موسڵ لە نێوان فەرەنسا و تورکیادا؟

17/01/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

تورکیا و فەرەنسا کێبڕکێیانکرد بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ، لە ئەنجامدا، حکومەتی عێراقی، سەرباری ئاماژەکانی لێکنزیکبونەوەی لە گەڵ تورکیادا، گرێبەستەکەی دا بە کۆمپانیایەکی فەرەنسی بە ناوی Aeroports de Paris Ingenierie (ADPI).


هەردوو تورکیا و فەرەنسا لە ساڵی ٢٠١٩وە لە کێبڕکێدان بۆ بە دەستهێنانی پرۆژەکانی بونیادنانەوەی موسڵ. ئەم کێبڕکێیە تەنها ڕەهەندی ئاوەدانکردنەوە و ئابوریی نیە، بەڵکو بەشێکە لە پرسێکی جیوپۆلەتیکی ئێجگار ئاڵۆز لە نێوان هەردوو وڵات و ناوچەکەدا.


هەردوو فەرەنسییەکان و تورکەکان سۆزێکی مێژوییان هەیە بۆ موسڵ. فەرەنسیەکان لە سەدەی نۆزدەوە بەردەوام لە هەناردنی خەڵکانی شارەزایاندابوون بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر ناوچەکە. لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکاندا کە لە لایەن پرۆفیسۆر تاسارتەوە نوسراوە لە ساڵی ١٩٠٨ ناوچەکە بە کوردستانی تورکیا ناودەبات. بەڵام لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی مانگی دوانزەی ساڵی ١٩١٨، کلیمینسۆ لە لەندەن لە دانیشتنی لە گەڵ لوئید جۆرجدا دەستبەرداری موسڵ بوو. ئەم دەستبەرداربونە هەتا ئەمڕۆ وەک مەتەڵێک وایە و جێگای مشتومڕە لە نێو مێژونوساندا.


ئەوەی جێگای سەرنجە کە پێدانی پرۆژەکە پاش سەردانەکەی کازمی دێت بۆ تورکیا. وەک ئاگاداربوینەوە، کازمی داوای لە تیمی ڕاوێژکارانی کردوە ڕاپۆرتێکی دەربارەی کێشەکانی نێوان تورکیا و عێراقدا بۆ بنوسن لە ڕۆژانی داهاتودا.


بردنەوەی فەرەنسا و دۆڕانی تورکیا چەندین لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. فەهمی تەشکتکین لە ئەلمۆنیتەر کۆمەڵێک هۆکاری ئاماژەپێداوە. لەوانە هۆکاری ئابوریی و تەکنیکی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا. بەڵام سەرباری گرنگی ئەم فاکتەرانە هۆکاری تریش لە پشتەوە هەیە. هەندێک وەهای دەبینن کە جۆرێکە لە پاداشت بۆ بەشداریی فەرەنسا لە شەڕی دژ بە داعش. بەڵام بە دیدی من هۆکارەکەی ئەو ترسەیە لای نوخبەی شیعە و ئێرانیش هەیە لە پەلکێشانی تورکیا بۆ ناوچەکە.

نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانە، بوارێکی هەستیارە. بەڵام هاتنی کۆمپانیاکانی تورکیا، بەشێکە لە هاتنی سەربازی تورکیاش بۆ ناوچەکە. تورکیا لە ڕەبیعە بارەگای هەیە، بەبێ هیچ بەهانەکەیەک. تورکەکان تەلئەعفەر بە شوێنی خۆیان دەزانن. هەرگیز ئەو پاش نیوەڕۆ گەرمەی ئەنقەرەم لە بیرناچێت کاتێک سەردانی ناوەندی سەدەی بیست و یەکم کرد، بەرپرسەکەی کە تورکێکی سەر بە مەهەپەیە چۆن بە گژماچوو بەوەی درەنگ بووم و بەردەوام کتێبەکەی ڕادەوەشاند کە دەربارەی تەلئەعفەر نوسیبوی. تورکە فاشیتەکان وەک هەموو فاشیستێک توڕە و جنێوفرۆشن.


تورکیا ماوەیەکە بە ڕێگای جیاواز دەیەوێت بگاتە موسڵ.، ئەمە لە کاتێکدایە کە موسڵ لە پرۆسەیەکی گۆڕانی سیاسیدایە لە لایەن نوخبەی سیاسیی شیعەی عێراقەوە، بۆ ڕامکردنی وەک بەشێک لە پرۆسەی هەژەمۆنیەتی شیعی لە ناوچەکە. لە موسڵدا پرۆژەی هەژەمۆنیەتی عوسمانی و ئێرانی بەریەک دەکەون. ئەمەش هۆکارێکی گەورەی بەریەککەوتنەکانی شەنگالە. لەم بەریەککەوتنانەدا خەڵکی داماوی ئێزیدی دەبنە قوربانی. بە داخەوە ئێزیدییەکان ئەم ڕەهەندەی پرسەکە نابینن.


ئەم بردنەوەی فەرەنسا لە تورکیا لە پرۆژەکانی تریشدا بەردەوام دەبێت، هەردوو وڵاتی تورکیا و فەرەنسا دوو وڵاتی خاوەن پاشخانی ئیمپراتۆریین و خەون و مامەڵەیان بەو جۆرەیە. بۆیە لە جێگای تر بەریەککەوتنیان هەیە. بەڵام وەک دوو وڵاتی خاوەن نۆستالجیای ئیمپراتۆریی هەرگیز ناتوانرێت پشتییان پێببەسترێت چونکە هەمیشە پەیوەندییەکی ئامرازییان هەیە لە گەڵ ئەوانیتردا.