لێکۆڵینەوە

06:48 - 02/01/2023

قاسم سولەیمانی؛ لە هاوکاریکردنی ئەمریکا لە ئەفغانستانەوە بۆ دوژمنایەتی لە عێراق‌‌

پەیسەر

قاسم سولەیمانی 22 ساڵ فەرماندەی سوپای قودس بوو، بەڵام تەنها لە 7 ساڵی کۆتای تەمەنیدا بوو بە کەسایەتییەکی دیار لە راگەیاندنەکانی ئێران و رۆژئاوادا.


سەردەمێک لە ئەفغانستان نەخشەی سەربازی دەدایە دەستی ئەمریکییەکان تاوەکو دژی تاڵیبان شەڕ بکەن، پاشان لەکاتی روخانی سەدام حسەین لە عێراق هاوکاری حکومەتی ئەم وڵاتەی کرد بکەوێتە سەرپێی خۆی بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی ئێراندا بێت.

بەڵام دواجار دژایەتییەکانی سوپای قودس لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی گەیشتە ئاستێک، ئەم فەرماندەیەی سوپای قودس بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە فڕۆکەی بێفرۆکەوان لە 3ی کانوونی دووەم 2020 بکوژرێت.

کەسایەتییەکی نەناسراو

گرنگیدانی ڕۆژنامەکانی رؤژئاوا بە قاسم سولەیمانی کاتێک دەستپێدەکات کە ڕۆڵی سولەیمانی و سوپای قودس لە رووبەڕووبوونەوەکانی سوریا و پاراستنی رژێمی بەشار ئەسەد  دەردەکەوێت.


یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان لەبارەی سولەیمانییەوە لە بڵاوکراوەکانی رۆژئاوادا بڵاوکرایەوە، راپۆرتێکی تێروتەسەلی گۆڤاری نیویۆرکەر بوو لە 30ی ئەیلولی 2013. هەرچەندە لەوکاتەدا کەمترین کەس لەناو ڕۆژنامە ئینگلیزی زمانەکاندا ناوی سولەیمانی بیستبوو، بەڵام کەسایەتییە دیبلۆماتی و سەربازییەکانی ئەمریکا لەمێژبوو هەژمونی راستەقینەی ئەویان لە سیاسەتی ئێران لەناوچەکە دەزانی و بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵیدا هەبوو.


لە فیلمی بەڵگەنامەیی "فەرماندەیەک لە سێبەردا: مێشکی بیرکەرەوەی سەربازی ئێران" کە لە ساڵی 2019 لە کەناڵی بی بی سی بڵاوکرایەوە، کەسایەتییە ناسراوەکانی وەک رایان کرۆکەری باڵوێزی پێشووی ئەمریکا لە عیراق، دەیڤد پاتریۆسی فەرماندەی سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق و ژەنەراڵ ستانلی مەک کریستاڵی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا باسیان لە شەڕ و کۆبوونەوەکانی خۆیان کرد لەگەڵ ئەوهێزانەی لەژێر فەرمانی سولەیمانیدا بوون.


"مێشکی بیرکەرەوە"، "کاریزما"، "پیشەگەر و کارزان" و ئەڵبەتە " شەیتان و شەیتان سیفەت" ژمارەیەک لەو وەسفانەبوون کە دیبلۆمات و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا لەبارەی سولەیمانییەوە بەکاریان هێنا.


هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا لە ئەفغانستان

رایان کرۆکەری دیبلۆماتی پلەباڵای ئەمریکا و باڵوێزی پێشووی  ئەمریکا لە عێراق، هەفتەیەک دوای هێڕشەکانی 11ی سێپتەمبەر"ئەیلول" بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دیبلۆماتە ئێرانییەکان دەگاتە جنێف، نێردراوە ئێرانییەکان بە گوتەی کرۆکەر راستەوخۆ سەر بە "حاجی قاسم" بوون.


دوای 11ی سێپتەمبەر و هێڕشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان، ئێران و ئەمریکای بەرامبەر دوژمنێکی هاوبەش بەناوی تاڵیبان لێک نزیک بوونەوە. هاتنەسەرکاری حکومەتی ریفۆرمخوازی محەمەد خاتەمیش لە تاران،  کەشێکی سیاسی بۆ نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات دروست کردبوو.


سولەیمانی لە ساڵی 1998 ەوە فەرماندەی سوپای قودس بوو، پێشتریش لە سنورەکانی خۆرهەڵاتی ئێران بەرپرسارێتی هەبووە و لەگەڵ گرووپی موجاهیدینی ئەفغانستانیش کە دژی تاڵیبان دەجەنگان پەیوەندی هەبووە. هەموو ئەوانە وایکردبوو تارادەیەک بە وردی ئاگاداری تاڵیبان و جووڵە سەربازییەکانیان بێت. بەتایبەت لە روداوی کوشتنی دیبلۆماتە ئێرانییەکان لە هاوینی 1998 و لە مەزاری شەریف، ئێران و ئەفغانستانی لە شەڕێکی عەیارە بیست و چوار نزیک کردەوە.


کرۆکەر باس لەوەدەکات لە بەشێک لە گفتوگۆکاندا، دانوستانکاری باڵای ئێران نەخشەیەکی شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی تاڵیبان بە کرۆکەر  نیشاندەدات و دەڵێت " بەڕای من باشترە یەکەمجارە بدەن لێرە، پاشان ئێرە و ئێرەش. هۆکارەکەشی لێرەدایە." کرۆکەر دەپرسێت دەتوانم ئەم زانیاریانە تۆماربکەم، و دانوستانکارەکەش لە وەڵامدا دەڵێت "دەتوانی نەخشەکە لەگەڵ خۆت ببەی." ئەمریکییەکانیش لە بەرامبەردا، شوێنێکی نهێنی یەکێک لە هاوکارەکانی قاعیدە لە مەشهەد دەدەنە  لایەنی ئێرانی. دیبلۆماتە ئێرانییەکە بە کرۆکەر دەڵێت "حاجی قاسم هاوکاریکردنمانی زۆر بەلاوە پەسەندە."


هاوکاریکردنی نزیک لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئەفغانستان، کە لە ڕێگەی سوپای قودس و حاجی قاسمەوە ئەنجامدەدرا، چەندین مانگ دوای رووخانی تاڵێبانیش هەر بەردەوام بوو، بەڵام وتارەکەی جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە 29ی کانوونی دووەم 2020، کە ئێرانیشی وەک عێراق و کۆریای باکور بە  " چەقی شەڕ" ناوبرد، هەموو شتێکی قڵب کردەوە.


لە ڕۆژی دواتردا، کرۆکەر لایەنی دانوستانکاری ئێران لە فەرمانگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کابوڵ دەبینێت. دانوستانکارە ئێرانییەکە بە کرۆکەر دەڵێت سولەیمانی لە توڕەیدا پێچدەخوات و بەم روداوە پێگەی  کەوتووەتە مەترسیەوە. ئەو بە کرۆکەر دەڵێت لەگەڵ هەبوونی سەرکێشییەکی سیاسی زۆر قورس، سولەیمانی بیر لە گۆڕانی تەواو دەکاتەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا. کرۆکەر  لەم بارەوە گوتویەتی " وشەیەک لە وتارێکدا، ئاراستەی مێژووی گۆڕی."

هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا لە عێراق

لە بەهاری 2003 دا ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق و سەدامی رووخاند. پەیوەندی ناراستەوخۆی ئێران و ئەمریکا بۆ دروستکردنی " ئەنجوومەنی حوکم لە عیراق"  بەردەوام بوو. رایان کرۆکەر بۆ دروستکردنی ئەم ئەنجوومەنە نێردرابووە عێراق. لە ڕیگەی ئەو سیاسیانەی عێراقەوە کە بەردەوام بۆ راوێژ رویان لە تاران دەکرد. بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ لەگەڵ سولەیمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە راوێژی دەکرد. کرۆکەر دەڵێت " پێکهێنانی ئەنجوومەنی حوکم لە بنەرەتدا ئەنجامی دانوستانی نێوان تاران و واشنگتۆن بوو."


روژبەڕۆژ توندوتیژییەکان لە عێراقدا زیاد دەکات و بارودۆخی عێراق لە ژیر کۆنترۆلێ ئەمریکا و هاوپەیمانەکان دەردەچێت، سیاسەتی  ئێرانیش لە دانوستان لەگەڵ لایەنی بەرمانبەر دەگۆڕدرێت. لەمەو بەدوا پەیوەندییەکانی سولەیمانی و ‌هێزەکانی ژێردەسەڵاتی لەگەڵ ئەمریکادا، بەزۆری پەیامی کورت و سنووردار دەبێت و لە ڕێگەی ساسیەکانی کورد و شیعەی عێراقەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێت.


لە ساڵی 2004 دا، پەیوەندییەکانی سوپای قودس و ئەمریکا بەتەواوی تێکدەچێت، ئەمەش کاتێک روودەدات کە بۆمبەکانی کەناری جادەکان ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج. ئەمریکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن 20٪ زیانەکانی شەڕی عێراقیان بەهۆی ئەم بۆمبانەوە بووە، پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران و سوپای قودس ڕاکێشرا. ستانلی مەک کریستاڵ، فەرماندەی ئەوکاتی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا دەڵێت" هیچ گومانمان نەبوو کە ئەم بۆمبانە لە کوێوە دێن. تەنانەت شوێنی دروستکردنیشیانمان لە ئێران دەزانی. ئەم بۆمبانە سەدان سەربازی ئەمریکیان کوشت."


لە چاودێریکردنیەوە بۆ کوشتنی


لەم قۆناغەدا چەندین روداو رووبەرووبوونەوەی سوپای قودس و هێزەکانی ئەمریکا دەگەیەنێتە ئاستێکی باڵاتر.


دەستگیرکردنی موحسین چیزری، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای قودس، لە ماڵی عەبدولعەزیز حەکیم لەلایەن هێزی کۆماندۆی ئەمریکی لە کانوونی یەکەم 2006، شکاندنی یاسا نەنوسراوەکان و ژێرپێخستنی هێڵی سوور بوو، کە لەوەو پێش ئەمریکییەکان ئەم هێڵانەیان نەدەبەزاند. چیزری لەسەر داواکاری نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەڵام باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق بە مالیکی دەڵێت جاری داهاتوو ئەندامانی سوپای قودس دەستگیر بکەین، ئازادیان ناکەین.


مانگێک دواتر، کاروانێک لە بەرپرسە باڵاکانی سوپای قودس لەڕێگەی سنووری زەمینییەوە دێنە ناو عێراق. هێزەکانی ئەمریکا چادێری هاتنەناوەوەی ئەم ئۆتۆمبێلانەیان دەکرد راپۆرتەکان ئاماژەیان بە هەبوونی سولەیمانی و عەزیز جەعفەری، فەرماندەی ئەوکاتی سوپای پاسداران دەدا لەناو کاروانەکەدا.


هێزەکانی مەک کریستاڵ هەر لە سنوری ئێرانەوە تاوەکو شاری هەولێر چادێری کاروانەکەیان کرد، لەگەڵ گەشتنیان بە کونسوڵگەری بڕیاری دەستگیرکردنیان درا. هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا چوونە ناو بینای کونسوڵگەری ئێران لە هەولێر و پێنج ئێرانیان دەستگیر کرد. بە گوتەی مەک کریستاڵ، هەر پێنج کەسەکە هەڵگری پاسپۆڕتی دیپلۆماتی و  ئەندامی سوپای قودس بوون، بەڵام هیچ شوێنەوارێکی جەعفەری و سولەیمانی دیارنەبوو. وادیاربوو لە خاڵێکدا لە کاروانەکە جیابووبوونەوە و چووبوونە جێگەیەکی ئەمنی تایبەت بە مەسعود بارزانی.


مەک کریستاڵ و پەترایۆس باس لەوە دەکەن، 9 ڕۆژ دوای دەستگیرکردنی ئەندامانی سوپای قودس، لە تۆڵەی ئەم دەستگیرکردنەدا، پێنج ئۆتۆمبێلی رەش کە شوفێرەکانیان بە ئینگلیزی دەدوان و کارتی ڕیگەپێدرا و جلوبەرگی فەرمیان پۆشیبوو، دەچنە ناو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کەربەلا و سەربازێکی ئەمریکی دەکوژن و چوار سەربازی دیکەش دەڕفێنن و دوای چەند سەعاتێک تەرمی رفێنراوەکانیش دەدۆزرێنەوە. ئۆپراسیۆنێک کە خولێکی دیکەی رووبەرووبوونەوەی نێوان ئەمریکا و هێزەچەکدراەکانی سەر بە ئێرانی هێنایە ئاراوە.


دوای کوشتنی پێنج سەرباز ئەمریکی لە کەربەلا، سولەیمانی لە ڕیگەی جەلال تاڵەبانی سەرۆکی کۆماری کاتی ئەوکاتی عیراق پەیامێکی ئاشتیخوازانە بۆ باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق دەنێرێت و دەڵێت " سوێند بە گیانی خومەینی، من ڕێگەم بە تەقاندنی فیشەکێک دژی ئەمریکییەکان نەداوە".پەیامێک کە ئەمریکییەکان باوەڕیان پێنەدەکرد.


لەگەڵ هاتنە سەرحوکمی ئۆباما لە ساڵی 2008 و چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2001، رووبەرووبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و سوپای قودس بەشێوەیەکی کاتی کەمدەبێتەوە. لەگەڵ بوون بە سەرۆکی دۆناڵد ترەمپ و دەرچوونی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2018، جارێکی دیکە گرژییەکانی نێوان هەردوولا سەریانهه‌ڵدایه‌وه‌ و له‌سه‌رده‌می جۆو بایدنیشدا درێژه‌یان هه‌یه‌.