پرۆژەی ئیسلامی سیاسی میانڕەو شکستی هێناوە

21/02/2020

مەجید محەمەدی

دوای ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی و ئیسلامخوازیی شیعە و سوننە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، کۆمەڵگەکانی زۆرینە مسوڵمانی گرتەوە و بزووتنەوەکان و حکومەتە ئیسلامییەکان بوونە مایەی تۆقاندن و لەناوچوون و مەرگ و نەهامەتی بۆ سەدان ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا. هەر لەو کۆمەڵگانە و کۆمەڵگەی دیکەیشدا کەسانێک بیریان لەوە کردەوە ئیسلامێکی سیاسی بەڵام میانڕەو پێکبهێنن و پەرەی پێ بدەن، کە رێز لە بەها نوێکان بگرێت (واتە مافی مرۆڤ، شەفافییەت، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە، ئازادی ئایینەکان، ئازادی رادەربڕین و میدیا). لەم پێناوەدا حکومەتەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان، زانکۆکان و دامەزراوەکانی توێژینەوەی خۆرئاوا، هەوڵی زۆریان دا، چونکە لەو وڵاتانەش ئیسلامخوازیی هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی دەکات. بەڵام هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئەم پرۆژەیە شکستی هێناوە. چوار بەڵگەی زیندوو هەن شایەتی بۆ ئەم شکستە دەدەن و لە خوارەوە باسیان دەکەم.

ئیسلامی سیاسی میانڕەو دەستی کەشف بووە
کاتێک حەسەن روحانی و محەممەد جەواد زەریف، سوکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان گرتە دەست، خۆیان لە قسەی توند بەرامبەر ئەمەریکا و ئیسرائیل و دروشمی دژ بە ئیسرائیل بە دوور دەگرت، تاوەکو لەگەڵ دیموکراتە ساویلکەکانی ئەمەریکا و ئەورووپییە خەیاڵاوییەکان، رێککەوتنی ئەتۆمی بکەن و داهاتی نەوت بۆ وڵاتەکەیان بچننەوە. بەڵام هەر کە دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی گرتە دەست، قسە توندەکانی دەیەی ٦٠یان بەرامبەر ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستپێکردەوە. بۆ تێگەیشتن لەمە تەنیا ئەوەندە بەسە کە قسەکانی بەرپرسانی حکومەتەکەی رووحانی لە خولی یەکەم و دووەمی سەرۆکایەتیدا بەراورد بکەن. ئەوسا دەبینن میانڕەویی تەنیا بەرگێکە بۆ داپۆشینی ئەو رقە قووڵەی بەرامبەر ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناخیاندایە و بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆیان و پەرەپێدانی پێویستیان پێیەتی. هێنانە پێشەوەی ئیسلامخوازیی میانڕەو بۆ کەمکردنەوەی فشاری سەر حکومەتەکانیان و بزووتنەوە ئیسلامخوازەکان و دەستکراوەییان بوو، بۆ بەرەوپێشچوون و کۆکردنەوەی هێز و بە دەستهێنانی داهاتی زیاتر.

ئیسلامی سیاسی میانڕەو لە کەشی گشتیدا نادیارە
ئەو ئیسلامخوازانەی لەژێر ناوی میانڕەودا بە کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان فرۆشراون و هەوڵ دراوە هەر لەو رێگەیەوە و لەژێر هەمان ناونیشاندا بۆ کۆمەڵگەی خۆیان نمایش بکرێن، لە کۆمەڵگەی خۆیاندا هیچ بەرنامەیەکیان بۆ میانڕەوکردنی ئیسلام نەخستووەتە روو و لە بەرەوپێشبردنی بەرنامەکانی خۆشیاندا هیچ سەرکەوتنێکیان بە دەستنەهێناوە. ئیسلامی میانڕەو لە سەردەمی ئێمەدا بریتییە لە ئیسلامی خواپەرستی/ دابونەریتە ئایینییەکان کە لە سەر ساڕێژبوونەوە و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ پیرۆزییەکان و هەستی پەیوەستبوون بە کۆمەڵگەی ئایینی (مەدەنی) چڕ بووبێتەوە. ئەم ئیسلامە سێکیولارە، لەگەڵ شارستانییەتی خۆرئاوا پەیوەندییەکی فێرخوازانەی هەیە، خاکییە و هێرشبەر نییە، کاری سیاسەتدانان بۆ کەسانی تایبەتمەند جێدەهێڵێت، دەسەڵاتداریی بە کارێکی دنیایی دەزانێ و لەگەڵ پێکەوەژیانە و لە یاسا لا نادات. لەو کۆمەڵگانەی زۆرینە مسوڵمانن، ئیسلامێکی ئەوتۆ وەکو گوتار یان رەوتێکی بەهێزی سیاسی نابینرێت. مسوڵمانانی بڕوادار بە سیاسەت، هێشتا پرۆژەی بووژاندنەوەی قۆناغی سەرەتای ئیسلام و خەلیفەگەری جیهانیی و جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەتیان لە مێشکدایە. ئەو بەشەی مسوڵمانان کە دینداری لە خوداپەرستی و جێبەجێکردنی دابونەریتەکاندا دەبینن و بڕوایان بە جێبەجێکردنی سنوور و سزا نییە و داوای خەلیفەگەری جیهانیی ناکەن، هێشتا لە کەشی گشتیدا دەنگێکی بەهێز نین.

ستایشی تیرۆریزم لەلایەن رووناکبیرانی دینییەوە
چاوەڕواندەکرا رووناکبیرانی دینی، پێشڕەوی سەروەری یاسا و پێکەوەژیان و ئازادی رادەربڕین بن، بەڵام ئەو چاوەڕوانییە نەهاتە دی. ئەوان زیاتر بایەخ بە سیمبولەکانی فرەخوازی و تیرۆریزم دەدەن تاوەکو سیمبولەکانی ئازادیخوازی. نموونەی سەرنجڕاکێشی هۆگریی رووناکبیرانی دینی بۆ دەسەڵاتخوازی و فرەخوازی ئیسلامی، عەبدولکەریم سرووشە. سرووش لە لایەن لایەنگرەکانییەوە بە نوێنەری راڤەکردنی ئیسلامی سێکیولار و لیبرال ناسێنراوە. هەر بۆیە بۆ ماوەی دوو دەیە هەموو ساڵێک لە لایەن دامەزراوەکانی توێژینەوە و زانکۆکانی خۆرئاواوە دەرفەتی توێژینەوەی بۆ ڕەخساوە، بەڵام لە ماوەی ئەو دوو دەیەیەدا کە لە هەندەران ژیاوە، نەک هەر دەستکەوتێکی زانستی تایبەتی نەبووە، بگرە لە کۆتاییدا کەوتووەتە ستایشکردنی یەکێک لە خوێنڕێژترین ئیسلامخوازەکان. ئیسلامخوازەکان سەر بە هەر پەیڕەو و تاقمێک بن شەیدای ئەو کاراکتەرانەن کە هێزی ئیسلامخوازیی نمایش بکەن، وەکو (خومەینی، قاسم سلێمانی و بن لادن)، چونکە لە راستیدا بە هەر نرخێک بێت شەیدای دەسەڵاتن.

نموونەیەکی دیکە، حەسەن یوسفی ئەشکەوەرییە کە سەرباری ئەوەی لە ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە و لە ئەورووپا پەنابەرە و دەرفەتی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی کۆمەڵگەی خۆرئاوای بۆ رەخساوە، کەچی هێشتا هاوشێوەی خامەنەیی و خومەینی ئیسرائیل بە دومەڵی پیس و ڕیشە گڵاو و دەوڵەتی ساختە دەزانێت، کە دیارە پێویستە بە دەستی سوپای قودس و حەماس چارەسەری بکرێت. وا دێتە پێش چاو کە رقی ئیسرائیل ژەهرێکە لە هیچ بارودۆخێکدا لە لەشی ئیسلامخوازەکان دەرناچێت.

ئەم جۆرە هەڵوێستانە ئەوە نیشاندەدەن کە لە کۆتاییدا وەفای رووناکبیران، نوێخوازانی مسوڵمان (لە ژێر هەر ناوێکدا بن) بۆ بەها مەدەنییەکان و بنەما عەقڵانییەکان نییە، بەڵکو بۆ ئیسلامی سیاسی و ئیسلامخوازییە، چونکە لە ناخی ئەو بزووتنەوانەوە هاتوون و ناتوانن ئیسلام تەنیا لە خوداپەرستی و دابونەریتدا ببینن. ئەوان رەگ و ناسنامەی خۆیان لە ئیسلامی سیاسی بونیاتخوازدا دەبینن، نەک لە شارستانییەتی سەردەمدا کە لە ژێر کاریگەری شارستانییەتی خۆرئاوادایە. پاشگر و ناسناوی وەکو میانڕەو یان لیبرال کە بە دەست و دڵفراوانییەوە پێیان دەبەخشرێ، بۆ ئەوان وەکو دوکانێکی دووڕوو وایە کە کاڵاکانی ئیسلامی سیاسی تیادا دەخرێتە روو.

گەشەکردنی داعش لە ئەوروپا
ئەو مسوڵمانە سیاسییە بڕوادارانەی کە لە دەست ستەم و دیکتاتۆری کۆمەڵگەکانی خۆیان کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا، لەبری ئەوەی گرنگی بە دیموکراسی و ئازادی و پێکەوەژیان بدەن، بوون بە سەربازی داعش، یان منداڵەکانیان بە رادەیەک لە خۆرئاوا دڵپیس کردووە ئامادەن ئەو کۆمەڵگەیە بە بۆمب لەناوببەن کە میوانداریی کردوون. کۆمەڵگە ئەوروپییەکان سەلماندوویانە کە ناتوانن هاوڵاتی ئەوروپی مسوڵمانی سیاسی بڕوادار بە بەها و نۆڕمەکانی شارستانییەتی خۆرئاوا پەروەردە بکەن. ئەگەر ژیان لە خۆرئاوا و تێکەڵبوون لەگەڵ خۆرئاوا ئیسلامی سیاسی میانڕەوی لێ بکەوێتەوە، ئەوا نابێ دەیان هەزار هێزی داعشی لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیاوە بەرەو سووریا و عێراق بچن و ببنە سەرباز و هێزی بانگەشەکاری داعش. هەروەها بەشێک لە ئیسلامخوازانی شیعە کە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ چوون بۆ ئێران و لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا رۆڵی بەرچاویان هەبوو، کەسانێک بوون کە ساڵانێکی دوور و درێژ لە خۆرئاوا ژیابوون.

ئیسلامخوازان کاتێک هەست بە ئازادی ژنان و ئازادی ئایین و ئازادی رادەربڕینی خۆرئاوا دەکەن، زیاتر رقیان لە شارستانییەتی خۆرئاوا دەبێتەوە. (بۆ نموونە، نووسینەکانی سەید قوتب لە دوای گەڕانەوەی لە ئەمەریکا بخوێننەوە).

ئیسلامی میانڕەو چۆن گەشە دەکات؟
ئەزموونی کۆچکردن و ژیانی تاراوگەی مسوڵمانانی سیاسی بڕوادار لە وڵاتانی خۆرئاوا، سەلماندوویەتی کە ئەوان لە کۆمەڵگەی خۆرئاوادا پەیوەندییەکی توندتر لەگەڵ ناسنامەی ئایینی خۆیان دروستدەکەن و لە میانڕەوی دوور دەکەونەوە. ئیسلامی سیاسی میانڕەو (لە بەرامبەر "ئیسلامی میانڕەو"دا کە پلانی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات نییە) بەهۆی رێژەخوازی و جیهانخوازی و ناسنامەخوازی زاڵ، هەرگیز لە وڵاتانی خۆرئاوایی گەشەی نەکردووە و نایکات.

مسوڵمانی بڕوادار و شەریعەتخواز کە ژیانەوەی دینی خۆی لە دامەزراندنی خەلیفەگەری و حکومەتدا دەبینێ، هەر پێیان خستە سەرزەمینەکانی خۆرئاوا، بیری رەگ و ناسنامەی خۆیان دەکەنەوە، چونکە ئەو ناسنامەیە لەگەڵ خۆی بەرژەوەندییان بۆ دێنێت. ئەو مسوڵمانانەی لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆرئاوا دەگونجێن، لە بنەمادا بڕوایان بە ئیسلامی سیاسی و ئیسلامی ناسنامەخواز نییە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی خوداپەرستی خۆیان دەکەن و داب و نەریتە دینییەکانیش جێبەجێ دەکەن.

ئیسلامی میانڕەو لەو کۆمەڵگەیانەدا گەشەی کردووە و گەشە دەکات کە زۆرینەیان مسوڵمانن و لە ژێر ستەمی ئیسلامخوازاندان. ئەزموونی کۆمەڵگەی ئێران لەم رووەوە زۆر بەنرخە. ئەو کەسانەی لە ژێر ستەمی کۆماری ئیسلامیدا ژیاون و سوودیان لێ نەبینیوە، بە خێرایی لە ئیسلامی سیاسی دوور دەکەونەوە، جا بڕوادار بن یان نا. بۆ گەشەکردنی ئیسلامی میانڕەو، پێویستە وڵاتانی خۆرئاوا لەبری کردنەوەی دەرگاکانیان بە رووی مسوڵمانانی سیاسی بڕوادار و شەریعەتخوازدا، دەرگاکان بە روویاندا دابخەن، تاوەکو ئەو جۆرە مسوڵمانانە پرسەکە لە ناو خۆیاندا بەرەوپێش ببەن و چارەسەری بکەن. بۆ کەسانی وەکو عەبدولکەریم سرووش، حەسەن یوسفی ئەشکەوەری و عەتائوڵا موهاجەرانی بڕوانن، ئەوانە تا لە ئێران لە ژێر ستەمی دەسەڵاتی هاودینەکانی خۆیاندا بوون، هەوڵی کرانەوە بە ڕووی ئازادی و پێکەوە ژیانیان بۆ خەڵکی وڵاتەکەیان دەدا، بەڵام کاتێک گەیشتنە ئەوروپا و ستەمی ئایینی هاودینەکانی خۆیان لە سەر نەما، گەڕانەوە بەرەو ئەو ئیسلامە سیاسی و تیرۆریستییەی کە لە رابردوودا بڕوایان پێی بوو.