لافاوەکانی هەولێر! هۆو چارەسەر!

24/12/2021

خالید ڕەزا

بێگومان هەموومان دەزانین کە گۆڕانی کەشوهەوا جیهان گیرە، سەرچاوەی پیسبون و گۆڕانەکەش هەر مرۆڤ خۆیەتی، کاریگەری گەورەی لەسەر ڕوداوە سروشتیەکان بە ئاگرکەوتنەوە، وشکە ساڵی و لافاویشەوە هەیە. ئەم ڕووداوانە  سروشتین. بەڵام نابێ بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان دەستەوسان بین و هەمووی بخەینە ئەستۆی گۆڕانی ئاو هەوا !

نامەوێ باسەکە درێژ بکەمەوە بۆیە ڕاستەوخۆ دێمە سەر لافاوەکانی هەولێر، کە بەندە لە ساڵی ٢٠١٥ وە بەردەوام لە فەیس بوکەکەی خۆمەوە باری سەرنجی خۆمم لەسەر نوسیوە و داوام لە دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی شارەکە کردوە، کە خەمێک لە سیستمی ئاو و ئاوەڕۆی شارەکە بخۆن. بەتەنها بەرزکردنەوەی باڵەخانەی لوت لەهەورهەڵسوو لە بازنەی یەکەم و دوەمی شارەکەدا، بەبێ بیرکردنەوە لە سیستمی زێراب و ئاوڕدانەوە لە گەرەکە هەژار نشین و بێ دەرەتانەکان، ناکاتە پێشکەوتنی شار و نابێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانەکەی. ئەگەر بێت و بە عەقڵێکی کراوە و بە شێوەیەکی هەندەسی و بە ماستەرپلانێک کە نەک هەر زێرابی نوێ بەڵکە دەبێ زێرابە کۆنەکانیش نۆژەن بکرێنەوە و هەر هەموو تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ بە پلانێکی زانستی و بە بودجەیەکی سەدان ملیۆن دۆلاری تەواوبکرێ. بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەولێر هەموو خەیاڵێک یان لەسەر دروستکردنی جادە و ڤیللا و باڵەخانەیە کە قازانجێکی مۆڵی بۆ خۆیان تێدایە. بۆیە دەبێ ئەم بیرکردنەوەیە بگۆڕن و پارە لە تۆڕەکانی ئاو، کەناڵی دەسکرد و سروشت کردا خەرج بکەن.

ئەوە ڕاستە کە تۆپۆگرافی هەولێر تەخت و لەهەندێ شوێنیش دا لێژە. ڕەنگە ئەمە بکەن بە بەهانە بۆ داپۆشینی ئەو سکانداڵانەی کە ڕوو ئەدەن. بەڵام ئەمە لەڕوی زانستی و لەم پێشکەوتنە تەکنۆلۆجیایەی ئەمڕۆدا قسەیەکی بۆش و بێ ئەرزشە. من بەتەنها هۆلەندا بە نمونە دەهێنمەوە کە لەڕوی تۆپۆگرافییەوە لە هەولێر تەخت ترە، ئەگەر شاری هەولێر ٣٩٠ مەتر لە ڕوی ئاستی دەریاوە بەرزبێ، ئەوا لە هۆلەندا شوێنی وا هەیە ٧ مەتر لە ژێر ئاستی ئاوی دەریاوەیە لە زۆربەی ناوچەکانی دا ئاستی ئاوی ژێر زەوی کەمترە لە ٥٠ سم.  ساڵانە ٨٠٠ ملم باران ئەبارێ کەچی کەمترین ڕوداوی لافاو تیایدا رووئەدات، ئەویش زیاتر لەو شوێنانە کە کەوتونەتە نزیک روبارەکان و لەکاتی سەرڕێژکردندا. ئاخۆ  بەراورد کردنی هۆلەندا بە هەولێر نالۆژیکییە؟ بێگومان نەخێر چونکە ئەمڕۆ دوو شت ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ : یەکەم: پارە، دوەم: تەکنۆلۆجیا کە هەردوکیان زۆر بەئاسانی دەتوانرێ لە کوردستان دابین بکرێ. مەرجی پەیداکردنیشی بەتەنها ئینتما و دڵسۆزیە بۆ خەڵک و خاک، نەک بۆ حیزب و سەرکردە!.

بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی هەندێک زانیاری لەسەر بڕی باران بارین و چەندێتی بەپێی ڕووبەر دیاری بکەین، تۆمار کردنی ئەم خاڵانە بە گرنگ دەزانم. بۆ ئەوەی بتوانین بڕی ئەو باران بارینە بە مەترسێجا (م٣) دیاری بکەین. تا بەرچاومان ڕوون بێ لە هۆی کیشە بنەڕەتیەکە، کە نەبونی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ و کەناڵی دەستکردوو ڕێڕەوە سروشتیەکانی باراناوی شارەکەیە بزانین گرنگە بڕی باران بارینەکە بە مەترسێجا دیاری بکەین:

یەکەم: بەپێی زانیاریە فەرمیەکان کە بڵاو کرایەوە، لە پێنج شەش سەعاتی یەکەم دا، لە  هەولێر ٥٩ مللیمەتر باران باریوە. ئەم بڕە بارانە دەچێتە خانەی باران بارینی زۆرەوە. لە هۆڵەندا ئەگەر لە ٢٤ سەعات دا لە سەروو ٥٠ پەنجا مللیمەترەوە باران ببارێ. بە بارانی زۆر ناو دەبرێ و ئیمەش ئەو ناوەمان لە بارانەکەی هەولێرناوە.

دووەم: ڕوبەری هەولێر وەکو لە گۆگڵ دا نوسراوە 115 کم٢  یە. ئێستا بابزانین چەند مەترسێجا لە هەولێر باران باریوە کە ئەو لافاو و کارەساتەی لێکەوتەوە؟

سێیەم: کاتێک کە رادەی باران بارین تۆمار دەکرێ یەکەی پێوانەیی بە مللیمەترە. ئەگەر یەک مللیمەتر باران ببارێ واتە (یەک) لیتر باران(ئاو) لە (یەک) مەتر چوار گۆشەدا.
لە هەولێر ٥٩ملیمەتر باریوە واتە لەهەر یەک مەتر چوارگۆشەدا ٥٩ لیتر ئاوی باران.
روبەری هەولێر 115کم٢ یە. کیلۆمەتردووجا کە  دەکەین بە مەتردوجا و دەکاتە: ١١٥ملیۆن مەتردووجا.

چوارەم: وەکو وتمان ٥٩ لیتر لەهەر یەک مەتر چوارگۆشەیەکدا باران باریوە.

پێنجەم: ٥٩ لیتر کەڕەتی ١١٥ ملیۆن، دابەش بکە بەسەر ١٠٠٠ لیتر= ٦٧٨٥٠٠٠ مەتر سێجا.(٦ملیۆن و ٧٨٥ هەزار مەترسێجا)

شەشەم: ئەگەر (لەڕوی تێوریەوە و بێ ڕەچاوکردنی بەرزونزمی چاڵوچۆڵی شارەکە ) بڕی بارانەکە دابەشی ڕوبەری هەولێر بکەین ٦٧٨٥٠٠٠ / ١١٥٠٠٠٠٠٠ دەکاتە  ٦ سم ئەستوری باران لەسەر ڕووبەری شاری هەولێر کە ئەگەر پێلاوی بن ئەستورت لە پێدا بێ، پێت تەڕ نابێ!.

ئاخر ناکرێ بە بێ ماستەر پلان و لەبەرچاوگرتنی گەشەی کۆمەڵایەتی و... شار بەو جۆرە لە ئاسۆیی فراوان بکرێ، بەبێ دابینکردنی خزمەتگوزاری و حسابکردنی ئەندازەیی و دیاریکردنی شێوە و جۆری زێراب و تیرەی بۆریەکان و بەستنەوەی باراناوی سەربان و جادە و بان و کۆڵانەکان و ئاوەڕۆی ماڵان بە زێرابی سەرەکیەوە!

 ئەمە ئەگەر ئیدارەی شارەکە خاوەنی پلان و ستراتیژی ئیدارەدان بێ و هەموو ساڵێک کەناڵە دەستکردەکانی پشتێنەی شار و ڕێرەوە سروشتیەکانی باراناو پاک بکردایەتەوە، ئەگەر سیستمی ئاوو ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی ئەندازەیی و بەپێی پێویستی روبەرەکە ی وژمارەی دانیشتوانەکەی هەبوایە، لافاوی واگەورە ئەگەر ڕوشی بدایە ئەو زیانە گیانی و ماڵیەی لێ نە دەکەوتەوە. ئینجا بۆ ئەوەی لە کەم و زۆری ئەو بارانە کە ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە تێ بگەین، با بەم جۆرە ڕونی بکەینەوە: وەکو دیاریمانکردوە بڕی بارانەکە نزیکەی ٧ ملیۆن مەترسێجا بوە و لە ماوەی ٥-٦ سەعاتدا باریوە! بیهێنەرە بەرچاوی خۆت ئەگەر چاڵیک مان هەبێ ٥٠٠مەتر بە ٥٠٠ مەتر و بە قوڵی ١٠ مەتر. بەو پێنج شەش سەعاتە کەمتر لە ٣ سێ چاڵ دەکات!  بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی شار و کابینەکە دەستە چەورەکەی خۆیان بە یەکترا نەسڕن و لەجیاتی ئەوەی بۆ هەر کارەساتێک شانامەی هاوخەمی بنوسن و لێژنەی لێۆکۆڵینەوەی بێ بەرهەم بۆ ئەستۆپاکی خۆیان دروستبکەن. دەبێ بۆ هۆکارەکانی بگەڕێن کە وەکوو ڕۆژی ڕون دیارە و بەشی زۆری کەمتەرخەمی و گەندەڵی خۆیانە، ئەو بەیتوبالۆرەیەی کە گوێمان لێێ دەبێ کە خەڵک رێڕەوی ئاوەرۆکانیان پڕکردۆتەوە! ئەوەش دیسان خەتای ئیدارەی شارەکەیە بۆ چی ڕێگەیان لێ ناگرن؟ ئەی کە زانیویانە وایە، بۆچی پیش باران بارین پاکیان نەکردۆتەوە؟! لەم هۆڵەندایە کە کردومانە بە نمونەی باسەکەمان، ساڵانە هەموو کەناڵەکان پاک دەکرێنەوە لەو شتانەی کە خەڵک تێێ فڕی داوە، لە پاسکیل، لە بوتڵی بەتاڵ، لە عەرەبانەی دوکانەکان و لە قوڕولێتەی بنی کەناڵەکان! کەی دەبێتە عادەت بەرپرسان لەپای ئەو هەموو کارەساتەی کەبەسەر میللەتەکەمانیاندا دەهێنن یەکێکیان دەستلەکار بکێشێتەوە و داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن!

کۆتا پرسیار ئایە دەسەڵاتدارانی هەولێر دەتوانن وەلامی ئەم پرسیارە بدەنەوە:
بەچ لۆژیکێک بارینی نزیکە ٧ ملیۆن مەترسێجا باران لەڕووبەری 115کیلۆمەتر چوارگۆشەدا، دەبێتە هۆی خنکاندنی زیاتر لە ١٢ هاولاتی، زیانی زیاتر لە ٢٧٠٠ ماڵ و نزیکەی ٨٠٠ ئۆتۆمۆبیل و  زیانی ٢١ ملیار دینار؟ ئەگەر کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارنی شارەکە نەبێ، وەکو لەسەرەوە ڕونمانکردۆتەوە، ئەی چییە؟