ئەو ناونیشانە هەڵانەی نارەزایەتییەکانی ئێرانیان پێ شیکار كرا

01/12/2019

مەجید محەمەدی

ئەو شیكاریانەی كە ناڕەزایەتییەكانی ئێرانیان چواند بە دەستی دەرەكی، نەشیاوترین جۆری شیکارییەکان لە بارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی ئێران تێدەپەڕێنێت، واتە ئەو  شیکارییانەی ئاراستە کردن و رێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەگەڕێننەوە بۆ "دوژمن"ی دەرەکی، وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیا و "دوژمن"ە ئێرانییەکانی نیشتەجێی هەندەران، وەکوو موجاهیدینی خەلق و بنەماڵەی پەهلەوی، چونکە ئەم شیکارییانە لە سەر بنەمای تیۆری وەهمی پیلان دەکرێن و هیچ پێیان لە سەر ئەرزی واقیع نییە و هیچ ئاماژە و بەڵگەیەکیش بۆ سەلماندنیان نەخراوەتە روو. دروشمی "رۆحت شاد رەزا شا" ئەم ناڕەزایەتییانە گرێ نادات بە بنەماڵەی پاشایەتی پەهلەوییەوە. بە هەمانشێوە دروشمی (ئاخوند دەبێ نەمێنێ) نایانبەستێتەوە بە ئیسرائیلەوە.

ئەم نووسینە، ئاماژە بە چوار جۆر شیکاری لە بارەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران دەکات کە لە رواڵەتدا وا دەردەکەوێ، باس لە واقیع دەکەن، بەڵام لە راستیدا دەیانەوێ دەست بە سەر جوڵانەوەی خەڵکدا بگرن یا بیگۆڕن بەوەی خۆیان مەبەستیانە. هەروەها بێ بنەمابوون و تێکەڵکارییەکانی ناویان دەخاتە روو.

چەپە مارکسییەکان، هاوشێوەی ئیسلامییە بە گڕ و تینەکان، حکومەتی مافیایی و پۆلیسی خامنەیی بە نیولیبرال پێناسە دەکەن

چەپی مارکسی و ئیسلامییە بونیاتخوازەکان: راپەڕینە دژی نیولیبرالیزم
چەپە مارکسییەکان، هاوشێوەی ئیسلامییە بە گڕ و تینەکان، حکومەتی مافیایی و پۆلیسی خامنەیی بە نیولیبرال پێناسە دەکەن، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی وا بە دەستەوە بدەن کە جوڵانەوەی خەڵك دژی ئەم رژێمە، راپەڕینە لە دژی نیولیبرالیزم. ئەم جۆرە شیکارییە سێ کێشەی بنەڕەتی هەیە. 

کێشەی یەکەم ئەوەیە کە ئەم شیکارییە، جوڵانەوە و دروشمەکانی خەڵکی ناڕازی کە دژ بە حکومەتی دینی–ن لە بەر چاو ناگرێت. لەم جۆرە شیکارییەدا وەک چاوەروان دەکرێ، هیچ ناوێک لە خامنەیی و سوپا و دامەزراوەکانی سەرکوتکردن و پروپاگەندەی رژێم و سیاسەتەکانیان ناهێنرێت، وەک بڵێی دیاردەی لەو شێوەیە لە ئێراندا هەر بوونیشیان نییە. دەوڵەت بۆ حکومەتی رووحانی و حکومەتی رووحانیش بچووک دەکرێتەوە بۆ چەند سیاسەتێکی بە واتا ئەکتیڤکردنی کەرتی تایبەت و پارێزکردن و دابەزاندنی ئاستی خەرجی گشتی، کەمکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، ناجێگیرکردنی هێزی کار، بە کاڵاکردنی پەروەردە و تەندروستی، کەمکردنەوەی باجی  پیشە و کۆمپانیا گەورەکان و نەهێشتنی خاوەندارێتی فراوان لە بەرژەوەندی خاوەن موڵکە گەورەکان.

لە بنەمادا سیاسەتی ئەکتیڤکردنی کەرتی تایبەت، خۆی هەر بوونی نییە. هیچکام لەو واتایانە بەو جۆرەی لە وڵاتانی خۆرئاوا بەکار دەهێنرێن لە سەر ئێران راست ناکەونەوە. ئەوەی لە ئێران هەیە تاڵانکردنی موڵکی گشتییە لە لایەن مافیایەکەوە کە سێ لقی گەورەی هەیە: دامەزراوەی رابەرایەتی، سوپا و کۆمپانیا حکومییەکان. بەرپرسان و شارەزایانی حکومی، ئەو واتایانە بە کار دەهێنن بۆ ئەوەی کاڵاکانیان بۆ کارتۆنپێچ بکەن، بە هەمانشێوە کە پەرلەمان، ئەنجومەن، نوێنەر، دادگا و هەڵبژاردن بە کار دەهێنن.

هیچکام لەم واتایانە لە کۆماری ئیسلامیدا مانایەکی ئەتۆیان نییە.
چەپی مارکسی بە هەڵە، ئێران بە سیستەمێکی سەرمایەداری وەک ئەمریکا وێنا دەکات و هەمان کڵێشەی بۆ بەکار دێنێ کە بۆ حکومەتەکانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکای باکوور بە کاریان دێنی. خاڵی سەرنجڕاکێش لێرەدا ئەوەیە کە لە پێوتنی قسەی نەشیاویش بە نیولیبرالیزم، وەک هۆکاری هەژاری خەڵکی ئێران و ناڕەزایەتییە گشتییەکان (و گرنگینەدان بە فرەخوازی، بەفیرۆدان، گەندەڵی و کارلێنەهاتوویی)، "جبهە پایداری – حزبی سەر بە ویلایەتی فەقیە" و هەندێک لە مارکسییەکان و سۆسیالیستەکانی دەرەوە و ناوەوەی ئێران، یەکیان گرتووەتەوە.

چەپی مارکسی بە هەڵە، ئێران بە سیستەمێکی سەرمایەداری وەک ئەمریکا وێنا دەکات و هەمان کڵێشەی بۆ بەکار دێنێ کە بۆ حکومەتەکانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکای باکوور بە کاریان دێنی

ریفۆرمخوازانی ناحکومی: ناڕەزایەتییەکان بۆ بژێویین 
کەسانێکی دیکە، ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی ئێران، لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی چیللی و بۆلیڤیا و کۆلۆمبیا بەراورد دەکەن و بە ناڕەزەایەتی رەهای بژێویخوازی و ئابووری دادەنێن، لە حاڵێکدا لە ناڕەزایەتییەکاندا کەمترین دروشمی بژێویخوازی و ئابووری و زۆرترین دروشمی سیاسی بەرز کراونەوە.

ریفۆرمخوازانی ناحکومی، لە کەمبوونی داهاتی ناڕازییانەوە گەیشتوونە ئەو ئەنجامەی کە ناڕەزایەتییەکان بژێویخوازانەن، بەڵام بەمە خەڵک دەخەنە هەڵەوە.

دەکرێ خەڵکی دەست كورت و هەژار هۆکاری جۆراوجۆری هەبێت بۆ نارەزایەتیدەربڕین و ناکرێ بە هۆی هەژاربوون، بچووک بکرێنەوە. ریفۆرمخوازان، تەنانەت ئەوانەیشیان کە لە حکومەتدا نین، سەریان کردووەتە ژێر بەفر و نایانەوێ داواکارییەکانی خەڵک بۆ رووخاندنی رژێم ببینن. ریفۆرمخوازان لە خۆپێشاندانەکانی دوو ساڵ پێش ئیستادا، دەیانویست ئەو ناڕازییانە بە خێرایی سەرکوت بکرێن کە ئەوانیان تێپەڕاندبوو، لەم ناڕەزایەتییانەیشدا لە ئاست سەرکوتکردنی ناڕازییاندا، بە زۆری یا بێدەنگ بوون یا داوایان دەکرد بۆ نەهێشتنی گەمارۆکانی سەر ئێران دەست بە دانوستان بکرێتەوە. (مەبەست راگەیەندراوی ٧٧  کەسەکەیە) وەک بڵێی کێشەی خەڵک گەمارۆکان بێت، تەنانەت لە یەک گردبوونەوی خەڵکدا، دروشمێک دژی گەمارۆکان نەوتراوە.

ریفۆرمخوازانی حکومەتی: بارودۆخ ئاساییە 
مەعسومە ئیبتکار، یەکێک لەو کەسانەیە کە لە شۆڕشی ٧٩دا هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئێران، هەروەها یەکێک لە جێگرانی حەسەن رووحانییە و دەڵێت:" ئێمە شایەتی ئەوەین، هاوکات لە چەندین وڵات ملیۆنان ناڕازی لە سەر شەقامەکانن و ئێران تەنیا وڵاتێک نییە کە جار جارە کێشەی لەم شێوەیەی بە تووشەوە دەبێت". 

ئێران وڵاتێکی ئاسایی نییە کە پاساوی شۆڕشگێڕانە بۆ ئاگر هەڵگیرساندن و سەرکوتکردنەکان بهێنێتەوە

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دوو جۆر لێدوان لە بارەی بارودۆخی ئێستای ئێرانەوە دەدەن. عەلی خامنەیی دەڵێت: ئێران وڵاتێکی ئاسایی نییە کە پاساوی شۆڕشگێڕانە بۆ ئاگر هەڵگیرساندن و سەرکوتکردنەکان بهێنێتەوە (لەگەڵ ئەمە شۆڕشی چل ساڵ پێش ئێستا بیر بهێننەوە، لە لایەن دەسەڵاتدارێکەوە کە سیمبۆلی گەندەڵی و دیکتاتۆرییە)، بەرپرسانی حکومەتی رووحانیش بەردەوام هەوڵدەدەن بڵێن؛ ئێران وڵاتێکی ئاساییە وەکوو هەموو وڵاتانی دیکە و ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە ئاسایین. بەڵام دیارە سەرنجی ئەوە نادەن کە لە هیچکام لەو وڵاتانەدا، لە ناکاو نرخی بەنزین سێ قات بەرز نەبووەتەوە و هێڵی ئینتەرنێت نەپچڕاوە و بەدوایدا دەستبەجێ خەڵک نەدراونە بەر دەستڕێژی فیشەک و هەزاران کەس بە شێوازی رەشبگیر دەستبەسەر نەکراون، بۆ ئەوەی دوای لە بێژنگدانیان هەندێکیان رزگار بکرێن. رەنگە لە هەندێک وڵات ئەم کارانە لە حاڵەتێکی تایبەتدا کرابن، بەڵام بەم شێوازە گشتگیر و بە کۆمەڵە، تەنانەت لە دیکتاتۆرییەکانیشدا، کارێکی نائاساییە. حکومەتی دینی و شەریعەتخواز لە سەدەی بیستویەکەمدا ئاسایی نییە و ئاساییش نابێ.

بونیاتخوازە ئەریستۆکراتەکان: جوڵانەوەی دژ بە گەندەڵییە
بونیاتخوازە ئەریستۆکراتەکان (ئەو گورپە قەڵەوانەی کە وا پێشان دەدەن رۆڵی دادخواز و شەفافییەتخواز دەبینن)، ناڕازییان بە دوو بەش دابەشدەکەن: ١- کۆمەڵێک شەڕانگێز کە دەبێ هەڵتەکێندرێن. ٢- خەڵکانی ناڕازی کە پێویستە دەرفەتیان پێ بدرێ ناڕەزایەتی دەرببڕن (بەڵام دیار نییە لە کوێ؟). جیاوازی ئەمانە لەگەڵ بەشە سەربازی – ئەمنییەکە، ئەوەیە کە لانیکەم هەندێک لە ناڕازییان بە شەڕانگێز نازانن. ئەوانە گرنگی بە بەفیڕۆدان و کارلێنەهاتوویی نادەن و گەندەڵییان کردووەتە نیشانە و دەڵێن خەڵک بە دەست گەندەڵییەوە بڕستیان لێ بڕاوە، بەڵام کاتێک باسی گەندەڵی دەکەن، تەنیا دەسەڵاتی جێبەجێکار دەستنیشان دەکەن و سەرنجیان ناچێتە سەر گەندەڵی لە دامەزراوەی رابەرایەتی و سوپای پاسداراندا کە خۆیان سوودیان لێ دەبینن. ئەوان ئەو رەهەندە نابینن کە ناڕازییان هاوکات لەگەڵ ئەوەی کێشەیان لەگەڵ گەندەڵییەکانی حکومەت هەیە، حکومەت بە خودی گەندەڵی دەزانن و ئامادە نین لەگەڵی بچنە ناو گەمەی بە واتا خەباتکردن دژ بە گەندەڵی.

لە خۆپێشاندانە حکومییەکاندا، دروشمی رەخنەگرتن لە حکومەتی رووحانی بەرز دەکەنەوە تاوەکوو بەو شێوەیە هەم خۆیان بکەن بە خاوەنی ناڕەزایەتییەکان

ئەم جۆرەی بونیاتخوازان، بە شوێن ئەوەوەن کە بەرپرسیارێتی خەسارەکانی ناڕەزایەتییەکان بخەنە ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن. ماڵپەڕەکەیان واتە (ئەلف)، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا جەختی کردووە؛ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کە لە بونیاتخوازانە، بە مەرج ئامادە بووە بڕیاری گرانکردنی نرخی بەنزین واژوو بکات کە بە کۆدەنگی سەرۆکی هەر سێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دادوەری و یاسادانان کراوە و رابەر پەسەندی کردووە. بە دوای ئەوەدا دەزگای پروپاگاندای دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەرپرسیارێتییەکەی دەخستەوە ئەستۆی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری. بابەتێکی مایەی سەرسووڕمانە کە لە ئێران گرووپێک لە سفرەی شۆڕش سوودمەند بووبن، وەک ئەحمەد تەوەکولی و هاوبەشەکانی و حسێن شەریعەتمەداری، ئێستایش چووبنە بەرەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و ئاڵای دژایەتیکردنی گەندەڵی بەرز بکەنەوە. هەر بە پێی ئەم شیکارییەیە کە هەندێک لە لایەنگرانی ئەم رەوتە، لە خۆپێشاندانە حکومییەکاندا، دروشمی رەخنەگرتن لە حکومەتی رووحانی بەرز دەکەنەوە تاوەکوو بەو شێوەیە هەم خۆیان بکەن بە خاوەنی ناڕەزایەتییەکان، هەم رکابەرە سیاسییەکەیان لە مەیدان بکەنە دەرەوە.

سێ رووی دیاری ناڕەزایەتییەکان     
ئەو چوار جۆرە شیکاریکردنە، لە خاڵێکدا هاوبەشن کە ئەویش نەبینینی سێ رووی ناڕەزایەتییەکانە، واتە:
١- نۆستالۆژیا بۆ حکومەتی پەهلەوی کە تەنیا حکومەتی مێژووی هاوچەرخی ئێرانە، ئەو وڵاتەی بە ئاراستەی گەشەپێدان و مۆدێرنیزاسیۆن بردبێ و ئێران لە ئەزموونکردنی حکومەتی مۆدێرندا قەرزاریەتی.
٢- رەتکردنەوەی حکومەتی دینی و تێکەڵکردنی سیاسەت و مەزهەب.
٣- هۆگری بۆ شارستانیەتی خۆرئاوا و رەتکردنەوەی دژایەتیکردنی خۆرئاوا (دیارە بە ئاماژەدان بۆ دروشمی "دوژمنمان لە ناوخۆیە")

  سەرچاوە: کەیهانی لەندەن