دۆزینەوەی گازی سروشتی چ مانایەکی هەیە بۆ تورکیا؟

22/08/2020

ئارام ڕەفعەت

رۆژی هەینی ئەردۆغان مزگێنییە گەورەکەی راگەیاند کە دۆزینەوەی ٣٢٠ ملیار مەتر سێجای گازی سروشتییە لە دەریای رەش.

 گەڕان بەدوای موعجیزەدا
ساڵی ٢٠١٨، کاتێک لیرەی تورکی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرێزژەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەردۆغان گوتی "ئەوان دۆلارییان هەیە و ئێمەش خوا". ئەوێ رۆژێ، ئەردۆغان بەدوای موعجیزەیەک دا دەگەڕا، بۆ ئەوەی بەهای لیرەکەی لەهەمبەر دۆلاردا بۆ راستبکاتەوە.


موعجزەکە لە دەریای رەش دەرکەوت
ئەمرۆ، لە خراپترین دۆخی لیرەی تورکیدا، لانی کەم خراپترین دۆخ لە مێژووی ٢٠ ساڵی رابردووی لیرە دا، موعجیزەکە هاتە دی. ئەردۆغان گوتی "خودا دەروویەکی بەخێری لێکردینەوە" و "گەورەترین بڕی گازی سروشتیمان دۆزیوەتەوە" و بەردەوام دەبین تا گازی سروشتی هەناردە دەکەین. دەرووە بەخێرەکە دۆزینەوەی ٣٥٠ ملیار مەتر سێ جا لە گازی سروشتییە. ئەم گازە لە قووڵی ٣٥٠٠ مەتر لە دەریای رەشدا و لە دووری ١٦٠ کیلۆمەترە لە سەرزەمینی تورکیا.


 ئایا ئەو ئەم گازە چی لەوەزعی تورکیا دەگۆڕێت؟
ئەگەر لە گوتاری ئەردۆغان و میدیای تورکی بڕوانین، ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە هۆی دەستپێکردنی رۆژگارێکی تازە بۆ ئابوری تورکیا. تورکیا نەک هەر چیتر گازی سروشتی هاوردە ناکات، بەڵکو ئەردۆغان گوتەنی ناوەستن هەتا هەناردەشی نەکەن. ئەگەر ئەو گەشبینییەی تورکەکان لەجێی خۆیدا بێت ئەم گازە چ ئاڵوگۆڕێک لە ئابووری تورکیا دروست دەکات؟


تورکیا ١٠٪ی وزەی پێویستی لەناو خۆ بەرهەم دێنێت و لە ٩٠٪ هاوردە دەکات. ئێستا ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە دەبێتەوە.


تورکیا ساڵی پار بای ٤٥ ملیار دۆلار غاز و نەوتی کڕیوە، ئیتر ئەم داهاتە دەگەڕێتەوە خەزینەکەی،


لە ٧ مانگی رابردوودا، بودجەی تورکیا ٢٠ ملیار دۆلاری کورت هێناوە، ئیتر لە ئێستاوە ئەم کورت هێنانە کۆتایی دێت.


چیتر تورکیا نابێتە کڕیاری گازی سروشتی روس و لەئێستاوە دەستی ئاوەڵاتر دەبێت و هاوسەنگییەکی هێز لە نێوان روس و تورکدا دروست دەبێت و ئەەمش لە سوریا و لیبیا و شوێنەکانی تر رەنگ دەداتەوە.


ئایا ئەو گەشبینییەی تورکەکان لەجێی خۆیدایە؟
واقیع دەڵێت نا. ئەم دۆزینەوەیە، شتێکی وا ناگۆڕێت. لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
لە ٢٠ ساڵی رابردوودا دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٣٠ جار دۆزینەوەی بڕە گازێکی زۆری لە دەریای رەش راگەیاندووە و تا ئێستاش هیچ ئاسەوارێکی ئەو دۆزینەوانە دیار نییە.


ئەگەر ئەم دۆزینەوەیەی ئێستای جدی و جیاوزیش بێت لە دۆزینەوەکانی پێشووتری، تورکیا پێویستی بە نزیکەی ١٠ ساڵ کار کردن هەیە بۆ بەرهەم هێنانی بڕێکی بازرگانی. لەهەمان ناوچەی دەریای رەشدا، رۆمانییا زیاتر لە ٨ ساڵە گازی دۆزیوەتەوە و تا ئێستا نەیتوانییوە گازەکە بەرهەم بێنێت. ئابووری و توانای تەکنەلۆژی رۆمانیا و تورکیا زۆر لەیەک نزیکن.


ئەم بڕە گازە ئەوەندە گەورە نییە، وەک ئەردۆغان ئیدیعای بۆ دەکرد.بۆ نموونە، لەم ساڵانەدا میسرییەکان ٨٥٠ ملیار مەتر سێجا گازییان دۆزییەوە (نزیکەی سێ هێندەی گازە دۆزراوەکەی تورکیا)، گازە دۆزراوەکەی رۆمانیاش دوو هێندەی تورکیایە. لە باشترین حاڵەتدا، گازەکەی تورکیا، تەنها بەشی ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ لە پێداویستییە ناوخۆییەکانی تورکیا دەکات.


تورکیا ئەزموون و شارەزایی ناوخۆیی نییە لە بەرهەمهێنانی گاز و دەبێت لەگەڵ کۆمپانییا جیهانییەکاندا رێک کەوێت، ئەمەش تێچووی بەرهەم هێنانەکە هێندەی تر زیاد دەکات.


دۆخی ئابووری تورکیا پێویستی بە موعجیزەیەکی گەورە ترە
وێرانی و پەرێشانی دۆخی ئابووری تورکیا و لیرەکەی بەتایبەتی، لەوە قووڵتر و فراوانترە ئەم بڕە گازە فریای بکەوێت. تەنانەت دوێنێ. راستەوخۆ دوای راگەیاندنی مزگێنییەکەی ئەردۆغانیشدا، بەهای لیرەی تورکی بە رێژەی ٠،٦٪ دابەزی بۆ ٧.٣٤ دۆلار. لێرەدا چاوخشاندنێکی خێرا لە دابەزینی لیرەی تورکی و بچوکبوونەوەی ئابووریەکەی لە چەند ساڵی رابردوودا جێگای سەرنجە:


لە ٢٠١٦ دۆلارێکی ئەمریکی بەرامبەر ٢،٨٥ لیرەی تورکی بوو، دوێنێ دوای مزگێنییەکەی ئەردۆغان بەرامبەر ٧،٣٤ بوو, واتە بەهای لیرە لەم چوار ساڵەدا بەرێژەی ٢٥٧٪ دابەزیوە. ئەمەش ئاماژەی قەیرانێکی قوڵی ئیدارەدانی ئابووری تورکیا دێت.


لەساڵی ٢٠١٦ لانی کەمی موچەی مانگانە ٤٦٥ دۆلار بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ ٣١٣ دۆلار


کۆی داهاتی تاک لە ساڵی ٢٠١٣دا ١٢٥٠٠ دۆلار بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ ٩٠٠٠ دۆلار.


پێوانەی جیهانی بۆ خۆشگوزەرانی لە ئێستادا تورکیا دەخاتە ریزی وڵاتانی وەک مەکسیک و کۆڵۆمبیا و ئەفریقای باشور.


بەکورتی، دۆزینەوەی گازی سروشتی شتێکی وا لە دۆخی تورکیا ناگۆڕێت، لانی کەم لە کورت ماوەدا ئەم وڵاتە ناکاتە پێگەیەک کە پێویستی بە هاوردەکردنی گاز نەبێت.