مامەڵەی دواکەوتووانەی موسڵمانان لەگەڵ جەژن و بۆنەکانیاندا

22/05/2020

كامیل مەحموود

دیاریكردنی رەمەزان و جەژنەکانی ئیسلام هەموو ساڵێک جیاوازی و مشتومڕ لەناو ئوممەتی دواین پێغەمبەری سەردەمی زانست و تەکنەلۆژیاو بەجیهانیبونی هەموو کایەکانی ژیان دروست دەکات!

باشە بۆچی تا ئێستا زانایانی ئیسلام نایانەوێ بچنە ژێر باری ئەو وەرچەرخانە گەورەیەی لەژیانی مرۆڤایەتیدا ڕووی داوە کەهەر بەو هۆیەوە خوای گەورە بڕیاری دا ئیسلام کۆتا ئایینی جیهانی بێت و محەمەدی سەروەر کۆتا پێغەمبەر بێت(صلی الله عليه وسلم)، ڕەوایە لەسەردەمی ئیسلامی جیهانگیرو ئەو هەموو کارئاسانییە زانستی و تەکنەلۆژییەی عەولەمەدا جەژنەکانی ئایینە جیهانییەکەی ئیسلام لەدۆخی لۆکاڵیدا بمێنێتەوەو هەر گەل و وڵاتێک بۆ خۆی جەژن بکات وەک ئەوەی ئەم سەردەمەش سەردەمی گەل و نەتەوە پێشووەکان بێت کە هەریەکەیان پێغەمبەرێکیان بۆ دەهات و گەل و وڵاتەکان لەیەک دابڕابوون،

سەردەمی ئیسلام پەیوەندیەکان و ڕێگاوبان و ئامڕازەکانی گەیاندن لەترۆپکی پێشکەوتندایەو ئیسلامیش هاوکات لەگەڵ ئەم وەرچەرخانە گەورە زانستی و مەعریفییەیەدا هەنگاوی هەڵگرتووە کەیەکەم وشەی بە(ٳقرء)و باسی عیلم و زانست دەست پێکرد.


لەسەردەمێکدا دەژین زانست و تەکنەلۆژیا پێمان دەڵێت چوار ساڵیتر لەفڵان ڕۆژو مانگدا خۆرگیران ڕوو دەدات یان ساڵێکیتر لەفڵان ڕۆژو مانگ و تەنانەت سەعاتیشدا مانگگیران ڕوو دەدات، باشە چۆن هەمان ئەو ئامڕازە زانستی و تەقەنیانە هەواڵی سبەینێیان لا نیەو ناتوانن پێمان بڵێن سبەینێ ۳۰ی مانگی ڕەمەزانە یان جەژنە؟!


بێگومان دەتوانن، ئەوەی ناتوانێت لەگەڵ ئەم دۆخە مرۆیی و جیهانیەدا مامەڵە بکات و خۆی بسازێنێت عەقڵی موسڵمانان و زانایان و دەسەڵاتەکانیانە کەبەشێکیان ئەم بۆنە ئایینیانەیان بۆ مەرامی خۆیان و ململانێی سیاسی نامەشروعی نێوانیان تەوزیف کردووە۰


ئوممەتی ئیسلام و بەتایبەتی زانایانی ئایینی گوناهبارن کە مامەڵەیان لەگەڵ ئیسلامی جیهانگیرو کۆتا ئایینی سەردەمی پێشکەوتنی عەقڵی مرۆییدا مامەڵەی سەردەمی گەلە پێشووەکانی سەردەمی پێغەمبەرەکانی ترە کە خوای گەورە هەر یەکەیانی بۆ ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراو یان گەل و قەریەیەک دەنارد(سەلامی خوا لەهەموو پێغەمبەران).

ینینی مانگ بەتیلسکۆب و ڕوانگەی پێشکەوتوو هەر بینینی چاوەو پێچەوانەی(صوموا لرٶيته وافطروا لرٶيته)نیە، هەمان بینینە وەک چۆن هەمان دەنگی گەرووی خۆمان بڵندگۆیەک گەورەی دەکات.


لەکۆتاییدا دەڵێم: ئوممەتی ئیسلام لەم دۆخە ناژیاری و دواکەوتووییە ڕزگاری نابێت تا لە ماهیەتی ئایینەکەی و سرووشتی ئیسلام تێ نەگات کە ئایینێکی جیهانییە بۆ سەردەمی جیهانگیری هاتووەو ئامڕازەکانی بەجیهانیکردنیشی ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەیە کە شوێنکەوتووانی ئەم ئایینە ڕاقی و پێشکەوتووە نایانەوێ مامەڵەی ئیسلامیانەی لەگەڵدا بکەن۰