رێکەوتێکی سەیرە

20/05/2020

د. دەرباز محەمەد

‏‎رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە یادی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆچی دوایی کرد، کە ١٩/٥/١٩٩٢ ە . دوا پەیامیشی کە بەڤیدیۆ لەبەر دەستدابێت لەبارەی پەرلەمان وخەباتی پەرلەمانیەوەیە. ‏‎

ئەوکات باس لەوە دەکات کە پەرلەمان وەکو دەسەڵاتێکی یاسادان وچاودێریی، وەکو نوێنەرایەتی راستەقینەی گەل، لەژێر پرسیاردایە.

‏‎کاک نەوشیروان لە دیدگای خەم وکێشەکانی خەڵکەوە دەیڕوانیە خەباتی سیاسی، ھەر لەو دیدگایەشەوە، پەرلەمانی بە مەیدانی بەدیھێنانی مافەکانی خەڵک دەزانی. ھەمیشە نەسیحەتی پەرلەمانتاران وفراکسیۆنەکانی دەکرد لەگەڵ ھاوڵاتیان پەیوەندیتان ھەبێ وگوێ لەخەڵک بگرن وشەڕی داواکانیان بکەن. ‏‎

دوای ٢٨ ساڵ لەھەڵبژاردنی پەرلەمان، سەرەڕای ھەمو کێشە و کەموکورتیەکانی، ھەنگاوێکی گرنگ بو لەو سەردەمەدا، بەوەی ململانێ سیاسیەکان وچەکداریەکان بەپەرلەمانی بکرێت، لەبری شەڕی دەستەویەخەی چەكداریی و سەربازیی، ئەندامانی پەرلەمان شەڕی یاسایی و بڕیار بكەن. ‏‎

بەڵام ئەم ئەزمونە نوێیەی باشووری كوردستان ڕووبەڕووی ساختەکاری ودەستێوەردان بوویەوە، شەڕی ناوخۆ و دابەشبونی ھەرێمی بەدوادا هات، دابەشبون و دووئیدارەیی لێكەوتەوەو دواجار داخستنی پەرلەمانیشی لێكەوتەوە، پەرلەمان پاشەکشەی لە ئەرك وکارەکانیەكانی كرد. ‏‎

بەگەڕانەوە بۆ ئەو پرسیارەی کاک نەوشیروان، کە لەئەنجامی کۆمەڵێک گرفتی سیاسی پاش ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ ھاتە کایەوە.، سەبارەت بە ئەرك و رۆڵی پەرلەمان لەنێو كێشمە كێشەكانی باشووری كوردستان و  ‏‎وروژاندنی ئەو پرسە، كە لەڕاستیدا پرسیارەكە لە جەوھەری ھەبونی پەرلەمانەوە سەرچاوەی گرتبوو، پەرلەمان وەک نوێنەری گەل و بۆ بەرژەوەندی خەڵکە و دەبێ کارەکانیشی بۆ خزمەتی خەڵک بێت.

بەڵام کاتێک پەرلەمان ئەو بەھایەی لێ زەوت دەکرێت! پەرچەکردار و بەرپەرچدانەوەکانیش لە ئاستی گەورەیی کێشەکەدا نیە، ‎ئا لێرەدا پێویستە سەرلەنوێ پێداچونەوەیەک، بە ھەبونی پەرلەمان بەم شێوەی ئێستا و بەشدارییكردن لەم پەرلەمانەدا، بکرێت، بەجۆرێك بەراودبكرێـت بە دیدگای نەوشیروان مستەفاو بخرێتە ژێر تاقیكردنەوەیەكی زانستی و یاساییەوە، كە ئاخۆ ئەمە ئەو دەزگا گرنگەیە كە دەبێت هەمووان پشتیوانی بكەن، یان نەخێر شتێكی دیكەیە و دەبێت پێناسەیەكی دیكەی بۆ بكرێت. ‏‎

ئەم بابەتە قسەی زۆر ھەڵدەگرێت،  بەڵام پێویستە ھەمو لایەک ئەوە بزانین پەرلەمان وەکو ھەڵبژاردنی ئەندامەکانی، وەکو شێوازی کارکردنی، بەتایبەت لەبابەتی ھەیبەتی دەزگاکە وتوانای لێپرسینەوەی لە حکومەت، کەموکوڕی وکێشەی زۆر زۆرە، تاوەکو ئەو کێشانە بەردەوام بن، پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لەھەرێم رێچکەی تەندروستی خۆی وەرناگرێت. نەوشیروان مستەفا لە دوایین پەیامیدا، پرسێکی وروژاندووە، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەم نەفەسیی ئێستاوە سەیری پەرلەمان بكرێت، نەوەكانی داهاتووش گفتوگۆی دەکەن وناگەنە ئەنجام، ئەڵبەتە ئەنجامێكی وەها كە جێگەی پەسەندی بیرە سەربەخۆو منەوەركان بێت.

ئەگەر بەنموونەیەكی سادە بمانەوێت شیكارێك بۆ دیدگای ئەو بكەین لەبارەی پەرلەمانەوە ئەوا دەبێت بڵێین: ئەو پیاوە باش دەرکی بەوە کردبو پەرلەمان دڵی پرۆسەی حوکمڕانیە، ھەر کاتێکیش دڵ کێشەی ھەبێت، جەستە تەندروست نابێت، بۆیە تاقە رێگەو كاری یەكەم و لە پێشیینە چارەسەری دڵە، نەک مردنی جەستە.  لە ئەنجامی سستبوون یان ڕاوەستانی دڵەكە.

هەرچەندە لە ڕووی زانستییەوە رۆژەكان هەمان رۆژن و توانای مانەوەی مرۆڤیش بە زیندوویی پەیوەندی بە هەندێك بواری زانستییەوە هەیەو كاری ئێمە نیە، بەڵام بەراستی رێکەوتێکی سەیرە، سەرکردەیەک رێکەوتی مردنەکەشی رێکەوتێکی ئاسایی نەبوو، تەنانەت کاتی مردنەکەشی ھاوکات بو لەگەڵ ساڵیادی کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان لە ساڵی ١٩٩٢ و كۆبوونەوەی ئاپۆرای خەڵكی باشوور بۆ دیارییكردنی نوێنەرانی خۆیان و دەست و پەنجە نەرمكردن لەگەڵ یەكەم هەنگاوی بەرەو دیموكراسی چوون و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات. سەرەڕای هەموو تێبینیەكان لەسەر پرۆسەكەش.