دادگاییکردنی نەورۆز لەدادگای فیقهی بێسەروبەرەییدا

21/03/2021

د. سەلمان نادر

پێویستمان بە تەعالی کردنەوەی خودایە
هەموو ساڵێک لەگەڵ نەورۆزدا پرسی ئاگری نەورۆز و چەژنی نەورۆز دەبنە پرسی جەدەلێکی بێکۆتا، لێرەدا خودا حزورێکی نا پێویستی هەیە، خودا دادەبەزێنرێتە ئاستێکەوە کە ڕەوا نیە بەهایەکی واگەورە لەوێدا خەرجبکرێت، ئەمەش پێداویستیەکی گەورەی دووبارە پێدانەوەی تەعالی بوون و ترانزیدێنتاڵیتیە بەخوادا، کارکردنە بۆ ڕزگارکردنی خودا لەدەستی جوزئیاتی فیقهی و کۆنتڕۆڵکردنی دونیا بەناوی ئەوەوە، نەکردنی قوربانی ئیمانی خەڵکیە بۆ ئۆتۆرەتی و شمولیەتی بیرکردنەوەی بەشێکی کۆمەڵگە.


هەندێک جار پێویستمان بەوەیە خودا بهێنینە سەر زەوی، هەندێک جاریش پێویستمان بەوەیە خودا ببەینەوە بۆ ئاسمان، ئەوەی بڕیاردەدات ئێمە کامیان دەکەین، بوونی خودایە لەکۆمەڵگەدا، لەهەندێک شوێندا مرۆڤەکان لەخودا غافڵن، خودا ڕۆڵێکی نەماوە لەژیانیاندا، ئەگەر خوداش ببێ لایان خودایەکی موتەقاعیدیبێ وەزیفەیە، هیچ ڕۆڵێکی نیە،نەلەسەر ئەخلاقیان و نەلەسەر بیرکردنەوەیان، لێرەدا دەبێت خودا بانگهێشت بکرێتەوە بۆ سەرزەوی، خودا مانا بداتەوە بەژیان، بۆیە ئەم پڕۆسەیە پێی دەوترێت خودا هێنانەوە بۆ سەرزەوی.


لەهەندێک جاردا خودا لەسەرزەوی زیادەڕۆیی تێداکراوە، خودایەک لەهەموو شوێنێک بەناویەوە هاوار دەکرێ، میدیا ، زانکۆ ، دامەزراوەی فەرمی، مزگەوت، کڵێسا، شیعر ، وەرزش بەناوی خواوە دەست پێدەکەن و بۆخۆیان دەژین، بۆخۆیان کاردەکەن، ئەم خودایە بوەتە پاساوی یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەبەرژەوەندی چینێک، ئەم خودایە هەمووی دەیەوێت بەناویەوە خۆی بسەپێنێ، لێرەدا دەبێت تەعالی بوون ببەخشینەوە خودا، خودا موقەدەس بکەینەوە هەمووان نەوێرن ناوی ببەن، دیوێکی ئاسمانی پێبدەین تا مرۆڤ لەبەردەم شکۆیدا بێدەنگ بێت، ئاخر لەقۆناغێکدا لەناو ئیسلامی میلیدا ئەمە هەبوو، بیرم دێ کەس نەیدەوێرا پشت بکاتە قورئان، هەمووان لەبەری هەڵدەسانەوە، ئەوەی قورئانی بەدەستەوە بووایە لەبەر کەس هەڵنەدەسایەوە، ئەگەر بمانویستایە سوێندبخۆێن نەنکم دەویت وس، ناوخوا گەورە نابێت بێتە سەرزمانتان، ئەمە تەعالی پێبەخشینەوەیە، لەوانەیە لەگەڵ قۆناغێکی قورسکردنی فەتوادا هاوڕا نەبم، وەلی ئەم بێسەروبەریەی هەیە ناوی خوای سادەکردوەتەوە، مرۆڤ شۆک نایگرێ کاتێک دەیبیستێ، ئەمەش خوازیاری تەعالی بەخشینەوەیە بەناوی خودا.


نەورۆزی هەموو لایە پیرۆز بێت