لێکۆڵینەوە

01:58 - 11/03/2023

رێککەوتننامەی ١١ی ئازار.. بردنەوەیەکی پڕ لە ئازار‌‌

پەیسەر

سێ شەو پێش رێککەوتنی ١١ی ئازار، مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێن کە ئەوکات جێگری سەرۆک کۆماربوو، لە خانوویەکدا لە چۆمان تا درەنگانێکی شەو پێکەوە دەمانەوەو درێژەیان بە دانوستان و گفتوگۆکانیان دەدا.
بەیانیی زووی رۆژی ١٠ی ئازار هەردووکیان لە خەو هەڵدەستن و لە حەوشەی ئەو خانووەدا بە نۆرە دەموچاو دەشۆن و ئاودەکەن بە دەستی یەکتردا. مەلا مستەفا دواتر بە دۆستانی خۆی دەڵێ: لە هەندێ داواکاریدا سەدام زیاتری دەدا. ئەمە منی خستە گومانەوە سەبارەت بە نیەتی ئەم کابرایە.

هەرچۆن بوو رۆژی ١٠ی ئازاری ١٩٧٠ سەدام و بارزانی لە چۆمان رێکەوتن و بڕیاردرا رۆژی دواتر لە شاری بەغدا ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەیان ئاشکرا بکرێ. هەروایانکرد دواتر ئەم رێککەوتنە بە "بەیاننامەی ١١ی ئازار" ناوی دەرکرد.
رێککەوتننامەی ١١ی ئازار، ساڵی 1969 بناغەکەی بە گفتوگۆی نێوان سەرکردایەتی بەعسی دەسەڵاتدارو سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دانرا.
ناوەڕۆکی رێککەوتننامەکە لە22 بڕگە پێکهاتبوو، 15ی ئاشکرا و 7ی بە نهێنی هێڵرایەوە. بڕگەکانی ئەو بەشەی نهێنی بوون، تایبەت بە کەرکوک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بوو کە شنگال و خانەقینیشی دەگرتەوە.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی دروستبوونی عێراقدا، داننرا بە ئۆتۆنۆمییەکی ئیداریی و سەربازیی بۆ کوردستان و لە حکومەتی مەرکەزیدا کورد بە چوار وەزیر بەشداریکرد، هەروەها زمانی کوردی بە زمانی رەسمی ناوچە کوردییەکان و پێشمەرگەیش وەکو پاسەوانی سنوور لەناو سیستمی بەرگریی عێراقدا دانران.


دوژمنەکانی رێککەوتنەکە

روسیا -یەکێتی سۆڤێتی پێشوو- کە ئەوکاتە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا پەیوەندی باش بوو، نێوانگیری راستەوخۆی دەکرد لەنێوان سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول و حزبی بەعسدا. کاتێکیش رێککەوتننامەکە ئیمزا کرد پیشوازی لێکرد.
ئەمریکایش وەکو یەکێک لە دوو زلهێزەکەی ئەو سەردەمە، رێککەوتننامەکەی پێخۆشبوو بەڵام بەو مەرجەی عێراق و سۆڤێت لە یەکتر نزیک نەبنەوە. بەڵام دوو ساڵی دواتر واشنتۆن دەیویست سەرئێشە بۆ عێراق دروست بکات و بۆ ئەمەش یارمەتی کوردی دەدا.
دوژمنە راستەوخۆکانی ئەو رێککەوتنە هەریەکە لە شای ئێران، تورکیا و سوریابوون. ئەوان لەبەر هەبوونی کورد لە وڵاتەکانی خۆیاندا، نەیاندەویست کورد لە عێراق ئەو مافانەی پێ بدرێ.

ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆک کۆمار و سەدامی جێگری، چەندجارێک ئاماژەیان بەوەداوە کە ئەو وڵاتانە ئاگاداریان کردوونەتەوە لەو سەرکێشیەی کردوویانە لەگەڵ کوردو داوای پاشگەزبوونەوەیان لێکردوون. تەنانەت هەڕەشەشیان کردووە کە ئەگەر بەیاننامەی ١١ی ئازار سەربگرێ بە پەیوەندییەکانیاندا دەچنەوە.

قازانجەکانی بۆ کورد

١١ی ئازار سەرکەوتنێکی گەورەی کورد و شۆڕشەکەی بوو لە سەدەی بیستدا، چونکە دەوڵەتی عێراقیان ناچارکرد لە نکوڵیکردن و ئینکاریکردنەوە، بێنە سەر ئەو ئەنجامەی ئۆتۆنۆمیان بۆ بسەلمێنن.

هەرچەندە ئەمە هەموو شتێک نەبوو، بگرە زۆر کەمتربوو لە مافی رەوای نەتەوەیی و سیاسی و رۆشنبیریی کورد، بەڵام بەڵگەنامەیەکی گرنگ بوو بۆ کورد لە عێراقدا.
لە ١١ی ئازاردا کۆتایی بەو ناکۆکییە حەوت ساڵییەی ناوخۆی کورد هات کە شۆڕشی کوردی کردبوو بە دوو پارچەی دژ بەیەکەوە. باڵی مەکتەبی سیاسی چوونەوە ژێر سەرکردایەتی مەلا مستەفا و کۆتایی بە سەردەمی ئەوان هات.
لەو حەوت ساڵەدا رووداوی خوێناوی روویاندا و دەیان پێشمەرگە و فەرماندە و کادری سیاسی کورد، بە دەستی کورد کوژران.

شۆڕشی ئەیلول کە ٩ ساڵ بوو هەڵایسابوو، بەهۆی ١١ی ئازارەوە پشوویەکی دا و ئەگەر بەناو یان رووکەشیشبێ، بوو بەبەشێک لە حوکمڕانی عێراق.
بەو رێککەوتنە، هەستی کوردبوون و ئومێد بە شۆڕشەکەی تا ئاستێکی زۆر بەرزبوویەوە. خۆشاردنەوەو بۆردمانی هەمیشەیی گوندەکانی کوردستان کە لە ١٩٦١ـەوە دەستیپێکردبوو، کۆتایی هات.

لەسەر ئاستی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی، پرسی کورد لە کوردستانی عێراق تاڕادەیەکی زۆر بەرەوپیشچوونی بەخۆیەوەبینی.

زیانەکانی بۆ کورد

یەکەم زیانی دوای ١١ی ئازار، چڕکردنەوەو فراوانترکردنی سیاسەتی تەعریب و دابڕینی رووبەرێکی فراوان بوو لە خاکی باشووری کوردستان کە دەخەمڵێنرا بە ٤٨٪ هەموو رووبەرەکەی.

شاری کەرکوک ناوەندی ئەو تەعریب و دەرپەڕاندنەی کوردبوو، بەڵام سیاسەتەکە بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای موسڵ و خانەقینیشدا جێبەجێکرد.
دەرکردنی کوردانی فەیلی بەغدا بۆ ئێران و سەندنەوەی رەگەزنامەی عێراقیی لێیان.
لەو کاتەدا سەرکردایەتی کورد بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە تێکنەچێ، چاوپۆشی دەکرد لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەی بەعس بە کوردستانی دانەنابوو لەگەڵ ئەو سەرپێچیە ئاشکرایانەی حزبی بەعسی دەسەڵاتدار دەیکردن.
ئەو وادەیەی دانرابوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە چوار ساڵ بوو، بەڵام بەعس لەو چوار ساڵەدا جێگە و پێگەی خۆی لە عێراق و کوردستان قایم کرد. و تادەهات بێمننەتتر دەبوو


کرمۆڵبوونی دۆستایەتییەکە


ساڵێک تێپەڕیبوو بەسەر ١١ی ئازاردا، شاندێک مەلایانی عێراق رۆژی ٩ی ئەیلولی ١٩٧١ سەردانی مەلا مستەفایان کرد لە حاجی ئۆمەران. بەڵام مەلاکان نەیانزانیبوو، ئیسختباراتی عێراق بۆمبی چێنراوی پێدا رەوانە کردبوون تا بارزانی تیرۆر بکەن.

ئیتر لێرەوە دۆستایەتییەکەی ساڵی رابردوو درزی تێبوو. ئێران و ئەمریکا ئەم کەلێنەیان بە هەلزانی و هانی بارزانیاندا دژی سەدام بووەستێتەوە، بەگوێرەی قسەی هێنری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو کاتەدا، لەگەڵ شای ئێران بەڵێنی یارمەتیان بە مەلا مستەفا داوە کە ساڵی 1973 تا 1975 تێکڕای یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا بۆ شۆڕشی ئەیلول گەیشتە 20 ملیۆن دۆلار لەگەڵ 1250 تەن چەک و تەقەمەنی و كەرەستەی جەنگیی.


هەروەها شای ئێرانیش بۆ بەهێزکردنی سەرکردایەتی کورد لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا، نزیكەی 30 ملیۆن دۆلار و چەک و تفاقی پێشکەش کردووە.ئامانجی ئەمریکا لەو یارمەتیانە ئەوەبوو کە سوپا و حکومەتی عێراق سەرقاڵ بکەن بە شۆڕشی کوردەوە تا نەیپەرژێتە سەر ئیسرائیل. هەروەها سازش بە بەغدا بکەن لە بەرامبەر خواستەکانیاندا.

شای ئێرانیش دەیویست بەغدا لاواز بکات و دواجار خواستە مێژووییەکانی خۆی بهێنێتەدی کە خۆی لە وەرگرتنەوەی شەتولعەربدا دەبینی.
نێوانی شۆڕشی کورد و حزبی بەعس تادەهات توندتر و ئاڵۆزتر دەبوو. دواجار لە ١١ی ئازاری ١٩٧٤ سەدام یەکلایەنە ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی دیاریکرد کە کەرکوک و شنگال و خانەقینی تێدا نەبوو. هەروەها سەرکردایەتی کوردی کردە دەرەوەی ئەم ناوچەیە. رۆژی ٦ی ئازاری ١٩٧٥ لە جەزائیر لەگەڵ شای ئێراندا رێکەوت و هەردوولایان شکستیان بە شۆڕشی ئەیلول هێنا.