له‌ عێراق بارانیش گه‌نده‌ڵه‌

24/11/2018

كلۆد ساڵحانی

عێراق، هاوشێوەی زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی لەناو گەندەڵیەکی سەراپاگیردایە بەشێوەیەک کە هەموو دامەزراوە حکومییەکانی گرتووەتەوە. زۆرێک لە کارمەندانی حکومیی، لە پۆلیسێکی هاتوچۆوە کە بەرپرسیارێتی ناوچەیەکی لەسەر شەقامێکدا لەبەردەستدایە تادەگاتە گەورەترین دەسەڵاتداری عێراق، هەموویان ئامادەن بەرتیل وەربگرن. 

هەموو چەند ساڵ جارێک ئێمە گوێبیستی ئەوە دەبین کە حکومەتێکی نوێ لە عێراق دروست دەکرێت، بەهەمانشێوە لە لوبنان و ئوردن و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەکاتێکدا کە سەرۆکوەزیرانی نوێ سوێند دەخوات بەڵێن دەدات کە دژی گەندەڵی بجەنگێت. هەندێجار تەنانەت وەزارەتێک یان پۆستێکی باڵای تایبەت دروست دەکرێت کە ئەرکی ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵییە. 

زۆر بەئاسانی ئەو قسانە دەکرێن، بەڵام جێبەجێ ناکرێن. دوو هۆکاری زۆر بنەڕەتی هەن کە وادەکەن گەندەڵی و بەرتیل لە جیهانی عەرەبیدا زۆر بەربڵاوبێت. 

بەرلەوەی باس لەو خاڵانە بکەین مەبەستی ئێمە ئەوە نیە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دیکە گەندەڵ نیین، بەڵکو ئەوانیش گەندەڵیان هەیە. بۆنمونە تەماشای ئەو تێچووە بکە کە لەسەر هێزی ئاسمانی ئەمریکا کەوتووە بۆ دابینکردنی کورسی توالێت و کوپی قاوە. 

بەڵام، هیچ شتێک نزیک نابێتەوە لەو خەیاڵەی کە بەرپرسە گەندەڵەکانی عێراق دروستیان کردووە کە بەوپەڕی جدیتەوە دەتوانن باران تۆمەتبار بکەن. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام هەژارە کاتێک دێتەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەی دەوڵەت دەبێت بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات. ئەو گەندەڵییەش وایکردووە کە ببێتە هۆی خۆپیشاندانی بەردەوام لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق. 

لە وڵاتێکدا کە سەراپای گەندەڵییە، وادەردەکەوێت کە تەنانەت بارانیش بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێت، و هەندێک لە عێراقییەکان دەڵێن کە وادیارە بارانیش بیرکردنەوە و عەقڵی خۆی هەیە، بیرکردنەوەیەکی تاوانکارانە. دەتوانێت بچێتە ناو قاسەی بانک و پارەیەکی زۆر بدزێت!

ڕوونکردنەوەکەی حکومەت سەبارەت بەو کەیسە جێگەی بڕواپێهێنان نەبوو. هاووڵاتیان لەگەڵ ئەوەدا ڕاهاتوون کە سیاسی و کارمەندانی حکومی لە هەموو ئاستەکاندا ڕێگایەک دەدۆزنەوە بۆئەوەی پارەی گشتی بەکاربهێنن. هەربۆیەشە کاتێک هاووڵاتیان بڕواناکەن بە قسەو بەڵگەکانی بەرپرسان ئیتر متمانەیان بە دەوڵەت نامێنێت، هاووڵاتیان دەڕژێنە سەر شەقامەکان یاخود لەوەش خراپتر و تەنانەت دەوڵەت وەکو دوژمنی خۆیان تەماشا دەکەن. 

بەوشێوەیە هاووڵاتیانی هەژار لە وڵاتێکدا کە سامانێکی بێشوماری هەیە، ناتوانن چیتر متمانە بەدەسەڵاتداران بکەن کە دەڵێن پارەکەیان بەهۆی بارانەوە لەناو چووە. 
دواهەمین قسەی بێ بنەما کە جگە لە قسەیەکی بێ بنەما هیچی تر نییە، ئەوەیە لەئیستادا پەرلەمان لێکۆڵینەوە دەکات لەوەی کە چۆن ٦ ملیۆن دۆلار (پارەی عێراقی) لە یەکێک لە بانکە حکومییەکان بەهۆی بارانێکی زۆرەوە خراپ بووەو لەناوچووە. 

ئەم کەیسە دووبارە بارودۆخێکی خراپی هێنایەوە کایەوە و هیوای هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی لەناوبرد کە ئومێدی چاکسازیان هەبوو و چیتر ئومێدێک نامێنێتەوە. ئەم کەیسە نزیکەی پێنج ساڵێک دەبێت بوونی هەیە، بەڵام وابەئاسانی لەبیر ناکرێت. 

عەلی موحسین عەلاق، سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە کە "لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٣دا، قاسەکانی بانکی  ڕافیدەین بەهۆی ئاوی زۆری بارانەوە ئاویان تێچووە، ئەو پارەیەی لەو شوێنەدا هەڵگیراوە لەناوچووە. کە بڕی پارەکە حەوت ملیار دینار بووە (کە نزیکەی ٦ ملیۆن دۆلار دەکات)."

بە وتەی ئەو بانکی ناوەندی دراوی نوێی چاپ کردووە بۆ جێگرتنەوەی ئەو دراوە تەڕبووانە، بەڵام بەهۆی ئەوەش کە پارەکە لە جوڵەدا نەبووە، تەنها زیانێک کە کردوویانە تێچووی چاپکردنەوەی ئەو دراوانە بووە. بەجدی دەبێت وابێت؟ 

بەڵام هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتوویەتی "بەڕێوەبەری بانکەکە وتوویەتی کە ئەو دراوانەی تەڕبوون لەناوچوون، بەڵام وەڵامێکی ناڕوونی هەبووە". 

هۆشیار عەبدوڵا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە "ئێمە گومانمان هەیە لەوەی کە چۆن ئاو چووەتە ناو ئەو قاسانەوە. ئەوە جێگەی گومانی ئێمەیە. لەبەرئەوەشە کە زۆر بەزویی لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەین لەوبارەیەوە."

ئەم بابەتە وایکرد دووبارە پرسی گەندەڵی لە عێراق بە گەرمی باس بکرێتەوە. بە وتەی پەرلەمانتارانی عێراق، بەهۆی گەندەڵی و موچەخۆرانی "بندیوار" لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە ٢٢٨ ملیار دۆلار لە عێراق بەهەدەر دراوە. 

ئەو ژمارەیە زیاترە لە ڕێژەی بەرهەمی گشتی نیشتمانی عێراق و سێ ئەوەندەی بودجەی ساڵانەی عێراقە. هەر بەوهۆیەشەوەیە کە دێگەی سەر سورمان نییە بەپێی ئامارەکانی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق لە پلەی ١٢ هەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهاندایە. 

وەکو لەپێشوودا ئاماژەم پێدا دوو هۆکار هەن کە بۆچی گەندەڵی لە عێراق چەسپیوە. هۆکاری یەکەم ئەوەیە کە خەڵکی پێی وایە کە کەمتر لەوە مووچە وەردەگرن لەبەرامبەر ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن لەبەرئەوە پەنادەبەبەر هۆکاری دیکە بۆئەوەی پشتیوانی دارایی بۆخۆیان بدۆزنەوە. 

دووەم، پرسی گەندەڵی لەناواخنی کۆمەڵگادا جێگیربووە و هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ڕێڕەوە هەڵەی گیراوەتەبەر چارەسەر نییە. بەڵکو ئەوەی پێویستە دەسەڵاتداران ئەنجامی بدەن ئەوەیە کە دەستبەرداری نەوەی کۆن ببن کە لەناو ئەو عەقڵیەتەدا گەورەبوون کە پێیان وایە ناتوانیت هیچ کارێک بکەیت بەبێ ئەوەی بەرتیل نەدەیت، هەروەها پشت ببەستن بە گەنجانی خوێندەوار و نەوەی داهاتوو.