مانەوە لە سوریا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئێران

05/02/2019

فرانسيس رونی

بەبێ رەچاكردنی بریارەكانی پێشووی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا  كە واشنتۆنی پاڵنا بۆ ناو ئاڵۆزییەكانی سوریا، پێویستە دەستبەرداری رۆڵی خۆمان لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی نەبین، كشانەوە هەموو ئەوشتانە لەدەست دەدات كە بەدەستمان هێناون، وەك دەستبەرداربوونی هاوپەیمانە كوردەكانمان، ئەو بۆشایەیی كە بەجێی دەهێڵین، گۆڕەپانێك بۆ هێزەكانی تر دروست دەكات ئەوانەی كە بەرژوەندیەكانیان پێچەوانەی بەرژوەندی ئێمەیە و كار دەكەن بۆ بەدەستهێنانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، وەك روسیا و ئێران بەنمونە.


هێزەكانی سوریای دیموكرات و پێشمەرگەی كورد كە لەلایەن ویلایەتەیەكگرتووەكانەوە پشتیوانی دەكرێن، سەركەوتنێكی گەورەیان لەدەركردنی چەكدارانی داعش لە باكوری سوریا و عێراق بەدەست هێناوە، هێزە كوردییەكان لەئێستادا 2700 ئەندامی داعشیان دەستگیركردووە، كوردستان جگە لەوەی كە هاوپەیمانێكی گرنگە لە ڕووبەڕووبونەوەی داعش، توانای ئەوەشی هەیە كە هێزێكی دژی توندرەوی ئیسلامی بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، ئێمە پێویستمان بە كوردستانێكی بەهێزی سەربەخۆیە.


ئەم هێزانە كە لێكدانەوەیەكی میانڕەویان بۆ ئیسلام و بەیەكەوە ژیانی ئاینەكانی تر هەیە، بونەتە ئامانجی ئەو وڵاتانەی كە كەمتر بەیەكەوە ژیانیان تێدایە وەك توركیا و ئێران، توركیا كوردانی سوریا و پارتی كرێكارانی كوردستان بە ئاڵنگاری بەردەمی دەزانێت، بەڵام گرنە هەوڵی دیبلۆماسی و ستراتیژی بدرێت بۆ كۆكردنەوەی ئەو لایەنانە و دروستكردنی هەمەهەنگی لەنێوان كورد و تورك لەپێناوی بەرژوەندی ناوچەكە، پێویستە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆڵێكی دیاری دەبێت لەو هەوڵەدا.


سەرباری ئەوەش كشانەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لە سوریا بۆشاییەك لەدەسەڵاتدا دروست دەكات  ئێران و روسیاش بۆ بەهێزكردنی هەژمونیان لەرۆژهەڵاتی ناوەراست زۆرترین ئامادەییان تێدایە بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە، هەریەك لە جیمس ماتیس وەزیری بەرگری و برێت مەككگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆك بۆ هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش بەهۆی  بڕیاری كشانەوە لەسوریا دەستیان لەكاركێشایەوە.


روسیا و ئێران یاریكەری دیارن لە ئاڵۆزیەكانی سوریا، سوپای روسیا كۆنترۆڵی ڕووبەرێكی فراوانی خاكی سوریای كردووە و چۆتە پاڵ بەرەی رژێمەكەی بەشار ئەسەدی دیكتاتۆر، و ئێرانیش وەك روسیا بەردەوامە لە بەهێزكردنی پێگەكەی لەسوریا وەك رەگەزێكی سەرەكی لە دەسەڵاتی ئێرانی – لوبنانی، بۆیە كشانەوەی سوپای ئەمریكا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان حزبوڵای شیعە لەلوبنان و حكومەتە شیعیەكەی عێراق و بەشارئەسەد لەسوریا، و بەهێزبوونی جزبوڵا و دەسەڵاتداربوونی ئێران لەبەرژوەندی نیشتمانی ئێمە نیە.


لەگەڵ ئەوەشدا پیشبینی ئەوە ناكرێت توركیا بۆ پاراستنی بەرژوەندیەكانی ئەمریكا لەسوریا دەستوەردان بكات كاتێك ئێمە دەكشێینەوە، رێزنەگرتنی بەرپرسانی ئەمریكی لەلایەن ئەردۆغانەوە بەئاشكرا، متمانەی نێوان ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیا لەرۆڵی توركیا وەك هاوپەیمانێكی ناتۆ زیندوو ناكاتەوە.


لە 8ی كانونی دووەم ئەردۆغان رەتیكردەوە لەگەڵ جون بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر گرەنتی ئەمنی هێزە كوردیەكان، دوو رۆژ دواتر واتا لە 10ب كانونی دووەم ئەردۆغان رایگەیاند چاوەروانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا ناكات، هەفتەی رابردوو پشتیوانی خۆی بۆ رژێمەكەی مادورو لە فەنزوێلا راگەیاند( ئەگەر چی فەنزوێلا زۆر لەتوركیاوە دوورە) ئەوەش وەك دژایەتی هەڵوێستەكەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا.


لەئێستادا هێزەكانی توركیا لە سنورەكانی باكوری سوریا جێگیركراون ئەردۆغانیش هەرەشەی هێرشكردنە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانی چاوەكان لەشەری دژی داعشە لەناوەراستی سوریا و دەشبێتە مەترسی بۆسەر سەربازانی ئەمریكی كە تائێستاش لەوێن.


پێویستە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا باش بیر لەكاریگەریەكانی كشانەوە لەسەر ئاسایشی ناوچەكە و ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش بكاتەوە.