارمەتی خەڵک بدات بۆ شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی هێزە داگیرکەرەکان، بەڵام حاکمی سنە لە دژی ئەم داواکارییە دەوەستێتەوە، سووربوونی سەنجەرخان لە سەر بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران دەبێتە هۆی نیگەرانی حاکمی سنە و بۆ ئەوەی پێش بە راپەڕینی سەنجەرخان بگرێت هێزێکی بریتانی بۆ سەرکوتکردنی سەنجەرخان دەنێرێت، لە ئەنجامدا شەڕێکی قورس لە نێوان سوپای بریتانیا و سەنجەرخان ڕوو دەدات و بە تێکشکانی بریتانییەکان کۆتایی دێت، سەرکەوتن بەسەر بریتانییەکاندا دەبێتە هاندەرێک بۆ سەنجەرخان کە بەرەنگاری رووسەکانیش ببێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە بێ داواکردنی مۆڵەت لە حکومەتی ناوەندی و هیچ کەسێکیتر، دەکەوێتە شەڕێکی قورس لەگەڵ ڕووسەکان و لە ناوچەکە دەریاندەپەڕێنێت.

جەمال ئەحمەدی ئایین پێیوایە هەر لەم سەروبەندەدا کە بارگرانییەکی زۆر کەوتبووە سەر شانی خەڵک، عوسمانییەکان لەم دۆخە کەڵکیان وەرگرت و مەلاکان و سەرۆک عەشیرەت و کەسانی دیاری ناوچەکەیان هاندا بۆ ئەوەی جیهاد لە دژی ڕوسەکان رابگەیەنن، لە کاتی ڕاگەیاندنی جیهاددا، سنە لە ژێر دەستی ڕوسەکاندا بوو، هێزی  عەشیرەتەکان لە ناوچە جیاجیاکانەوە هێرشیانکردە سەر سنە، یەکێک لە سەرکردەکانی شەڕ سەنجەرخان بوو کە توانیان ڕوسەکانیان لە شاری سنە دەرپەڕێنن.

لە دوای شکستی روسیا لەناو شاری سنە، سوپای ڕوس پاشەکشێی کرد بۆ بنکەیەکی سەربازی لەناوچەی بان‌لەیلاخ کە پێشتر خۆیان دروستیان کردبوو، کاتێک هێزی عەشیرەتەکان دوای سەرکەوتن بە سەر ڕوسەکاندا شاریان جێ هێشت، دووبارە ڕوسەکان گەڕانەوە ناو شار و خەڵکی شار بۆ پاراستنی خۆیان بە پێشوازیانەوە چوون، سەنجەرخانیش بە ناچار شاری جێ هێشت و گەڕایەوە قەڵای میاوروران، دوای ئەم رووداوە ڕوسەکان بڕیاریان دا تۆڵە لە سەنجەرخان بکەنەوە و قەڵاکەیان گەمارۆدا، لەم شەڕەدا سەنجەرخان بە قورسی بریندار بوو و لە گوندی گەزگەزارە بۆ ماوەیەک خۆی شاردەوە تا برینەکەی ساڕێژ ببێت.

بەڵام عەباس کەمەندی دەڵێت کاتێک سوپای ڕوس بە فەرماندەیی کۆلۆنیل مامانۆف گەیشتە سنە و سەردار مەحیی حاکمی حکومەتی ناوەندی ڕایکرد، لە سەر داوای خەڵک سەنجەرخان و کۆمەلێکی دیکە لە خانەکانی ناوچە لەگەڵ دوا خانی ئەردەڵان واتا عەباس خانی سەردار ڕەشید کە لە ڕوانسەر بوو، لەگەڵ ڕوسەکان کەوتنە شەڕ و تا شاری قوروە ڕاویان نان،  لە لایەکی دیکەوە سوپای ئەڵمانیا و سوپای عوسمانی کە هاوپەیمان بوون چوونە ناو سنەوە، ڕوسەکان جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر سنە و سەنجەر خان ئەمجارەیان بە تەنیا هەموویانی لە شار دەرکرد و ڕاوی نان. بە هۆی ئەم ئازایەتی و قارەمانێتییەوە دەوڵەتی عوسمانی، نازناوی "سەردار ئەکرەم"ی پێ بەخشی. 

کەمەندی پێیوایە پێدانی نازناوی سەردار ئەکرەم ئەوەندەی دیکە پێگەی سەنجەرخانی بەرزکردەوە و وەک کەسێکی پیرۆز و ئەفسانەیی لەناو خەڵکدا ناوبانگی دەرکردبوو، ڕوسەکان کە تاکە هۆکاری تێکشکانی خۆیان لە سەنجەرخانەوە دەدیت، دەستیان دایە گەمارۆدانی گوندی میاوروران و قەڵای سەنجەرخان، سەنجەرخان بۆ شکاندنی گەمارۆیەکە داوای لە حکومەت کرد یارمەتی بدات، شێخ مەردوخی سنە کە بۆ یارمەتی وەرگرتن بۆ سەنجەرخان ڕووی لە هەر کەس نا، بەبێ هیوایی ناردیانەوە، هەربۆیە شێخ بە ناچاری بە خۆی بە سی سوارەوە ڕووی لە قەڵای میاوروران کرد، بەڵام بەر لەوەی شێخ بگات، سەنجەرخان گەمارۆی سەر قەڵاکەی شکاندبوو و روسەکانی ناچار کردبوو پاشەکشێ بکەن، لەم شەڕەدا بوو کە سەنجەرخان بە قورسی بریندار ببوو.

سەبارەت بە پاشەکشێی یەکجاری سوپای روسیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان جەمال ئەحمەدی ئایین پێیوایە ساڵی ١٩١٧ کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیا ڕووی دا، یەکێتی سۆڤیەت بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی خۆی لە ئێران دابوو و دوای بریارەکەش هێزەکانی ڕوسیا لە ڕێگەی مەنجیلەوە بەرەو سۆڤیەت گەڕانەوە و میرزا کووچکی جەنگەلیش لە باکوری ئێران ڕێگەی پردی مەنجیلی بۆ دەربازبوونیان ئاوەڵا کردبوو، هەر بۆیە ئەو بۆچوونە راست نییە کە دەڵێن سەنجەرخان ڕوسەکانی تا پردی مەنجیل لە باکووری ئێران ڕاونا.

عەباس کەمەندیش لەمبارەیەوە دەڵێت شەڕ لەگەڵ ڕوسەکان کێشرایە ناوچەکانی دیواندەرە و سەقز و لە زۆربەی شەڕەکاندا سوارەکانی سوپای سەنجەرخان توانیان ڕوسەکان تێک بشکێنن و ئەو ناوچانە ڕزگار بکەن، سەنجەر خان بە هاوکاری یەکێک لە حاکمانی ناوچەی سەقز و بۆکان بە ناوی حیشمەتولموڵك خان، ڕوسەکانی تا پردی مەنجیل ڕاو نا و نامەیەکی بۆ میرزا کوچک خانی ناسراو بە سەرداری جەنگەڵ نووسیبوو و داوای کردبوو ڕێگەی دەربازبوونیان لێ بگرێت.
پاش کۆتایی هاتنی شەڕ حکومەتی ئێران بۆ چاوترسێن کردنی عەشیرەت و سەرۆک خێڵەکان و چەک داماڵینیان بە پلانێکی نوێ هەندێک کەسی نوێی وەک حاکم و فەرماندەی سوپا ڕەوانەی کوردستان کرد.

کەمەندی لەمبارەوە دەڵێت لە دوای سەردار مەحیی ڕەشتی، محەمەد خانی شەریفولدەولە کە خەڵکی کاشان بوو بووەتە حاکمی سنە، شەریفولدەولە پیاوێکی دڵڕەق  و بە فێڵ و تەڵەکە بووە و زۆربەی خانەکانی ناوچەی لە ناو برد. شەریفولدەولە بە فێل و تەڵەکە ویستی لەگەڵ عەشیرەتەکانی مەندومی و گەڵواخی ئاشتی بکات و داوای یارمەتی لە سەنجەرخانیش کرد، سەنجەرخان کە لە شەڕ و کوشتار لە ناوچەکەدا بێزار ببوو و دەیزانی ئەگەر شەریفولدەولە هێرش بکاتە سەر ئەم عەشیرەتانە، ئەوا رەحم بە ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەش ناکات، بەڵێنی هاوکاری دا، هێشتا لە قۆناغی دانووستاندابوون کە شەریفولدەولە هێرشی کردەسەر عەشیرەتەکانی مەندومی و گەڵواخی، سەنجەر خان لە دژی ئەم هێرشە وەستایەوە و شەریفولدەولەی جێی هێشت و وتی من نابمە هاوبەشی ئەم تاوانە.

شەریفولدەولە ڕقی لە سەنجەر خان هەڵگرت و پلانی کوشتنی داڕشت، لە ئەنجامدا خەلیل خانی برای سەنجەر خان بە ئاسف دیوانی ڕاگەیاند ئامادەیە سەنجەرخان لە ناو ببات بە مەرجێک کە لە دیوانی شەریفولدەولەدا جێی بکاتەوە،  لە مانگی موحەڕەمی ساڵی ١٣٣٧ی کۆچیدا خەلیل خان بە پیلانێک سەنجەرخانی بانگهێشتی ماڵی خۆی کرد و بە دەستی چەکدارەکانی خۆی دەیکوژێت.
بەڵام ئەحمەدی ئایین رووداوەکە بە جۆرێکی دیکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت سەنجەرخان پاش ساڕێژبوونی برینەکەی کە ماوەی ساڵێک زیاتری خایاند، گەڕایەوە نێو قەڵای میاوروران و لەم سەروبەندەدا هەندێک ڕووداوی نوێ هاتنە ئاراوە، یەکێک لەو ڕووداوانە دامەزراندنی ئەنجومەنێک بوو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دەسەڵاتی شای ئێران، سەنجەرخانیش بە هاوکاری چەند کەسێک ئەنجومەنێکیان بە ناوی ئەنجومەنی دیموکرات لە شاری سنە دامەزراند. 

ئەم رووداوانە هاوکات بوو لەگەڵ لادانی  ئەحمەدشای قاجار لە سەر حوکم، شوێنگرتنەوەی لەلایەن رەزا شاوە، یەکەم کاری ڕەزاشاش قەڵاچۆکردن و چەک داماڵینی عەشیرەتەکان بوو، شەریفولدەولەی کاشانی ناردە ویلایەتی کوردستان، شەریفولدەولە بە هاوکاری هەندێک کەس لە ناوچەکەدا دەستیکرد بە چەک داماڵینی عەشیرەتەکان کرد و  یەکە بە یەکە سەرۆک عەشیرەتەکانی بە دەستبەسەرکراوی ڕەوانەی تاران کرد و لە سێدارەیان دان، هەر بۆیە لە سنە بە شەریفە قەساو ناوی دەرکردبوو.

لەم کاتەدا سەنجەرخان هەر لە قەڵاکەی خۆیدا مایەوە و خۆی بە دەستەوە نەدا، دوو هاوڕێی نزیکی هەبوو بە ناوەکانی شێخ ئیبراهیمی شابازی و سالار نیزام، کاتێک ئەم دوو هاوڕێیەی کوژران سەنجەرخان زۆر تەنیا کەوت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی حکومەت نەیانتوانی دەستگیری بکەن، چونکە هەم قەڵای بوو، هەم هێزی چەکداری هەبوو، هەمیش دەوڵەمەند بوو و دەستی بە سەر زەوییەکانی ئاسف دیواندا لە بان‌لەیلاخ گرتبوو و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە موڵکی دایکیەتی و ئاسف دیوانی لە خۆی توڕە کردبوو، ئاسف دیوانیش بۆ سڕینەوەی مەترسیی سەنجەر خان، خەلیل خانی برای سەنجەر خانی لە دژی هاندا، خەلیل خان سەنجەر خانی بە بیانووی میوانییەک بانگهێشتی ماڵەکەی خۆی کرد، سەنجەر خان متمانەی بە براکەی کرد و لە قەڵاکەی هاتە دەرەوە و چووە ماڵی براکەی لە گوندی نەڕان، کاتێک بۆ دەستنوێژگرتن لە ماڵەکە هاتە دەر، لەلایەن چەکدارانی خەلیل خانەوە کوژرا، یەدوڵلاخانی برا و ئەحمەدخانی ئامۆزاشی هەر لەو میوانییەدا کوژران، هەرچەند خەلیل خان دواتر لەم کردەوەی خۆی پەشیمان بووەوە بەڵام بێ‌سوود بوو و بە براکوژ ناوی دەرکرد.

بە بڕوای ئەحمەدی ئایین سەنجەرخان ئەگەر بە دەستی براکەشی نەکوژرابایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕەزاشا هەر دەیکوشت وەک چۆن هەر لەم سەروبەندەدا میرزا کوچک خانی لە باکوری ئێران و شێخ خەزعەلی خوزستان و سمایل ئاغای سمکۆ و زۆر سەکردەی دیکەی کوشت.