تا دەرەنگ نەبووە!

05/03/2020

د. هەردی مەهدی

گێڕانەوە مێژووییەکان و بەڵگەنامەکان ئاماژە ئەوەیان لێهەڵدەهێنجرێت زۆرینەی پەتا‌ جیهانگرەکان، کە زۆربەی سەرچاوەکانی لە دووسەدەی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بووە، عێراق و ئێران ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و ئەم جووتە دراوسێیەش بۆیەکیان گواستۆتەوە.‌ زۆرجار ناوچە کوردنشینەکان پردی گواستنەوەکە بوون، بەتایبەت مەرزەکانی گەرمیان و سلێمانی/کرماشان و سنە.

ئێران بە کۆرۆناوە، هەشت جار ڕووبەڕووی پەتای جیهانگر بۆتەوە، توندترینیان ئەوەی ساڵانی 1821 و 1904بوون، هەردووکیان لە عێراقی عوسمانییەوە هەناردەی ئێرانی قاجاری کراون. ئەوەی یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ پاش گەمارۆی بەغدا لەلایەن دەوڵەتی قاجارەوە، بەڵام پاش کشانەوەیان، سەربازانی ئێرانی پەتابڵاوەکەی ئەوسای بەغدایان بردەوە ناوچەی کرماشان و پاشتر سەرجەم شارەکانی ئێرانی ئالودەکرد.

هەرچی پەتای 1903_1904یشە کە‌ کاریگەرتر و کوشندەتربوو، بەهۆی زیارەتی ئێرانییەکان بۆ مەزارگەکانی شیعە لە سامەرا و نەجەف و کەربەلا بوو، کە لەوێ پاش تێکەڵبوونیان لەگەڵ سەردانکەرانی وڵاتانی دیکە، لەگەڵ خۆیان بردیانەوە و بەسەر دەوڵەتی قاجار (ئێرانی ئێستادا)بەخشییانەوە.

لە سەرجەم پەتاکاندا، توێژینەوە مێژووییەکان نیشانی دەدەن، پیسوپۆخڵی، بێمتمانەیی بە حکومەت، کەمتوانایی چارەسەرگە و تیمارخانەکان، خورافات و ئاین و ملنەدانی پیاوانی ئاینیی بۆ ڕێنماییەکان و دواجار پەیوەندییەکان و تێکەڵی خەڵک لە بۆنەکاندا، هۆکارەکانی بڵاوبوونەوە و کۆنتڕۆڵنەکردنی پەتاکان بوون.

ئێستاش هەر هەمان فاکتەر لەم دوو وڵاتە جێکەوتەیان هەیە و هاندەرن بۆ تەشەنەسەندن.

ئەگەر حکومەتی ئێران و مەلامەزهەبیەکانیان لە هەفتەی یەکەمدا، بەگوێی ڕێنمای تەندروستی جیهانیی و وەزارەتی تەندروستی خۆی بکردایە، بەدڵنیاییەوە ناوچەکە و ئێرانیش ئارامتر دەبوون. ڕێک ئەوکاتە کە وتیان با هاتوچۆی قوم دابخرێ، بەڵام هەژموونی ئایەتوڵڵاکان و کەسابەتی سیاسیی و بازرگانەکان نەیانهێشت!

ناکرێت لەبەر نیەتخوێندنەوە‌ و گومان، ئەو هەموو تەرمانەی چین و ئێران نەبینرێن. شیکاری پەتا زانست و ئەزموونی پێویستە، نەک گومان و "پێمووایە" و عەقیدەپەرستی.

قورئان لە فەرموودە و سوننەت گرنگترە (لاتلقوا بایدیکم الی التهلکە) شەهید بەشەهید دانانرێت گەر خۆی بکاتە مردوو، دەبێ پاش بەرەنگاریی و هەوڵ بۆ دنیا و مرۆڤدۆستی شەهیدبێ. وشەی شەهید ئەگەر تەفسیری مرۆڤسەنتەریی بۆ نەکرێت مەترسیدارە، ئاخر شەهیددۆستی داعشفیکرەکانی بەرهەمهێنا.

بۆیە وەکچۆن پێویستە سەرجەم یاریگا، باڕ، زانکۆ، قوتابخانە، هۆڵ و بەرنامە قەرەباڵغەکان دابخرێن مزگەوت و پەرستگاکانیش هەروا، مرۆڤ میحوەری بوونە.

خێرایی بڵاوبوونەوە و پەیوەندییەکان، نەخۆشیی ئاسایی و ڤایرۆسەکان دەکەنە پەتا، گەرنا ئەوان (ڤایرۆسەکەن) هەمیشە نزیک و هاوڕێ و مشەخۆری سەر دنیا و جەستەی مرۆڤ بوون.

گەر وابکەین دەمێنینەوە و ئەمە و هی دیکەش تێدەپەڕێنین و ئەوسا هەم نەورۆز و هەم مەولودی ئازیز جارێکیتر دەکەینەوە. حەیفە شارستانیەت و ڕۆحی ئینسان بە کۆرۆنا لەبار بچێ.