هۆكاری تێكچوونی فەیسبووك

14/03/2019

لوقمان حەوێز

سەرنج و لێکدانەوەیەک لەسەر وەستان و تێکشێوانی خزمەتگوزاریەکانی فەیسبوک لە سەرانسەری جیهان...

بەم لێکدانەوانەی خوارەوە کە بۆچوونی خۆمە نامەوێت توشی دڵەڕاوکێتان بکەم، بەڵام پێم باش بوو ئەم بۆچوونەم بخەمەڕوو بۆ ئێوە دوای ئەو تێکشێوانەی دوێنێ کە بەسەر خرمەتگوزاریەکانی فەیسبوک هات و گەورەترینیان و پڕشەرمەزارترینیان بوو لەوەتەی دروستبوونی...

فەیسبوک لەوانەیە کۆنتڕۆڵی پلاتفۆرمەکەی خۆی بەتەواوی لەدەست خۆی بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو خزمەتگوزاریەکانی ئەم کۆمپانیایە تۆڕی ئینتەرنێت بەکاردێنێت و ئەو تۆڕەش جیهانیە و بەتەنیا یەک خاوەنی نیە، هەروەها لە ئێستادا هیچ لایەنێک کۆنتڕۆلی تەواوی بەسەر ئەو تۆڕەدا نیە لە جیهاندا، بۆیە ئەم جۆرە تێکشێوانانە بەردەوام دەبن لە ڕوودان، ئەم وەستان و تێکشێوانانە نەوەک تەنیا بەسەر فەیسبووک دێن بەڵکو لەوانەیە هەموو ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی خزمەتگوزاریەکانیان لەڕێگەی ئەم تۆڕە دەگوازنەوە بەدوور نەبن لەم تێکشێوانانە و لە هێرشە ئەلیکترۆنیەکان بەگشتی وەکو گوگڵ و ئەمازۆن و زۆربەی دامەزراوە گشتی و تایبەتیەکانی تریش، بەداخەوە تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێکی جیهانی تۆتمە نیە بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەم تۆڕە جیهانیە گرنگە، تا ئێستا ئەمەریکا و چین و ڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا کە بەهێزترین و کاریگەرترینی لایەنەکانن لەجیهان ڕێکنەکەوتوون لەسەر ڕێکخستن یان کۆنتڕۆلکردنی تەواوی تۆڕی ئینتەرنێت...

تۆڕی زانیاری ئینتەرنێت لەگەڵ ئەو گرنگیەی کە هەیەتی، بەڵام بەداخەوە وەکو شوشە ناسکە، ئەوەندە ناسکە لە ئەگەری ڕوودانی هەر ناکۆکی و شەڕێکی گەورە لە جیهان، یاخود ڕوودانی کارەساتی سروشتی گەورە یەکەم شت دەبێت لەگەڵ سەتەلایتەکان لەکاردەکەون، تۆتمەترین هۆکاری پەیوەندیکردن تا ئێستا لە جیهان شەپۆلەکانی ڕادیۆن (شەپۆڵی درێژ و مامناوەندی و کورت) لەگەڵ ئەوەی سەرەتایی ترین هۆکاری پەیوەندیکردنە، هەر بۆ زانیاریتان تا ئێستا لەهەموو دامەزراوە سەربازی و هەستیارەکانی جیهان ئەم هۆکارەی پەیوەندیکردن واتە پەیوەندی ڕادیۆیی هێڵراوەتەوە لەبەر ناسکی هۆکارە نوێیەکانی تر...

لە ئێستادا کۆمەڵێک ململانێ و کێشەی هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراو هەیە لە جیهاندا کە لەهەموو کاتێک ئەگەری ئەوە هەیە تەشەنە بکەن و ببنە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ، هەروەها ئەگەری ڕوودانی کارەساتە سروشتیەکانیش لەزیادبوونە، بەبۆچوونی من پێوستە لەهەموو ماڵێک ڕادیۆیەکی شەپۆلی کورت هەبێت بۆ وەرگرتنی زانیاری لەو کاتانە، هیوادارم هیچ کێشەیەکی وەها ڕوونەدات، بەڵام وەستان و تێکشێوانی سەرتاسەری خزمەتگوزاریەکانی کۆمپانیایەکی خاوەن پتر لە 400 ملیار دۆلار بەم شێوەیە جێگەی سەرنجە و پێمان دەڵێت لەگەڵ هەموو پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژیەکانیش، بەڵام لە ئێستادا لە جیهانێکی زۆر جیاواز دەژین بەبەراورد بە پێش چەند دەیەیەک، جیهان و شارستانیەتەکەمان ئەگەر هەمان بێت هێشتا زۆر سەرەتایی و ناسکە...