ھۆکارەکان چین؟

16/05/2021

د.زانا دزەیی

سوپاس بۆ خوا، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەم ھەفتەیە کوردستان کەمتریین ژمارەی تووشبوون بە کۆڤید-١٩ (کۆڕۆنا ڤایرەس)ی تۆمار کردووە.


بەجۆرێک لە سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی چوار ژمارەکان لە سەرووی ھەزار کەس بوون، ئەمڕۆ تەنھا نزیکەی ١٤٠ کەسی تووشبوو تۆمارکراوە.
ئایا ھۆکارەکان چین؟


بە شێوەیەکی دەقیق قسە بکەین ئەم ژمارانە ھەرچەندە ژمارەی تۆمارکراون کە دەشێ ژمارەی ھەقیقیی لەمە زیاتر بێت، بەڵام ھۆکارە سەرەکییەکان دەشێ (مەرج نییە) ھەمەجۆربن:


١-دابەزینی تەووژمی شەپۆلەکە، کە پارساڵیش بینیمان شەپۆڵی یەکەم ھەر لە ھەمان کاتدا بەرەو کەمبوونەوە چوو، پاشان لە کۆتایی مانگی شەشی پارساڵ شەپۆڵێکی تری بەھێزمان بینی. ئەمەش خاسڵەتێکی تەبیعیی ڤایرەسەکەیە.


٢-زیاتر ئاشنا بوونی ھاووڵاتیان بە ڤایرەسەکە و چۆنییەتی گواستنەوەی و چاوکراوەیی زیاتری خەڵکی لە خۆپارێزیی، ھەرچەندە لە فیعلیی کەمتر ھەست بەو پابەندبوونە دەکرێت بەداخەوە.


٣-وەرگرتنی ڤاکسین: پێناچێت تا ئێستا ئەو دەورەی ھەبووبێت لەم کەم بوونەوەی شەپۆڵەکە چونکە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر کەمی ھاوونیشتمانیان ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و بڕی پێویست وەرنەگیراوە بۆ درووستبوونی بەرگریی بە کۆمەڵ.


٤-سستبوونی خۆگۆڕینیی ڤایرەسەکە لەو ناوچەیە، دەشێ ھۆکارێک بێت، دەڵێم سستبوونی خودگۆڕیی لەو ناوچەیە چونکە ھەمان ڤایرەس ئێستا لە ھەندێ ووڵاتی وەک ھیند و ھەندێ ووڵاتانی ئەفریقا، لە لووتکەی ھەڕەشەدایە.
لەپاڵ ئەمانە، دەشێ ھۆکاری تریش ھەبن کە زانایانی ڤایرەسزانیی باشتری لێدەزانن.


بەھیوای ئەوەی جارێکی تر شەپۆڵێکی تر نەیەتەوە ووڵاتەکەمان. ھەموو لایەک لە پارێزیی خودا بن.