دامەزراوەیبوون: دیدێکی سەرەتای

27/09/2020

لاوک سەلاح

دەستپێکردنەوە لە "خاڵی سفر"ە وە بۆ چەند جارێک هەناسەیەکی قووڵ و بڕوایەکی پۆڵایین دەخوازێت؛ هەمیشە ئەو پیاوە شەکەتە گوندنشینەکەی ساڵی " ١٩٩١"م لە یادە. ئەو کات، کارم بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەکرد، یاریدەدەری مەیدانی بووم و سەرپەرشتی کامپی شانەدەریم دەکرد، زستانێکی سەخت بوو، هاوڵاتیانی شارەکانی کەلار و کفری لە دەست تۆپبارانی سوپای رژێمی رابردوو ناچاربوون زێدی خۆیان جێ بهێڵن.

ئەو پیاوە گوندنشینە، لە پاش رۆژێکی سەخت و شەکەت، سەرنجی راکێشاین، وەستایین قسەی لەگەڵ بکەین، ئەو سەرقاڵی بیناکردنەوەی خانووەکەی بوو، بە سیمایەکی چرچ و پڕ نیگەرانییەوە وتی، ئەمە چوارەم جارە خانووەکەم دروست دەکەمەوە و هەر دڵنیانیم تێیدا پشوودەدەم و ئەوەی لە تەمەنم ماوە لێرە بە بێدەنگی بەسەر دەبەم، بەڵام هەر بینای دەکەمەوە.

ئەمە ماڵی منە.
بیناکردنەوەی نیشتمان و ئاوەدانکردنەوەی بە دەزگا یاسایی و سەروەرییەکان وەک خانووەکەی ئەو پیاوە ردێن سپیەیە.
لە دۆخی بەردەوامی قەیران و جەنگدا، پلاندان بۆ بەدامەزراوەکردنی دامودەزگاکان وەک بیناکردنەوەی ئەو خانووەیە، هەندێ جار سەراب و نائومێدیە، هەندێ جار نەشئەی سەرکەوتنە، لەگەڵ هەر جەنگێکدا، سەرتاپا سیما و خەسڵەتەکانن تا دێن خاپور دەبن و زەینیش کۆرە دەبێت و خاڵی دەستپێکردنەوە ون دەبێت، لەگەڵ هەر قەیرانێکدا زیانی زیاتر و هەرەسی زیاتر، بەڵام خۆشبەختانە حیکمەتێک لەو پیاوە شەکەتەوە وەردەگرین و دەبێت کۆڵ نەدەین، تارمایی ئیرادەی گوندنشینەکە ئیلهامبەخشە و بەرجەستەی بزاوی ژیانمانە.

لەم ساڵانەی دوایدا، زاراوەی "دامەزراوەیبوون" لە نێو ئەدەبیاتی سیاسی ئێمە بە شێوەیەکی بێشومار پەرەی سەندووە و لە لایەن هەموو لایەکەوە بەکار دەهێنرێت بێ ئەوەی بەدیاریکراوی هەوڵمان دابێت دیدێکی خۆماڵی بە زاراوەکە ببەخشین. لە رووری تیۆرییەوە دامەزراوەیبوون، یاخود پرۆسەی بە دامەزراوکردنی دەزگایەک بریتییە لە پەیرەوکردن و بەرجەستەکردنی نۆرمێک یان فۆرمێک یان بیڕورایەکی نوێ یان بەهایەکی تایبەتی نوێ لە نێو دەزگایەک یان رێکخراوێک ئەگەر دەوڵەتی یان سەر بە کەرتی تایبەت بێت.

بێگومان تیۆرەکان زۆرن و زانستی سیاسی و کۆمەڵناسی دەوڵەمەندن بەو تیۆرە جیاوازانەی، بۆ هەر رەوت و دۆخێک، لە ئەزموونەوە هاتوونەتە کایە و بوونەتە تیۆر، نەوەک بە پێچەوانەوە، بە مانایەکی دیکە تیۆر لە پاش گەلاڵەبوونی ئەزموون هاتووە و خەسڵەتی ئەزموونەکەی دەستنیشانکردووە و چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ ئەزموونەکە دارشتووە، ئەم میتۆدە لە پرۆسەی بەدامەزراوەیکردندا وەک پرۆسەی تازەکردنەوەی هەیکەلێکی ئیداری یان حکومی یان دەوڵەتی بەکارهاتووە.

رەنگە، سەرەتا، پرۆسەی لەو جۆرە، واتە بەدامەزراوەیکردن، زۆر بە ئاسانی دەربکەوێت، بە تایبەتی لە پاش چەندین دەیەک لە حکومرانی یەک پارتی سیاسی وەک ئەوەی لە عێراق و وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات هەبوون، بەڵام لە راستیدا پرۆسەی گواستنەوە بۆ دیموکراسیکردنی دەزگا سیاسییەکان کە پرۆسەی بەدامەزراوەیکردن بەشێکە لەو پرۆسەیە ساڵانێکی زۆری دەوێت لەگەڵ بوونی ئیرادەیەکی سیاسی خۆماڵی و توانایەکی تەکنیکی بۆ گۆڕینی سەرتاپا ئەو سیستمە کۆنە.

هەربۆیە مەرج نییە رووداوی رادیکال دەستبەجێ گۆرانکاری رادیکال لەگەڵ خۆی بێنێت. پرۆسەی گۆرینی سیستمی حکومڕانی لە عێراقدا نموونەیەکی زۆر زیندووە، لە پاش ٢٠٠٣ دونیایەک رووداوی رادیکال لە عێراقدا هاتنە بوون بەڵام یارمەتیدەرنەبوون بۆ هێنانەکایەی حکومڕانییەکی دامەزراو، سەرباری بوونی پشتگیرییەکی فراوان لە لایەن دەزگا سیاسی و دارایی و حکومڕانی نێودەوڵەتییەکانەوە، بەڵام هێشتا هەموو ئەو چەمکە سیاسیانەی کە خەڵک ئاواتیان بۆ دەخواست بێنە دی نەوەک تا ئێستا نەهاتونەتەدی، بەڵکو کاتێکی زۆرتری دەوێت تا چەمکەکان ورد دەکرێنەوە و متمانەیان پێدەدرێت.

چەمکی بەدامەزراوەیکردن یەکێکە لەو چەمکانەی کە زەمەنێکی زۆرتری دەوێت بۆ ئاوێتەبوونی لەگەڵ رووداوەکان و تواناکاندا، لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە سەقامگیری سیاسی دێتە ئاراوە.

لە پاش رووخاندنی رژێمی رابردوو لە ساڵی ٢٠٠٣، تەنانەت بەر لە رووخاندیش، خەونی بەدامەزراوەیەکردنی دەوڵەت ئەدەبیاتی سیاسی و لێکۆڵینەوە سیاسییەکانی تەنی بوو، ئەوەندەی خەیاڵمان لەسەر زاراوە و وشەکە بوو ئەوەندە پێوەرێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەلتووریمان نەبوو خۆمانی پێ بپێووین، ئاسانتر قسە بکەین لە ژێر فشاری سیستمی یەک پارتی سیاسی و مێژوویەک لە بێدەنگی هیچ پلانێکی دەستبەچی نەبوو بۆ گواستنەوەیەکی سیاسی بەرەو دامەزراوەیبوون، پێشبینیکردن بۆ هەرەشەکان و تەماحە سیاسییەکان لە ئارادا نەبوو، هەڵسەنگاندنێک بۆ توانای تەکنیکی و ئیداری هەر لە سەرکردەکانەوە تا دەگاتە فەرمانبەرە ئاساییەکان نەبوو.
ساڵی ٢٠١٨ کە لە بەغدا لەگەڵ پرۆگرامی USAIAD کارم دەکرد و سەردانی ئۆفیسەکانی حکومەتم دەکرد، باشترین ئاماژەیان دەدامێ کە مەسەلەی دامەزراوەیبوون هێشتا زۆری ماوە و بودجە بۆ کاری دیکە تەرخان دەکرێت.

دامەزراوەیبوون پرۆسەیەکە زەمینەیەکی سەرەتایی دەخوازێت لەوانەش سەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیداری و گەشەپێدان و حکومرانی باش تا وەکو ببێتە بەشێک لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئاسایی کۆمەڵگە، بەداخەوە، وەک هەر پلانێکی دیکەی دەوڵەت، پرۆسەی بەدامەزراوەیکردن لە کاتی جەنگ و قەیراندا نابێتە مەسەلەیەکی پێشینە، دەوڵەت ناپرژێتە سەر ئەو پرۆسەیە، لەبەرئەوەی جەنگ پانتایی رێکخستنەوەی ژیان مۆنۆپۆل دەکات.

بۆ ئێمە، ئەمە خەونێکی گەورەیە، کەی پشوو بدەین تا کار لەسەر ئەو گەشەسەندنە سیاسییە بکەین؟
کەی ململانێ لۆکەڵییەکانمان تێدەپەرێنین تا نەخشەرێگایەکی نیشتمانی بێتە کایەوە؟
کەی مەودای جێبەجێکردنی یاساکان فراوان دەبێت؟
کەی کار لەسەر گەشەپێدانی دەزگا سیاسیەکانی ناو پارتی سیاسی دەکەین کە سەرچاوەی بەدامەزراوەیکردنی جومگەکانی دیکەی کۆمەڵگەیە؟

ئەگەر دامەزراوەیبوون خەونێک بێت لە ئاییندەوە، ئەوا دەبێت پراگماتیکانە بیربکەینەوە و ئاگادار و وریا بین چی بە میللەتی خۆمان دەسپێرین تا سەرکەوتووانە بە ئەنجامی بگەیەنێت و کە تەواوی کرد ئینجا ئەرکی دیکە لە ئەستۆ بگرێت.

بەرێزەوە دەڵێم:
 رەنگە کەسانێ لە ئەوروپا و ئەمریکا گەرابنەوە کوردستان بۆ فراوانکردنی تەوەرەکانی ژیانی ئێرە بە گشتی، بەڵام تووشی نامۆیی و شکست بووبن، ئەمەش لەبەرئەوە نییە کە توانایان نییە، بەڵکو دەبێت کاری زیاتر لەسەر ئەو هۆشمەندییە دەستەجەمعییە سیاسییە بکرێت بە ئومێدی هاتنەکایەی گۆرانکارییەکی هێور، دوور لە هەڵتەکاندنەوەی کۆمەڵگە. گواستنەوە لە خەونی ئەکادیمی تاکە کەسەوە بۆ پرۆژەی کۆمەڵگە پێویستی بە هاریکاری دەستەجەمعی هەیە.

لە بۆنەیەکی دیکەدا باسم لەوە راستییەی دونیای سیاسەتی خۆمان کردووە کە ئەوە هەڵەکانی پارتە سیاسییەکانە دەبێتە بەشێک لە بەرپرسیاریەتی حکومەت بۆ راستکردنەوەیان، پارتی سیاسی پێگەی بڕیاری سیاسییە نەوەک حکومەت، ئەوە پارتی سیاسییە دەبێت لیستی بندیوار بژار بکات، نەوەک حکومەت، بندیوارەکان ویلائیان بۆ پارتەکانیانە، چارەسەری کێشەی ئەوان لە ئەستۆی پارتەکانیاندایە، نەوەک حکومەت، ئەوەی روویداوە، سەرچاوەکانی حکومەت بۆ پارتی سیاسی بەکارهاتووە.

تەنیا چارەسەریش ئێستا جیاکردنەوەی ئەرکی ئەم دوو دەزگایەیە. پێداوچوونەوەیەکی ریشەیی بەم مەسەلەیەدا پێویستە وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی دوور مەودا.

پێشنیار دەکەم بۆ ئەوەی حکومەت لە بەرنامەکانیدا سەربکەوێت دەبێت خۆی لە ئەرکەکانی پارتی سیاسی جیا بکاتەوە، هەم خۆی دەپارێزیت و هەم پارتی سیاسییش نابێتە مۆزەخانە!