ناوچەیەکى دژەفڕین بۆ کورد

12/02/2019

دیلمان عەبدولقادر

لە کانوونى یەکەمدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە تویتەرەوە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە سوریا دەکشێننەوە ئه‌وه‌ش به‌ بیانووی ئەوەى داعش تێکشکێندراوە، کاتى ئەوە هاتووە هێزەکانى ئەمریکا بگەڕێنرێته‌وه‌. بەداخەوە، هەر لەوکاتەدا داعش ئەوەى پیشاندا کە هێشتا زیندووە و لەدۆخێکى باشدایە و له‌ڕێی خۆکوژێکیه‌وه‌ چوار ئەمریکى کوشت و چه‌ند هاوڵاتییه‌كیشی له‌ مه‌نبه‌ج بریندار كرد. ره‌نگه‌ خەلافەتەکەى داعش ئاوابووبێت، بەڵام نزیکەى بیست بۆ سى هەزار چەکدارى داعش تاوەکو ئێستا وامەزەندە دەکرێت لە سوریا و عێراقدا مابن. 
پێدەچێت ئەو هێرشە خۆکوژییە لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە پەیامێک بووبێت بۆ سەرۆکى ئەمریکا. هەر مەبەستێک لەپشت ئەو هەنگاوەوە بووبێت، ئەگەر ئەمریکا مەبەستى بێت وەکو هێزێکى سەرەکى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بمێنێتەوە، پێویستە لە سوریادا بوونى هەبێت، ئەگەر لەسەر زەویش نەبێت، دەبێت لە ئاسماندا بووونى هەبێت. 
بەدڵنیایەوە ئەوە ڕێگا ڕاستەکەیە و دەبێت ئەنجام بدرێت. هاوپەیمانە کوردەکانمان، هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)، لەپێشڕەوى جەنگى دژى داعش بوون وەکو هێزێکى زەمینى، ئەمەش لەسەر داواى ئەمریکابوو، و لەئێستادا مەترسى ئەوەیان لەسەرە لەلایەن تورکیاوە بکرێنە قوربانى کە هاوپەیمانى ئەمریکاو ئەندامى ناتۆیە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا بەڵێنیداوە کە هەسەدە لەناوببات و هێزى لۆکاڵى ببێتە جێگرەوەیان. بەڵام کوردەکان خۆیان هێزى لۆکاڵى ئەو ناوچانەن. هاووڵاتیانى مەدەنى لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە نزیکەى چوار ملیۆن کەس دەبن، و هێزە سەربازییەکانى هەسەدە ژمارەیان شەست هەزار چەکدارێک دەبێت، کە لە ژن و پیاو پێکهاتوون، و خۆیان خەڵکى ڕەسەنى سوریان. لەناو ئەو گروپە نەژادى و ئاینیانەى کە لەناو هێزەکانى هەسەدە خۆیان دەبیننەوە هەریەکە لە کورد، عەرەب، ئێزدییەکان، موسوڵمان و مەسیحییەکان هەن. بەرپرسیارێتى ئەمریکایە کە نەک تەنها سەلامەتى کورد و هاوبەشەکانیان بۆماوەى چەند ساڵى داهاتوو بپارێزێت بەڵکو دەبێـت دەرفەتیان پێبدات کە خۆیان حوکمڕانى خۆیان بکەن. ئەوان لەپێناوى ئێمەدا لەدژى داعش جەنگان، ئێستا دەبێت ئێمە بیانپارێزین. 
سەرۆک ترەمپ چەند بژاردەیەکى گونجاوى لەبەردەمدایە، ئەگەر دەیەوێت ئەمریکا کاریگەرى خۆى لە سوریادا بەردەوام بێت. یەکەمیان ئەوەیە کە بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام ئەوە زۆر ئەستەمە. دووەمیان پشتیوانیکردنى خواستى وڵاتانى ئەوروپییە بە دروستکردنى ناوچەیەکى سنوورى جیاکەرەوەیە لەنێوان تورکیا و سوریا بۆ ڕێگرى لە هەر هێرشێکى تورکیا بۆسەر هێزەکانى هەسەدە. کە ئەمەش ئەستەمە، لەکاتێکدا تورکیا داواى کردووە کە هێزەکانى خۆى بباتە ناو سوریاوە. دواهەمین بژاردەى گونجاو ئەوەیە کە ناوچەى دژە فڕین لە باکوورى ڕۆهەڵاتى سوریا بسەپێنێت بۆ ڕێگرى لە کوشتارى هەسەدە لەلایەن تورکیاوە. 
ناوچەى دژە فڕین لەپێشوودا تاقیکراوەتەوە، بەشێوەیەکى سەرکەوتووانە، لەدواى ساڵى ١٩٩١، کاتێک سەدام حسێن هەڕەشەى لە کوردى عێراق کرد. بەبێ ئەوەى هیچ هێزێکى ئەمریکى لەسەر زەوى بێت، ناوچەى دژە فڕین بەهەماهەنگى لەگەڵ بەڕیتانیا و فەڕەنسا دروستکرا. ئەمەش دەرفەتیدا بە سەلامەتى کورد (تاوەکو ئێستاش) و لەدواتردا حکومەتى هەرێمى کوردستان دروستکرا. حکومەتى هەرێمى کوردستان زۆر یارمەتیدەرى ئەمریکا بووە. لە جەنگى ٢٠٠٣ى عێراقدا، یەکێک بوو لە ناوچە زۆر ئارام و سەلامەتەکان لە عێراق کە تەنانەت یەک سەربازى ئەمریکى لەماوەى ئەو جەنگەدا لەو ناوچەیە گیانى لەدەستنەدا. 
لەئێستادا، سەرۆک ترەمپ دەرفەتێکى لەبەردەمدایە بۆ دروستکردنى هەرێمێکى دیکە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە نەک تەنها دۆستى ئەمریکا بێت بەڵکو بۆ تەواوى ڕۆژئاوا بەوشێوەیە بێت. هەسەدە لە سوریا لەپێگەیەکى زۆر باشتردایە بەراورد بەو دۆخەى کوردى عێراق تێیدابوون لە ساڵى ١٩٩١. هەسەدە لە سوریا هەڵبژاردنیان ئەنجامداوە، ئەنجومەنى لۆکاڵیان دروستکردووە کە نوێنەرایەتى ئاین و نەژادە جیاوازەکانیان تێدایە، و دەرفەتیانداوە بەوەى ئافرەتان بەشێوەیەکى یەکسان هاوشێوەى پیاوان بەشداریان هەبێت. هەسەدە لە ٢٠١٥ـەوە خۆیان ئیدارەى خۆیان دەکەن. تەنها کەموکورتییەکى هەسەدە ئەوەیە لەئاسماندا ئەمنییەتیان نیە. 
جێبەجێکردنى ناوچەى دژەفڕین پێویستى بە فەڕەنسا هەیە بۆئەوەى تورکیا داگیرکارى نەکات لەوناوچەیەدا. ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا بەڵێنیداوە بەوەى هێزەکانى فەڕەنسا لە سوریا بمێننەوە بۆماوەى یەک ساڵى دیکە ئەم بڕیارەشى دواى ئەوەهات کە چەند سەربازێکى ئەمریکى لەو تەقینەوەیەدا گیانیان لەدەستدا. ئەوانى دیکەش، بەریتانییەکان و ئەڵمانییەکان، بەهەمانشێوە خوازیارن لەڕێگەى هێزى زەمینیەوە هاوکارى هەسەدە بکەن، ئەگەر هێزەکانى ئەمریکا پشتیوانیى ئاسمانیان بکەن. 
ئەمریکا بەرەبەرە هێزەکانیان دەکشێننەوە، کە پێدەچێت بەرەو عێراق ڕەوانەیان بکەن، کە لەئێستادا نزیکەى پێنج هەزار سەربازى ئەمریکى لە عێراق هەن و بنکەیەکى ئاسمانیان هەیە، عەین ئەلئەسەد. هەروەها بنکەى ئاسمانى ئەمریکا لە ئوردن، موەفەق سالتى، بەهەمانشێوە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ سەپاندنى ناوچەى دژەفڕین. هەروەها بنکەى ئاسمانى عەلى ئەلسەلیم لە کوێت هەیە کە ئەمریکا دەتوانێت سوودى لێوەربگرێت بۆ سەپاندنى ناوچەى دژەفڕین. 
بەبێ ئەوەى پێویست بکات هێزى زەمینى لە سوریا هەبێت، بەڵام بە دروستکردنى ناوچەى دژەفڕین سەرۆکى ئەمریکا دەتوانێت پەیمانەکەى بباتەسەر بە کشانەوەى سەرجەم هێزەکان لەکاتێکدا پشتیوانى لە هەسەدە دەکات. ئەگینا متمانەى ئەمریکا لەناوچەکە دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. پشتگوێخستنى ئەو مەترسییانەى ڕووبەڕووى هەسەدە دەبێتەوە، وادەکات ڕێککەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەدى سوریا و ڤلادمیر پوتینى ڕووسیا بکەن، کە ئەمەش ئاسایشى نیشتمانى ئەمریکا دەخاتە مەترسیەوە. 
ئەمریکا ناتوانێت ڕێگەبدات سوریا بگەڕێتەوە بۆ پێش ٢٠١١، بەرلەوکاتەى شۆڕش دەستیپێکرد. کشانەوەى هێزى ئەمریکا شەرعیەت دەدات بە ڕژێمى ئەسەد، دەرفەت دەدات بە ئێران بۆ فراوانبوونى زیاتر لەوناوچەیە، و ڕووسیا بەهێز دەکات. بەڵام دەکرێت ڕێگرى لە هەموو ئەوانە بکرێت بە دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام بۆ هەسەدە لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى سوریا لەڕێگەى ناوچەى دژەفڕینەوە.