بۆ کۆرۆنا چی نەخۆرێ باشە؟

12/03/2020

د. ئاسۆ مەحمود

بەردەوام دۆستان و هاوڵاتیان دەپرسن، چی بخۆین دەمانپارێزێ لەکۆرۆنا؟ لە ڕاستیدا هیچ شتێک نییە کە بخورێت و بتپارێزێ لە کۆرۆنا بەو دڵنیاییەی ئێمە دەمانەوێ.
زۆر باسی ئەو شتانە کراوە کە خواردنی بۆ بەرگریی و هاوسەنگی لەش باشە، بەڵام ئەوەش گرنگە کە چی نەخۆین باشە. گەر دەتەوێت بەرگری لەشت بەهێزبێ ئەوا شەکر مەخۆ، شەکر هۆکاری سەرەکی دابەزاندنی بەرگری لەشە چونکە وا دەکات کە خرۆکە سپییەکانی لەشمان کە سەربازی بەرگری لەشمانن، توانای قوتدانی میکرۆب(بەکتریا و ڤایرەس)یان کەم دەبێتەوە.
بۆیە پێویستە لەم کاتەدا بەهەمو شێوەیەک خواردنی شەکر بە تایبەت شەکری سپی کەم بکەینەوە یان باشترە کە هەر نەیخۆین. هەرچی پەیوەندی بە شەکری میوەکانەوە ئەمانەش زۆر خواردنیان کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی بەرگری لەش هەیە، پێویستە خواردنی میوەکانیش بخەینە ڕۆژ و شەوان دوربکەوینەوە لە خواردنیان.
نابێ زیادەڕۆی بکەین لە خواردنی میوە بە بیانووی ئەوە کە ڤیتامین و کانزاكانی تێدایە، چونکە زۆر خواردنی هیچ سودی نییە و زیادەکەی فڕێ دەدرێتە دەرەوەی لەش، بە پێچەوانەوە زیان دەگەیەنێ و شەکرەکەی دەگۆڕێت بۆ چەوری و لە لەشدا کۆدەبێتەوە.
خواردنی سەوزەکان زۆر زیاتر سود بە لەش دەگەیەنێ، سەرباری هەبوونی ڕێژەیەکی باش لە کانزاکان، دژە ئۆکسێنەریشی تێدایە کە ئەگەری دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەکان کەم دەکاتەوە.
 لە کۆتاییدا ئاو خواردنەوە لە یاد مەکەن، ئاو پێکهێنەری سەرەکی لەشی مرۆڤە و لە هەموو مادەکانیتر زیاتر پێویستە بۆ لەش جگە لەو کەسانەی کە بە هۆکارێکی دیاریکراو پزیشک خواردنەوەی ئاوی بۆ دیاریکردوون. مرۆڤ دەبێ رۆژانە (۲ تا ٤) لیتر لانیکەم ئاوبخواتەوە، بێگومان نابێ لە یەک کاتدا بخورێتەوەو دەبێ دابەش بکرێت بەسەر شەو وڕۆژێکدا.