ڕەخنە لە گۆڕان ڕەخنە لە باوک

16/02/2020

بەختیار شارەزووری

با لێرەوە دەست پێ بکەین، ئایا گۆڕان هێندە فاوڵی هەیە وا ڕوبەڕوی ئەو هەمو ڕەخنە هەمەلایەنە بوتەوە؟
هەمومان دەزانین کە پارتی و یەکێتی درێژکراوەی سنوری دەستەڵاتی وڵاتانی ناوچەیین و ناتوانن لە ئەجێندای قوڵی ستراتیژی ئەو وڵاتانە دەربچن ئەو وڵاتانەش (ئێران و تورکیا ) نایانەوێ حیزبێک دەستەڵاتی هەبێت کە کار لەسەر کۆی جومگەکان بکات بۆ بە نیشتمانی بون ئەمە ڕونە، ئەو کەسەی کە خۆی مێژویەکی قوڵی هەبوە لە باشوری کوردستاندا نەوشیروان مستەفا بوە، کە دەیویست ئەم ڕەگی درێژی مێژوی دابەشکارییە ببڕێت و ئیرادەی ناوخۆیی ڕێک بخات و هەمو کایە گشتیەکان بخاتە بەردەم حکومی نیشتمانی بونەوە و ببین بە خاوەن ئاسایشی نەتەوەیی خۆمان.

ئەوەش ڕونە لە بەرامبەردا لە ئەنقەرە و تارانەوە چۆن لە ڕەوتی فکری و حیزبی ئەم پیاوە دەترسان، هەر بۆیە بە پلانی هاوبەش لە ڕێی وەکیلەکانیانەوە کاریان لە لێدان کرد بە پلەی یەکەم لە نەهجی نەوشیروان مستەفا و بە پلەی دوم لێدان لە گۆڕان، دوای نەمانی کاک نەوشیروان ئەوە ڕونە کە ماکینەی سەرەکی جوڵەی ئەم بزوتنەوەی گۆڕانە خۆی بوە، ئەم ماکینەش بریتیە لە نەهجەکانی، ئەگەر چی خوارەوەش هاوکاری بەهێزی بون، ئەم پیاوە خەونی هەبو، ئەم پیاوە مۆدێلێکی تەواو جیاواز بو، قۆناغێکی جیاواز بو، هەرێم ببووە دو مۆدێل و دو سەنگەر، مۆدێل و سەنگەرێک گۆڕان بەتەنها خۆی، سەنگەرەکەی تر کۆی حیزبەکان بوون، ئەم پیاوە یاری سیاسی دەکرد تا بگات بە ئامانجەکانی و خەونی گەورەی بۆ تاک دروست دەکرد و خۆشی کارئەکتەری سەر شانۆی ئەم خەونانە بوو.

دوای نەوشیروان مستەفا و ئێستا بۆ ئەم هەمو ڕەخنەیە دەگیرێ لە گۆڕان، ئایا بایی ئەوەیە وای پێ بکرێت؟
دەتوانین بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە چەند بەشێک دابنێن یان چەند بازنەیەک:
1.بەشێکی بە پلان کار لەسەر تەواو لاوازکردنی گۆڕان دەکرێت کە بریتیە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەیی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە، چونکە دەزانن دوای مردنی کاک نەوشیروان دەیانەوێ کار لەسەر بنەبڕکردنی بیرۆکەکانی کاک نەوشیروان بکەن، چونکە لە بەرژەوەندیاندا نیە و دەزانن دوای کاک نەوشیروانیش گۆڕان هێشتا بە هەمو فاوڵەکانیەوە کار لەسەر ئامانجەکانی گۆڕان دەکات.
2.ئەگەر چی گۆڕان سیاسەت دەکات و دەرگای کراوەیە بۆ هەر هێزێک کە یاری سیاسی و ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ بکات و ئێستە بەشێکە لە حکومەت ، وەک دەڵێن سیاسەت وەک یاری وایە کە دوو تیپ ڕێک دەکەون یاری بکەن بەڵام لەناو ساحە ململانێ ی یەکتر دەکەن پلانیان هەیە ، ئەوەی دەبینین پارتی و یەکێتی خۆیان دەیان دەردی ناوخۆییان هەیە، بەڵام بە پلان کار لەسەر گۆڕان دەکەن و کردویانەتە ماتریالی ڕیکلامی و کێشەکانی خۆیانی پێ دەشارنەوە، لەبەر ئەوەی دەزانن گۆڕان نمایندەی مۆدێلێکی نوێیە نەیتوانیوە وەک پێویستی سەقفی داواکاری خەڵک یاری بکات، هەمو کێشەکانی خۆشیان بە هێرش کردنە سەر گۆڕان دەشارنەوە، دەزانن خەڵک کاتێک توڕە دەبێت ڕەخنە لە حیزبی پێشڕەو دەگرێت وەک ڕەخنە لە باوک.
3.بەشێکی تری ئەو هەڵسوڕاو و پشتیوانانەی گۆڕانن کە لە دڵسۆزیەوەیە بۆ گۆڕان کە وەک باوک ڕوی تێدەکەن و ڕەخنەی دەکەن ، کە دوا جار ئەم ڕەوتە دنە دەدرێت و کاری لەسەر دەکەن تا ئەم بازنەیە گەورە بکرێت، لێرەوە لە ڕێی ئەم دڵسۆزیەوە بکرێت بە مۆدێل تا دژایەتی گۆڕان بکرێت.
4.بەشێکی تری دروستکردنی حیزبی فەیک و ڕێکخراو و سەندیکای تایبەت بە خۆیان تا بتوانن لەوێوە گوتارەکانی گۆڕان هەڵبگرن وهەندێک لە پێگە و قائیدەی گۆڕان داگیر بکەن، کە ئەمەش هەوڵێکی ماکیاجاوی و کارتۆنیە و دوا جار لە حەوشەی پشتەوە دەچێتەوە سەر هەمان سفرە.
5.بەشێکی تری بریتیە لە بە وێناکردنی گۆڕان لەگەڵ مۆدێلی پارتی و یەکێتی، واتا باوەڕ پێکردنی ئەوەی گوایا گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەکێتی فەرقی نیە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕووی ئامانج و پەیکەرەی ڕێکخراوەیی و فەلسەفەی حکومیشەوە ئاسمان و ڕێسمانە.
6.گۆڕان سیاسەت دەکات بەشدارە لە حکومەت هیچ کارێکیش ١٠٠٪ نابێت ، ئا لێرەوە گەورەکردنی فاوڵی بچوکی گۆڕان زیاد لە ئاستی ڕەخنە لەو فاوڵە ، لە کاتێکدا گۆڕان نە بۆریە نەوتی هەیە و نە کۆی جومگەکانی دەستەڵات لای گۆڕانە ، بەڵام دەیەوێت لە ناو بازنەی حکومەتەوە بە تەدریج کار لەسەر کۆی سیستەمی حکومڕانی بکات تا بگات بە ئامانجەکانی کە ئامانجەکانی سەقفی داواکری خەڵکە ، هەر بۆ ونکردنی سەفەقاتی گەندەڵی کار لەسەر هەڵەی بچوکی گۆڕان دەکرێت .
7.ڕەخنە لە گۆڕان وەک ڕەخنە لە باوک ، ئەم بەشەیان ڕەخنەکانیان وەک ڕەخنەیە لە باوک ، ئەم بەشە بەتەواوەتی بێهیوا بون لە مۆدێلەکەی تر و ڕویان بەردەوام لە گۆڕانە ، هەمو ڕەخنەکانیان ئاراستەی گۆڕان دەکەن کە جوڵەی گۆڕان یەکسان بێت بە داواکاریەکانین ، ئەمە بۆ خۆی فراونترین جۆری ڕەخنەیە و رەخنەی توندە لە باوک و بە سود وەرگرتن لەم بەشە دەیانەوێ ئاراستەی فۆکسی خەڵک لە گەندەڵی خۆیانەوە بگوازنەوە بۆ گەورەکردنی فاوڵی بچوکی گۆڕان لە جومگەکانی دەستەڵاتدا   .
داو جارگۆڕان تا ئێستاش ئەو هێزەیە کە بە هەمو سستی و فاوڵەکانیەوە ڕابەرایەتی مۆدێڵێکی نوێ دەکات و خاوەنی گوتار و دید و ئامانجی خۆیەتی یاری سیاسی دەکات ، ئەگەر چی بە پلان بازنەی هەمو ڕەخنەکان هاتوەتە ناو بازنەی گۆڕانەوە و گۆڕان بوتە ماتریالی ڕیکلام و مارکێتنی خۆیان بە تایبەت لە ئێستادا کە نزیکین لە هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە و هەڵمەتی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ دەستی پێ کردوە ، دواجار چەند لە گۆڕان بدرێت هێندە لەو سەنگەرە دەدرێت  کە دەکرێت چاکی بکەین ، نەک کاولی بکەین ، وەک ئەوە وایە دوای مردنی باوک کوڕەکان لە بری تۆکمە کردنی ماڵەکەی خۆیان بەرامبەر دنیایەک ململانێ بێن بە دەنەدانی ساختە ماڵەکەی خۆیان کاول بکەن.