جیهان

09:51 - 09/04/2021

کۆمەڵکوژی بارن چین و تورکیا بە گژ یەکتردا دەدات؟‌

پەیسەر

٣١ ساڵ پێش ئێستا ئیگۆرەکانی ناوچەی سینجان (Xinjiang) لەلایەن چینەوە رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە، یادکردنەوەی ئەم کۆمەڵکوژییە لەلایەن دوو سیاسیی باڵای تورکیا و "سەرزەنشتکردن"ی باڵیۆزی چین لە ئەنقەرە، ئاڵۆزی و گرژی خستووەتە نێوان پەیوەندییەکانی چین و تورکیاوە.

شەڕە تویت
رۆژنامەی (Financial Times)ی بەریتانی لە راپۆرتێکیدا کە (Ayla Jean Yackley) ئامادەی کردووە، باسی لە دوو بابەتی سەرەکی کردووە؛ یەکەم تویت و بڵاوکراوە میدیاییەکانی ئەم دواییەی باڵیۆزخانەی چین لە ئەنقەرە دەربارەی ئیگۆرەکان و چەند بابەتیکی دیکە.

بابەتی دووەمی راپۆرتەکە باس کردنە لە تویتەکانی هەریەک لە مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش (ئیی پارتی) و مەنسور یاڤاش سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە کە سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە.

بەرگرییەکانی تورکیا لە ئیگۆرەکان و ئەو کەسانەی رەخنە لە چین دەگرن توڕەیی چینی لێکەوتووەتەوە و ئەمەش پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی شێواندووە.

مەراڵ ئاکشەنەر و مەنسور یاڤاش لەبارەی کۆمەڵکوژی ٥ی نیسانی ١٩٩٠ تویتیان کردووە، کە تێدا ئیگۆرەکانی ناوچەی سینجان لەلایەن چینییەکانەوە کۆمەڵکوژ کران.

دواتر باڵیۆزخانەی چین لە ئەنقەرە بە توندی تویتەکانی رەتکردەوە و لە تویتەرەوە رەخنەی لە هەردوو سیاسییەکەی تورکیا گرت.

یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی بارن
مەراڵ ئاکشەنەر لە تویتەر نووسیبووی، بە رەحمەتەوە یادی شەهید و هاوڕەگەزەکانی رۆژهەڵاتی تورکستان دەکەینەوە کە ئامادە نەبوون مل بۆ چین بدەن و لە "بارن"دا کۆمەڵکوژ کران. هاوڕەگەزەکانمان کە لەژێر بەندیدا بوون لەبیرناکەین، ئەو ستەمەی لە ئیگۆرەکان کرا لەبیرناکرێت. بە دڵنیاییەوە رۆژێک دێت رۆژهەڵاتی تورکستان سەربەخۆیی وەردەگرێت."

هەمان رۆژ واتە ٥ی نیسان، مەنسور یاڤاش سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە تویتێکی کرد و نووسی، " سەرەڕای تێپەڕینی ٣١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی رۆژهەڵاتی تورکستان، ئەمڕۆ وەک ئەوەی یەکەم رۆژ بێت، هەست بە ئازارەکەی دەکەین. بە رەحمەتەوە یادی شەهیدەکان دەکەمەوە."

وەڵامێکی توند لە باڵیۆزخانەی چینەوە
رۆژێک دواتر و لە ٦ی نیسان، باڵیۆزخانەی چین لە ئەنقەرە ئەم تویتەی کرد، "لایەنی چینی، دژایەتی هەر کەس و هێزێک دەکات کە قسە لەسەر یەکێتی خاک و سەروەری چین بکات و بە توندیش سەرکۆنەی دەکات. لایەنی چینی مافی وەڵامدانەی مافدارانی هەیە."

باڵیۆزخانەی چین لە تویتێکی دیکەدا نووسیویەتی، "خۆبەڕێوەبەری ئیگۆری (Xinjiang) پارچەیەکی دانەبڕاوی چینە، ئەمەش راستییەکی قبوڵکراوە لە جیهاندا و مایەی گفتوگۆ نییە."

باڵیۆزخانەی چین لە ژێر هەردوو تویتەکەدا وەک وەڵامێک بۆیان، ناوی مەراڵ ئاکشەنەر و مەنسور یاڤاسی نووسیوە و تاگی کردوون.

لە دوای ئەم تویتانە، (Liu Şaobin) باڵیۆزی چین لە ئەنقەرە بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا.

سەرزەنشت کراوە
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە بەریتانییەکە، باڵیۆزی چین لە ئەنقەرە لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا "سەرزەنشت کراوە"، ئەمەش بۆ وڵاتێکی خاوەن هەژموونی وەک چین کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە قورس و گرانە.

رۆژی چوارشەممەش (Zhao Lijian) وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، هەندێک کەس لە تورکیا لە تویتەردا هەندێک شتیان وتووە کە بوێری بە "تیرۆریستان" دەدات، باڵیۆزخانەی چینیش لە تورکیا بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی ئەم بڵاوکراوانەی داوەتەوە.

ناکۆکی
رۆژنامە بەریتانییەکە دەڵێت، ئیگۆرەکان پێیان وایە تورکیا بۆیە پڕۆژە یاساکەی دەربارەی ستەمکردن لە ئیگۆرەکان راگرتووە، چونکە تورکیا لە ئێستادا پشت بە پێکوتەی سینۆڤای چینی دەبەستێت، پێشتریش ئاژانسی فرانس پرێس هەمان زانیاری بڵاوکردەوە.

لەگەڵ ئەوەی تورکیا باس لەوە دەکات چین مافی ئیگۆرەکان پێشێل دەکات، بەڵام چین دەڵێت ئەوان ستەمیان لە ئیگۆرەکان نەکردووە و ئەوەی روودەدات "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانە."

بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، نزیکەی یەک ملیۆن ئیگۆر لە بنەکانی هێشتنەوەدا هێڵدراونەتەوە.

هەڵوێست گۆڕینی ئەردۆغان
لە راپۆرتەکەی رۆژنامە بەریتانییەکەدا هاتووە، "رەجەب تەیب ئەردۆغان کە خۆی بە بەرگریکاری مافەکانی مسوڵمانان دەزانێت، لە ساڵی ٢٠٠٩ پەکینی بە کۆمەڵکوژکردنی ئیگۆرەکان تۆمەتبار کرد، بەڵام کاتێک پەیوەندییەکانی تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوا ئاڵۆزی تێکەوت، ئەردۆغان رووی لە پەکین و مۆسکۆ کرد، ئەمەش وەهای کرد رەخنەکانی لە دژی چین کەم بکاتەوە."

لەگەڵ ئەوەی پۆلیسی تورکیا خۆپیشاندانی لە دژی چین قەدەغە کردووە، بەڵام مانگی رابردوو رێگای دا چالاکوانە چینییەکان دژی (Vang Yi) وەزیری دەرەوەی چین خۆپیشاندان بکەن کە سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە کرد.