کوردستان

11:18 - 18/11/2020

سەرەڕای خۆپارێزی زۆر و ئاگاداركردنەوەی خەڵكیش، فرسەت سۆفی بە كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد‌

پەیسەر

پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دوای تووش بوون بە كۆرۆنا بە فرۆكەیەكی تایبەت ڕەوانەی توركیا كراو لەوێشەوە برایە ئەڵمانیا، بەڵام بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ( مێمۆریال)ی ئەنكەرەی پایتەختی توركیا كۆچی دوایی كردو بڕیاریشە تەرمەكەی بهێنرێتەوە كوردستان. مردنی فرسەت سۆفی بە كۆرۆنا لەدوای ئەوە دێت كە زۆر داكۆكی لە خۆپارێزی دەكردو ئەوانەشی لە نزیكەوە دەیانناسی مردنەكەی بە خەسارەتێكی گەورە دەزانن و سیاسیەكانیش ئاماژە بەوە دەدەن كە پەیوەندییەكی باشی لەگەل هەموو لایەنەكانی ناو پارێزگاكەی هەبووە.

 

فرسەت سۆفی عەلی21 ئایاری 1978لە گوندی گەزنەی سەر بە قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێرلەدایك بووە. دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی ھەیە، و ماوەیەک لە زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر مامۆستای زانکۆ بووە.
دانیشتووی شاری ھەولێربووەو دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێردرا بووەتە پارێزگاری پایتەختی هەرێمی كوردستان، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندام پەرلەمان بووە. یەکێك بووە لەو ئەندام پەرلەمانانەی کوردستانەکە مووچەی خانەنشینی ڕەتکردەوە و گەڕایەوە سەر کارەکەی پێشووی كە مامۆستای زانكۆ بووە، بەڵام كاتێك بەربژێر كرا بۆ پارێزگاری هەولێر لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارەوە دەنگی تەواوی بەدەست هێناو لە 17 ئەیلوولی 2019 بووەتە پارێزگاری ئەو شارە.
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر خێزانداربوو و لەدوای خۆی دوو کوڕ و دوو کچی بەناوەکانی (هێڤار، هێدار، نڤار و ڤیارەوە هەیە کە تەمەنیان لەنێوان پێنج ساڵ و 17 ساڵە. 
جگە لەوەی فرسەت سۆفی وەك پارێزگارێكی گەنج دەستی بەكارەكانی كردووە، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی سنووری پارێزگاكە هەبووە، گەرچی ماوەی پارێزگارییەكەی كەم بوو، بەڵام جێگەی خۆی كردبوویەوە.
لە رۆژی 19/10/2020 نوسینگەی تایبەتی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند فرسەت سۆفی تووشی نەخۆشی كۆرۆنا بووەو پاش تێكچوونی دۆخی تەندروستی بەفڕۆكەی تایبەت ڕەوانەی وڵاتی توركیا و لەوێشەوە بەرەو ئەڵمانیا بەڕی خرا، بەڵام سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی توركیا گیانی لەدەستدا.

لەپرسەنامەكاندا دەربرینی جیاواز بۆ مەرگی فرسەت سۆفی هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم نوسیویەتی: (كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.).
مەسرو بارزانیش سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە دەڵێت: (خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بەگشتی، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم".)
دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگای سلێمانییش دەڵێت: (پرسەو پەژارەو خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی براو هاوڕێ و هاوکارو ئازیزو بەڕێزمان کاکە دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ دەردەبڕین.)
هەروەها دكتۆر عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆكیش نوسیویەتی: ( ئێمە کەسێکی بە توانا، پاک و راستگۆمان لەدەستداوە، جێگەی بەهەشت بێت و رەوانی شاد بێت).
دكتۆر فرسەت سۆفی جگە لەوەی لە زۆربەی كەناڵە تەلەفزیۆنیەكانەوە دەركەوتووەو لە چاوپێكەوتنەكایدا لەبابەتە یاساییەكاندا قسەی دەكرد، بەڵام بەوە دەناسرا كە لەچاو هاوڕێ پەرلەمانتارەكانیدا بە ئینسافتر و باشتر بۆ شتەكان دەچوو، هەڵگری بروانامەی  دکتۆرابوو  لە یاسای گشتیداو  مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو، لە نێوان 2013-2018 ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، - سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و
لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیش دا ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو.

كاتژمێر 5 سەرلەبەیانی ئەمرۆ 4 شەممە لە نەخۆشخانەی مێمۆریال لە ئەنقەرەی توركیا گیانی لەدەستدا.
لەسەردەمی عوسمانلییەكان هەولێر قەزایەك بووە سەر بە لیوای موسڵ  رۆژی (1/11/1919) (دەبلیۆ-ئار-ئێچ)ی نوێنەری ئینگلیزەكان یەكەم پارێزگاری هەولێر بووە كە ئەو كات پێی گوتراوە (حاكم) و فرسه‌ت سۆفیش 41ـەمین پارێزگاری ئەو شارە بوو.