نەوشیروان مستەفا وەک فیگەرێک

19/05/2020

دكتۆر جەعفەر عەلی

بڕیاردان لە جوڵە و ژیانی ھەر فیگەرێکی گرنگ، یان رووداوێک، بە کۆکردنەوە لە ناو یەک پاکێجدا، ھەرگیز بڕیارێکی دروست نابێت. فیگەرە گرنگەکان، تەنیا بە رەش، یان سپی، قارەمان و سەرکەوتوو، یان بەزیو و شکستخواردوو نابینرێن.

لە نێوان ھەر یەک لەم دوالیزمە دژانەدا، رەنگی دیکە و حاڵەت و دۆخی دیکە ھەن، فەرامۆشکردنی ئەم حاڵەت و دۆخانە دەمانبەنەوە ئەو شوێنەی بە ئاسانترین شێوە دەست بە گیرفانماندا بکەین و بێ بیرکردنەوە و خۆماندووکردن، پاکێجە بڕیار لێدراوە پێشوەختەکەمان بە رووی ئەوانیدیکەدا فڕێبدەینە دەرەوە،پاکێجێک کە ھەموو شتێکی دڵخوازی ئێمەی تێدا نوسراوە؛ قارەمان، سەرکەوتوو، سەرکردەی لێھاتوو، رێبەری مەزن، باوکی نەتەوە، نوسەری گەورە، پیاوی ناو مێژوو...


دەربازبوون لە پاکێجی ئامادەی گیرفانی، کارێکی ئاسان نییە و قورسە، بەڵام بەبێ دەستبەرداربوون لەم پاکێجە نەخشێنراوە بە وێنەی حەقیقەت، نە تەنیا بە ھیچ ناگەین، بەڵکو کار بۆ شێواندنی ئەو فیگەر و رووداوانەش دەکەین، کە پێیان سەرسامین!


وەک چۆن حەقیقەت دابەش بووە، فیگەرە سیاسی و مێژووییەکانیش دەبێ دابەش بکرێن، دەبێ پارچە پارچەبکرێن و ھەر پارچەیەکیان بخرێتەوە نێو سیاقی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی، بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو زەمەن و جوگرافیای رووداوەکان و لەوێوە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی و تایبەتی رۆژگارەکە، بەر لە بڕیاردان لەبارەیانەوە، شەن و کەو بکرێن.


خۆشەویستی، وەلای سیاسی، کۆمەڵایەتی و حیزبی، نابێ رێگربن لە بیرکردنەوە، نابێ قاچەکانمان لەسەر زەوییەوە بگوازنەوە بۆ نێو فانتازیا و یۆتۆپیانە بینینی دونیا. ئەوکاتەی دەچینە نێو فانتازیا و جیھانی یۆتۆپییەوە، خەیاڵ بەرەو کوێمان پەلکێش بکات، باڵەکانمان بەو ئاراستەیە دەکەوێتە جوڵە و دەست بە فڕین دەکەین. دەفڕین ھێندەی حەز بکەین دەفڕین، بەڵام فڕین لە فەزایەکی یۆتۆپی بارگاوی بە خەیاڵ، خەیاڵێک چەند حەز بکەین لە واقیع و عەقڵانییەت دوورمان دەخاتەوە و دەمانگەیەنێت بە ھیچ.


نەوشیروان مستەفا دەبێ وەھا ببینرێ و وەھاش بخوێنرێتەوە.
ئەو لە بیرەوەرییەکانی و لە نوسینی لە نێوان «مام جەلال و من»دا راشکاوانە لە ھیچ رووداوێک راناکات، پاکانە بۆ ھیچ رووداوێک چاک، یان خراپ، جەنگ یان ئاشتی ناکات، بۆیە ھیچ پێویست ناکات، دوای مردنی خەڵکانێک ماکینەی پاساوھێنانەوەی بۆ بخەنەگەڕ، ئەو بە زمانێکی سادە و پاراو نوسیوویەتی: «من وەکو یەکێ لە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لە ١٩٧٥ تا ١٩٩١ بە ئەندازەی مەسئولیەتی خۆم لە جوڵانەوەکەدا، ئۆباڵی ئەدەبی و ئەخلاقی و سیاسی ھەموو رووداوەکانی شۆڕشەکە و، ھەموو ئەوانەی لە ئەنجامی ئەم شۆڕشەدا کوژراون، زەرەرمەندبوون، لە ھەر لایەک بووبن، لە یەکێتی، لایەنەکانی تر، ھاوڵاتی ئاسایی، ریزەکانی حکومەتی عیراق بووبن، ھەڵئەگرم و لەبەردەم کەسوکاری ئەوانەدا و، لەبەردەم دادگای مێژووی نەتەوەکەمدا و، لەبەردەم دادگای خوای گەورەدا، ئامادەی وەڵامدانەوەم».


نەوشیروان مستەفا، پێویستی بە ھات و ھاواری پۆپۆلیستانە و، پێویستی بە وتار و نوسینی ستایشی نییە، مێژووی خۆی، نوسینە مێژوویی و ئەدەبی و رۆژنامەوانییەکانی، بەسن بۆ ئەوەی ئەو فیگەرە سیاسی و ئەو نوسەرە بناسین.


لە بڕوای مندا دڵسۆزانی ئەو پیاوە، ئەو کەسانەن بابەتیانە و دوور لە ھەر ستایشێکی مەبەستدار، یان کینە و رقێکی پێشوەختە، قسەی لەبارەوە دەکەن. ستایشکردن و زەمکردن وەکیەک ناشیرینن کاتێک ئامانج و مەبەستێکی تایبەت و نابابەتی لە پشتەوە وەستابێت.


نەوشیروان مستەفا ئەگەرچی زیاتر وەک سیاسییەک ناسراوە، یان دەتوانین بڵێین سیاسەت بووە بە ناسنامەی ئەو وەک کەسایەتییەک، بەڵام ھاوشانی سیاسەت و کاری چەکداری، بەشێکی گرنگی تەمەنیشی بە نوسین و کاری رۆژنامەوانی بەخشیوە. وێڕای خەرمانێکی گەورەی نوسین، ھێشتا شوناسی بنەڕەتی ئەو، رووە سیاسییەکەیەتی. رەنگە ئەمە یەکێکی دی لەو ناھەقیانە بێت، کە دەرھەق بە مێژوو و رابردووی ئەم پیاوە دەکرێت، چونکە کارکردنی چڕ لەسەر رووە سیاسییەکەی، ناڕاستەوخۆ رێگە خۆشدەکات بۆ داپۆشینی رووە گرنگەکەی دیکەی، کە ناسنامە رۆشنبیرییەکەیەتی، بە واتا نابێ بەو ئاراستەیە کار بکرێت، سیاسەت کۆی ناسنامەی ئەو پیاوە داگیربکات و شوناسە رۆشنبیرییەکەی لە ناو خۆیدا بتوێنێتەوە.


خاڵێکی دیکە، کە بۆ نەوشیروان مستەفا و ھەر فیگەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکەش گرنگە، دەربازکردنییەتی لە موڵکییەتی حیزب و بنەماڵە و کاستی سیاسی. یەکێک لە دیارترین ناھەقی و ھەڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرھەق بە مستەفا بارزانی، گۆڕینی بوو لە فیگەرێکی نیشتیمانییەوە بۆ فیگەرێکی حیزبی و بنەماڵەیی. گرنگە نەوشیروان مستەفا نەخزێنرێتە بازنەی ھەڵە و ناھەقییەکی لەمجۆرەوە.


گرنگە ھەرچی زیاتر ھەوڵبدرێ لە دۆگمای حیزبی و بنەماڵەیی دووربخرێتەوە، لە بری گەڕان بە دوای بچووککردنەوەی لە سنورێکی تەسک و بازنەیەکی داخراودا، بکرێتەوە بە موڵکی نیشتیمان و نەتەوە.