نەخشەیەکی ١٣٠ ساڵە و چەند سەرنجێک

13/03/2021

ئارام ڕەفعەت

یەکەم:
ئەم نەخشەیەی کوردستانی مەزن لەلایەن نەخشەسازی بەناوبانک کاپتن مانوسێل لە ١٨٩٢دا کێشراوە. پێش ئەم نەخشەیەش کۆمەڵێک نەخشەی تری هاوشێوە کێشراون.
دووەم:
بوونی کوردستان بەو قەوارەیەی لە کۆیادی زۆربەماندا هەیە و ناسنامەی پڕ لە شانازی زۆربەمانە بوونێکی دەسکرد نییە و زادەی مۆدێرنەتە و نەخشەسازی کۆڵۆنیالیزم (ئیستیعمار)ی رۆژاوا نییە. کوردستان بوونێکی سروشتییە و ریشەکانی دەگەڕێنەوە بۆ قوڵایی مێژوو.
سێیەم:
رێک پێچەوانەی کوردستان، هیچ کام لەو چوار دەوڵەت و کیانە دەسکردەی کوردستانییان داگیرکردووە بەم نەخشە و ناوەی ئێستایانەوە لە پێش جەنگی جیهانی یەکەمدا نەبوون. واتە پێش جەنگی جیهانی نە تورکیا، نە سوریا، نە ئێران و نە عێڕاق بەو نەخشە و سنورانەی ئێستاوە لەیەک تاکە دۆکومێنتی ئەو سەردەمەدا نەبووە و نییە. هەر چوار کیانە دەسکردەکە بەم قەوارەیەی ئێستایانەوە دەسکردی کۆڵۆنیالیزمن و زادەی بەرژەوەندی کوێرانەی کۆڵۆنیالیزمن.
چوارەم:
نەخشەی کوردستانی مەزن، نەخشەی وڵات و نەتەوەیەکە و جیاوازە لە نەخشەی دەوڵەت. چۆن عەرەبەکان بەهەموو شانازییەکەوە نەخشەی وڵاتی عەرەبی و چۆن تورکەکان وڵاتانی تورک زمان بڵاودەکەنەوە، کوردیش لەوان زیاتر ئەو مافەی هەیە.
پێنجەم:
لە مەغز و جیهانبینی بنەماڵە حاکمەکانی پارتی و یەکێتیدا شتێک نییە بەناوی کوردستانی مەزن. لای ئەوان کوردستان لەوێوە دەست پێدەکات کە بەرژەوەندی و قەڵەم رەوی بنەماڵەکانییان دەست پێدەکات و لەوێش کۆتایی دێت کە ئەم بەرژەوەندی و قەڵەم ڕەوییە کۆتایی دێت. سنووری کوردستانی گەورە بۆ هەردوو بنەماڵەکە دێگەڵەیە و لەوێ تێناپەڕێت. واتە نە پارتی لە دێگەڵە بەملاوە بەهی خۆی دەزانێت و نە یەکێتیش لە دێگەڵە بەولاوە بە هی خۆی دەزانێت.
شەشەم:
ئەوانەی بە ئومێدی ئەو دوو بنەماڵە و حیزبەکانییان خەون بە کوردستانی گەورەوە دەبینن و ئەوانەش کە لە داخی ئەو دوو بنەماڵەیە دژایەتی ئەو خەونە دەکەن دوو رووی هەمان دراوی قەڵپ و زادەی هەمان ئەقڵییەتی کۆڵۆنیالیزە کراون.