دابەش بوونی کورد لە هەرێم مەترسییەکی ڕاستەقینەیە

03/09/2022

نەزهەت حالی

لە دوایی سەرهەڵدانی داعش و نەهێشتنی سنوری نێوان سوریا و عێڕاق و دامەزراندنی خەلافەتەکەیان زۆر کەس وایان هەست دەکرد دەرفەتێکی زێڕین بۆ سەربەخۆی کورد هاتووەتە پێشەوە، لە بەشێکی پانێلی کۆنفرانسێک لە ساڵی ٢٠١٥ لە ئەمریکا بەڕێوەبەری پانێلەکە لە دوای باس کردنی ئەوەی کە کوردەکان لە سالی ١٩٩١ بە دواوە خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی یەکگرتوویان هەیە و لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت کە کات وساتی کوردە، پرسیار لە  سێر.جان ساورز سەرۆکی پێشوی دەزگای هەواڵگری بریتانیا(ئێم ئای سیکس)  دەکات کە ئایا ئەمە ڕاستە و کات کاتی کوردە؟
بە ڕوونی و ڕاشکاوانە ساورز دەڵێت بە نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ زولمێکی مێژووی لە کوردەکان کراوە، بەڵام لە بارەی ئەوەی کە ئایا ئێستا کات و ساتی کوردە من لەو بابەتە دڵنیا نیم ، لەبەر ئەوەی کورد لە ناوخۆیان زۆر بە توندی دابەش بوون،... هەر بۆیە نابێت ئەو دابەش بوونەی کورد بە کەم وەربگیرێت. کوردەکان دەرفەتێکیان هەیە بەڵام کوردستانی عێڕاق دەریخست کە بەو دراوسێیانەی وەکو فارس و عەرەب و تورک دەور دراوە کە نایانەوێت کورد سەربەخۆیی نەتەوەیی بەدەست بهێنێت،کوردەکان دەبێت لەو بابەتە و لەو دابەش بوونە توندەی کە لە نێوانیاندا هەیە زۆر بە باشی تێ بگەن و زۆریش وریا بن. هەر بۆیە بۆ وەدەست هێنانی ئامانجی سەربەخۆیی نەتەوەییان کاتێکی زۆر پێ دەچێت. هەروەها ساورز دەڵێت لەسەر زەوی و لە ئاستی هەواڵگری و سەربازی کوردەکان باشترین و متمانە پێکراوترین هاوبەشمانن، بەڵام بۆ کیانێکی سیاسی(سەربەخۆ) هێشتا ماویانە.
بەشێوازێکی تر ڕۆژنامە نوس عەمبەرین زەمان لە ٢٣/٥/٢٠٢٢ لە بەرنامەیەکی ئەنستیتوی واشنتۆن باس لە دابەش بوونە دەکات کە لە نێوان کوردەکان هەیە و بە گاڵتە جارییەوە دەڵێت کە بەرپرسە کوردەکان وەکو منداڵەکان کە لە لای مامۆستاکەیان شکایەت و زەمی یەکتری دەکەن ئەوانیش ڕا دەکەن بۆ لای ئەوڕوپی و ئەمریکییەکان و باسی یەکتری دەکەن، ئەو نوسەرە پێی وایە ئەمە هەڵسوکەوتی منداڵانەیە نەک هەلسوکەوتی مرۆڤی کامل و دەوڵەتمەدار.


ئەو دابەش بوونە و لێکترازانەی کورد و دژی یەکتر بوونە کە هەردەم لە جیاتی پشتگیری کردنی یەکتری خەریکی یەکتر شکاندنین و من بە دەردە کوردی ناو دەبەم ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە،ڕەنگە نەبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەی و حوکمڕانەیەکی ڕەشید هۆکاری هەرە سەرەکی بن.

ئەو شۆڕشانەی کە بۆ ڕزگاری کورد و کوردستان لە هەموو پارچەکان سەریان هەڵدا لەبەر ئەوەی توشی شکست بوون نەیانتوانی کورد یەک بخەن،ڕەنگە تەنیا شۆڕشی ئەیلول بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی جیا لەوانیتر توانی بێت لە ئاستێکی باشتر و فراوانتر کوردەکان و کوردستانییەکان ڕێک بخات و یەکیان بخات و پەڕە بە بیری نەتەوەی بدات، بەڵام شکستی شۆڕش بووە هۆی دوبارە دابەش بونەوەی کورد.
 پارتە سیاسییەکان وەکو گرنگترین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن ڕۆلی باش بگێڕن لە پڕۆسەی نەتەوە سازی و یەکگرتوویی ناوەخۆیی کە بە داخەوە وەکو پێویست لە ناو کورد بەو ڕۆلەیان هەڵنەستاون،هەر بۆیە لە ئاستێکی فراوان دەبینین کە ناسنامەی عەشایری  و ناوچەگەری و حزبی بەسەر ناسنامەی نەتەوەی دەکەوێت.