شارەزوور، گەوهەرێک لەنێو لیتەی بێپلانی حکومەتدا

10/04/2021

سەردەشت محمد

نکۆڵی لەو ڕاستیە ناکرێت کە دەشتی شارەزوور وەک یەکێک لە بەپیتترین دەشتەکانی دونیا ناسراوە.

کە دەتوانرێت لەیەک کاتدا چەندین جۆری جیاواز لەبەروبومی کشتوکاڵی تێدا بەرهەم بهێنرێت، چونكە تایبەتمەندی دەشتی شارەزوور بەجۆرێكە کە دەتوانرێت بۆ كاری زۆربەی بەروبومە كشتوكاڵیەكان سودی لێ ببینرێت.

ئەم ناوچەیە کە کەنزیکەی ٦٠٠ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی دەبێت ئەگەربێت و حکومەت بییەوێت گرنگی بەکەرتی کشتوکاڵ لەکوردستاندا بدات ئەوا گومان لەوەدا ناکرێت کە تەنها دەشتی شارەزوور بەسە بۆئەوەی لەپاڵ کەرتەکانی دیکەی وەک کەرتی پیشەسازی و سامانەسروشتیەکان و کەرتی بازرگانیدا بتوانرێت ڕۆڵ بگێڕێت لەدابینکردنی سەرچاوی داریی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان.

کە ئەمەش پێویستی بە پلانێکی تۆکمە و کەسی دڵسۆز و خەمخۆر بۆ ئێستا و ئایندەی کوردستان هەیە، بەڵام دیارە تاوەکو ئێستا حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ نەک هەر بیریان لەوەنەکردۆتەوە کە شانبەشانی کەرتی نەوت گرنگی بەکشتوکاڵ بدەن، بەڵکو بەپێجەوانەوە دژایەتییەکی ئاشکرای ئەوکەسانەش دەکەن کە لەوبوارەدا کاردەکەن بۆ ڕاستی ئەم بابەتەش لەڕێگەی میدییاو سۆشیال میدییاوە زۆر بەئاشکرا هەست بە بێزاری جوتیاران دەکەین و بەتایبەت لەوکاتەدا کە بەروبومی کشتوکاڵی لە کوردستاندا پێدەگات کەپێویست دەکات لەگەڵ پێگەیشتنی بەروبومی ناوخۆدا باج لەسەر بەروبومی هاوردە زیادبکرێت .

ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی گرنگی بۆ بەروبومی ناوخۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەم بێباکی و پەراوێزخستنەی کەرتی کشتوکاڵ لەلایەن حکومەت و لایەنە پەیوەندی دارەکانەوە وادەکات ساڵانە بەشێک لەجوتیاران وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک دژی حکومەت بەروبومەکانیان فڕێدەدەن و نایانەوێت بخرێتە بازاڕەوە.

ئەمە جگە لەوەی زۆرێک لەوجوتیارانەی کە نوێگەری لەبوارەکەدا دەکەن یاخود دەیانەوێت پرۆژەیەکی نوێی کشتوکاڵی بهێننە سنورەکەوە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە ئاسانکارییان بۆ ناکرێت ئەمەش وادەکات جوتیاران ساڵ لەدوای ساڵ لەبواری کشتوکاڵدا پاشەکشێبکەن و ئەم پاشەکشێیە وای کردووە ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵی وەک شارەزوور هاوشێوەی گەوهەرێک وێنا بکرێت کە کەوتبێتە نێو لیتەی بێپلانی و بێباکی حکومەتەوە.

بۆیە دەتوانین بڵێین بۆ ڕزگار کردنی جوتیاران لەم دۆخە و گەڕانەوەی گرنگی بۆکەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و لە شارەزووردا بەتایبەتی پێویستیە گۆڕانکاری بنەڕەتی لەسیستمی بەڕێوەربردنی هەرێمدا بکرێت، کە ئەم گۆڕانکارییەش بەهێزێکی نوێ و جودا دەکرێت نەک بەم هێزانە کە زۆرینەیان بیرکردنەوەیان بەتەنها لای بازرگانی کردن و کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانە.