جیهان

11:06 - 01/04/2022

تورکیا: داگرتنی ڕێژەی بەربەستی هەڵبژاردن لە ١٠٪وە بۆ ٧٪‌

پەیسەر

دوێنێ پەرلەمانی تورکیا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن دا. ئەو پرۆژە یاسایە کە لەلایەن ئاکەپەی دەسەڵاتدار و مەهەپەی هاوپەیمانییەوە ئامادە کراوە، تیایدا داوا دەکرێت ڕێژەی بەربەستی هەڵبژاردن لە ١٠٪وە بۆ ٧٪ دابگیرێت. بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، ئەم هەموارکردنەوەیە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی داهاتوو لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تا ساڵی ١٩٨٠ لە تورکیا بەپێی سیستەمی (D´Hondt) ژمارەی دەنگ و دابەشکردنی کوریسییەکانی پەرلەمان دەستنیشان دەکرا. بەڵام سەرانی کودەتای سەربازیی ئەیلوولی ١٩٨١ لە ساڵی ١٩٨٣دا بڕیاریان دا هەر پارتێک لەسەر ئاستی تورکیا ١٠٪ی دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، ناتوانێت نوێنەر بنێرێتە پەرلەمان. ئەوسا ئامانج لەو بەربەستە ڕێگرتن بوو لە پارتە چەپەکان بۆ گەیشتن بە پەرلەمان و لەو ساڵە بەدواوە هەر پارتێک نەگەیشتبایە بە پەرلەمان، بودجەی ساڵانە لە دەوڵەت وەرنەدەگرت.
لە سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠وە ئەم یاسایە زیاتر وەک شمشێرێک بە ڕووی دەنگدەران و سیاسەتمەدارانی کورددا بەرز کرایەوە، بۆیە کاندیدەکانی کورد چەندین خوول ناچار بوون وەک کاندیدی سەربەخۆ یان لەسەر لیستی پارتەکانی تر بگەنە پەرلەمان.
ئێستا پاش ئەوەی بەرەی دەسەڵاتدار بێگومانە لەوەی کە تێپەڕاندنی ڕێژەی ١٠٪ لای هەدەپە بووە بە مێژوو، ڕێژەکە دادەگرێت بۆ ٧٪ بۆ ئەوەی گەیشتنی مەهەپە بە پەرلەمان مسۆگەر بکرێت و هەروەها هەندێک وردە پارتی تریش بگەنە پەرلەمان کە ئەگەری ئەوە هەیە لە دوای هەڵبژاردن لە پەرلەماندا خۆیان بدەنە پاڵ بەرەی دەسەڵات.

بەکر شوانی
سەرچاوە:
میدیاکانی تورکیا