جگە لە چاکسازی ھیچ بژاردەی تر نییە

09/01/2021

حاكم شێخ لەتیف

گەندەڵی ٢٩ساڵی رابردو وەک پیسایی وایە تا چیلکەی تێوەردەی بۆنی زیاتر دێت، بەڵام چارمان نیەو دەبێ ئەو چاکسازیە ھەربکرێ و تەحەمولی بۆنە ناخۆشەکەشی بکەین.
کورد دەڵێ ھەرکەسێک بەتەمای دراوسێ بێ بەبێ شێو سەردەنێتەوە ، دەرکەوت عێراقیش خۆی کێشەی جدی بودجەو مووچەی ھەیەو مووچەی فەرمانبەرانی خۆی پێنادرێ و کورتھێنانی زۆری ھەیە لەبودجەو پەنای بردۆتە بەر قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی ، ئیتر چۆن لە ئێستادا ئیلتیزاماتی موچەخۆرانی ھەرێمیش دەخاتە ئەستۆی خۆی؟
بۆیە ئەگەر نرخی نەوت بەرز بێتەوە یان نا ؟ دەبێ بژاردەی یەکەم و کۆتا چاکسازی بێت.

نەک ھەر لە مووچە بەڵکو لەھەموو سێکتەرەکانی تریش.

لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ٢٩ ساڵە ئاكارو رەوشتی خەلک تێک دەدرێ و ھەوڵی نەھێشتنی بەھاکان دەدرێت کە ھۆکاری سەرەکی بوە لەوەی کە گەندەڵکاران بێباک بن لەخەلک و گەندەڵیەکانیان بۆ بچێتە سەر.

بۆیە دەبێ چاکسازی سەرەکی لە چاکردنەوەی ئەخلاقی کۆمەڵگا بێت بەتایبەتی نەوەکانی داھاتوو ، ھەربۆیە پێویستە لە پەروەردەوە دەست پێ بکرێ گرنگی یەکەمی پێبدرێ و مامۆستا پیرۆزی جارانی بۆ بگێڕدرێتەوەو موچەو ژیانی شایستەی بۆ دابین بکرێ و دەستی حیزبیش لەپەروردە دوربخرێتەوە .

جاری تریش وتومەو دەیڵێمەوە ئیتر کاتی ئەوەیە مووچەی ئەوانەی پێیان دەوترێ پلە باڵا لە دوو ملێۆن ئەوپەڕی لە سێ ملێۆن زیاتر نەبێ مووچەی مامۆستاو فەرمانبەرانی راستەقینەو پێویستی بەرێوەبردنی دەوڵەت ئەگەر لە مووچەی وەزیرو ئەندام پەرلەمان و حاکم زیاتر نەبێ ، کەمتر نەبێت
ئێمەی کەسانی سەربەخۆ بەلامانەوە گرنگ نیە کێ حوکمڕانی دەکات ، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چۆن حوکمڕانی دەکرێت ، ھەر کەس و لایەنێک چاکسازی بکات، دەبێ پشتگیری و دەسخۆشی لێ بکەین ، جا ئەم حوکمەتە بێت یان ھی داھاتوو ، ھەرکەسو لایەنێکیش چاکسازی نەکات یان گەندەڵی بکات نەفرەتی لێدەکەین ئەم حوکمەتە بێ یان ھی داھاتوو ، ھەر وەک ٢٠ ساڵی رابردوو نەفرەتمان لێکردون و بەگوێرەی توانا ڕوبەڕویان بوینەوە