نا بۆ چەپڵە ڕێزان و مەرایی

08/04/2021

د. ئەرسەلان بایز

 دەڵێن:- ئەگەر مێژووى دەوڵەتى هیندستان لە دواى ڕزگاربوونى لە چنگى ئیستعمارى ئینگلیزو، ڕاگەیاندنى سەربەخۆیی بخوێنیتەوەو، لەگەڵ بارى سیاسى و پێکهاتەى کۆمەڵایەتى ئەمڕۆى دەوڵەتى عێراق لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس بەراورد بکەین. لە زۆر خاڵدا لەیەک دەچن. بوونى فرە نەتەوە، فرە ئاین، فرە مەزهەب، فرە بیرو بۆچوونى جیاوازى دژ بە یەکتر.

بەڵام بوونى سەرکردەو ڕابەرێکى نیشتیمانپەروەرى ڕەمزو هەتا بڵێى خاکى، جیاوازى زۆر گەورەى نێوان ئەو دوو دەوڵەتە بوو.

ڕابەرەکەى هیندستان لە بوونى (بزن)ێک بەولاوە کە ژیانى ڕۆژانەى بۆ دابین دەکرد، خاوەنى یەک شتى تر نەبوو.

بە پێچەوانەى لێپرسراوە گەورەکانى حکومەت و لێپرسراوى حیزبەکانى عێراق، (گاندى) خاوەنى کۆشک و تەلارو ئۆتۆمبێلى درع و، ڕەتلى بەدواى یەکدا ڕیز بوونى ئۆتۆمبێلى پاسەوانە چەکدارەکان نەبوو. خاوەنى کۆمپانیاو گاردو هیچ یەکەیەکى چەکدار نەبوو.

پۆلیسى هاتووچوو ڕێگاى ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ ڕانەدەگرت، تاکو خۆى و (بزن)ەکەى لە شەقامەکان بپەڕنەوە. لە بۆنەو کۆڕو کۆبوونەوەکانیشدا دژى چەپڵە ڕێزان و بژى بمرە بوو، هەمیشە بانگى لە ئاپۆرەى خەڵکەکە دەکرد (تکایە..تکایە...تکایە.. واز لە چەپڵە ڕێزان بێنن، چونکە چەپڵەکانتان کارى سلبی دەکاتە سەر قسەکانم و تێگەیشتنى ئێوەش.

من دەمەوێ لە برى ئەو چەپڵە ڕێزان و (هوتاف) کێشانە لێم تێ بگەن، قسەکانم لە دڵتان جێگیر بێت. چەپڵەکانى ئێوە پێویست نیە چونکە چەپڵەو هاوار نامان گەیەنێتە ئامانج).

بە پێچەوانەوە لێپرسراوە گەورەکانى دەوڵەت و، لێپرسراوى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەکاتى سەردانیان بۆ شوینێک. کێ بڕکێى ئەوەیانە کێ بە زۆر زۆرترین مناڵى قوتابخانەو، خەڵکەکە بڕژێننە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان، بە چەپڵە ڕێزانى گەرم و هوتاف کێشانى بە زۆر پێشوازییان لێ بکەن.

شیاوى باسە ئەو ساڵانە بە (بەریتانیا) دەوترا (ئەو ئیمپراتۆریەتەى هەرگیز ڕۆژى لێ ئاوا نابێت).

بەشێک لە خەڵکى هیندستان وەکو ئەمڕۆى بەشێک لە خەڵکى عێراق، ناتەباو ناکۆک بوون لەسەر چۆنیەتى پێوەندى و هەڵس و کەوت لەگەڵ بێگانەدا.

(یان ئەو دەوڵەتانەى ئەمڕۆ دەستیان لە سیاسەتى عێراقدا هەیە). بەڵام (گاندى) حەکیمانە دەیزانى چۆن بە باشترین شێوە ئیدارەى سیاسەتى وڵاتەکەى بدات، بێ دڕ دۆنگى و فەرزکردنى نەتەوەیەک، ئاینێک، تایفەیەک...هتد. بەسەر ئەوانیتردا.

تەنانەت کاتێ یەکێ لە ناو ئاپۆرەیەکدا هاوارى کرد (گاندى خائین).

(گاندى) بە هێمنیەکەى خۆیەوە وەڵامى دایەوە (خەتاى منە کە نەمتوانیوە بە باشى تێتبگەیەنم) ئەگەر یەکێک لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە نووسین، یان قسە بە لێپرسراوێک، سەرۆکى حیزبێک بڵێ خائین، بێگومان هەڵیدەواسن.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

+ لە کوردستانى خۆشماندا چەپڵە ڕێزان، مەرایی، بە زۆر کۆکردنەوەى ئاپۆرەى خەڵک، شاردنەوەى ڕاستیەکان لە لێپرسراوان کارى ڕۆژانەى حیزبەکانە.

خوا پێم نەگرێ لێپرسراوەکانیش هەمیشە حەزیان لە قسەى خۆش و باس نەکردنى کەم و کوڕییەکانە.

+ کاتێ لێپرسراوى مەڵبەندى هەولێر بووم، لە بۆنەیەکدا گلەیی ئەوەم لێکرا وەکو پێویست و خوازیار (تعبئە)مان نەکردووە.

بۆیە لە ناڕەحەتیا نامەى دەست لەکار کێشانەوەم ئاڕاستەى (م.س)کرد.

بەڵام ئەوان ڕەتیان کردەوە.