مرۆڤ لە بەخێوکردن زیاتری دەوێت

01/04/2023

د. نیاز نه‌جمه‌دین


ئەو مێردەی وادەزانێت تەنها بەهۆی بێ پارەییەوە ژنەکەی رێزی ناگرێت، ئەحمەقە. بەودیودا، ئەو مێردەی بە تەسەوری خۆی سەروەتەکەی کافییە تا ژنەکەی لە دڵەوە لەگەڵی بێت، خۆی گێل دەکات.

 دایک و باوکێک بیانەوێت تەنها بە مەسڕەفکردن دڵی منداڵەکانیان ببەنەوە، فاشلن. نیوەی ئەو منداڵانەی سەری خۆیان هەڵگرت لە داخی حزبەکان نەبوو، بەڵکو لە داخی دایک و باوکیان بوو کە لە بری پاراستنیان، مەترسیی بوون بەسەریانەوە. ئەو دایک و باوکانەش ویستیان تەنها بە پارە و دەسەڵات منداڵەکانیان دروست بکەن، لە کۆتاییدا گەورەبوون و بینیمان بەڵایەکن بۆ گیانی خەڵک.

نەفام ئەو بەرپرسە سیاسییەی حزب، ئیدارییەی حکومەت، خاوەنکارەی کەرتی تایبەتیشە واتێبگات پێدانی کار و دابینکردنی موچە بەسە بۆئەوەی ئەندامی حزبەکەی/دەزگاکەی/کۆمپانیاکەی پاشکۆی بن و ئینتیمایان بۆی هەبێت. ئێمە لەم وڵاتەدا نەقسێکی گەورەی "هەستکردن بە رێزگرتن" و "هەستکردن بە ئامان"مان هەیە.

شکاندن و ئیغراکردن بە پارە لە بری رێزگرتن و هەستکردن بە ئامان سیمای زاڵی پەیوەندییەکانمانە. پاشان دێن و پاساو بۆ شکاندن و ئیهمالکردنی بەرامبەر دێننەوە گوایە مرۆڤی ئێمە تەحەمولی رێز ناکات و دەبێت بە شەق لەگەڵی بجوڵێیتەوە، لێت بترسێت و بە کەیفی خۆی لێخۆڕێت. کاتێکیش بایەخ بە کەسێک دەدەن، پاساوی بۆ دەهێننەوە. مەسەلەن کچێکی ناشیرین یان کوڕێکی بێدەسەڵات بیت جیاواز لە کچێکی جوان یان کوڕێکی باڵادەست لەگەڵت دەجوڵێنەوە. لە هەردوو بارەکەشدا، جوان بیت یان ناشیرین و باڵادەست بیت یان بێدەسەڵات کێشەیە و بەشێوەیەک لە شێوەکان نامورتاحیت. بەکورتیی، ئێمە کە سەیری یەکتر دەکەین وەک مرۆڤ یەکتر نابینین، بەڵکو دیقەتی شوناسی بەرامبەر دەدەین: پێم بڵێ منداڵی چ خێڵێک، بەرپرسێک، یان پارەدارێکیت، پێگەت چییە و چەند لە خوار یان سەروو منەوەیت، پیشانت دەدەم چەند رێزت دەگرم! هەموو ئەمانە هەڵگری دونیابینیی باوکێکن رۆڵی خۆیان لە بەخێوکردن (واتە دابینکردنی موچە و داهات) و پاشان کۆنتڕۆڵکردن لە رێی شکاندنەوە دەبینن، ئەزموونی ژیانیان و بەرژەوەندییەکانیان وای لێ کردوون وابزانن بەم دوو کەرەستەیە دەگەنە لاسەرووی تەواوی کۆمەڵگەوە.

 بەڵام ئەوان سەهوو دەکەن. پەیوەندیی هەر جۆرێک بێت (سیاسیی، بزنس، یان کۆمەڵایەتیی)، رێز و هەستکردن بە ئامان دوو پایەی سەرەکیی پێکدەهێنن، پێکەوەژیانەکە ئارامتر دەکەن، ووزەی ئەرێنیی دەبەخشن بە کەسەکە، ژیانمان باشتر و خۆشتر دەکەن، لەبەرئەمانەش بایەخیان کەمتر نییە لە پێدانی موچە و داهات ئەگەر زۆر زیاتریش نەبێت. لە راستیدا، لە کۆمەڵگەیەکی شەق و شڕدا گەورەبووین بەشێوەیەک پڕی کردوین لە نەخۆشیی، یەکێکیان دابەشبوونە لە نێوان خۆبەکەمزانیی و خۆبەزۆرزانییدا. بۆیە بەردەوام پێویستمان بەوەیە کار لەسەر خۆمان بکەین.

 ئەگەر بە دەستێک پێویستمان بەوە هەیە لە ئیگۆی خۆمان بدەین، خۆمان فێربکەین تا لە تواناماندا بێت بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەکانی چواردەورمان بکەین، رێزێك هەست بکەن لەبەر ئەوە نییە کە پارەدار یان دەسەڵاتدار یان هاودیدن، بەڵکو لەبەرئەوەیە مرۆڤن و کەرامەتیان هەیە، ئەوا بە دەستەکەی تر پێویستمان بەوە هەیە لەوە تێبگەین ترس لە کەسی بەرامبەر لە هەندێک ئاستدا سوک و رسوامان دەکات و پێویستە خۆمان لەو ترسە ناوەکییە کەڵەکەبووە رزگار بکەین.