کوردستان

10:15 - 28/12/2020

دەوڵەتێک بەرپرسانی کۆمەڵکوژیەک چۆن ئاشکرا دەکات کە فەرمان لە سەرۆکەکەی وەرگیرابێت‌‌

پەیسەر

شەوی ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١ کاتژمێر ٩:٣٩ و ١٠:٢٤ لە سەر سنوری باکوور و باشووری کوردستان ٣٨ گەنج و مێردمنداڵی کورد کە کاراونچی بوون و خەڵکی هەردوو گوندی ڕۆبۆسکی و بێجوی ناوچەی قلەبانی سەر بە پارێزگای شڕنەخ بوون، کەوتنە بەر هێڕشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا.

بیست و حەوتیان یەکسەر لەو شوێنەدا شەهید کران، هەشتیشیان بە سەختی بریندار بوون، کە حەوتیان بەر لەوەی بگەیەنرێنەوە گوندەکانیان لە ڕێگادا گیانیان لەدەستدا و بە گشتی ٣٤ کەس لەو کۆمەڵکوژیەدا شەهید بوون.

لەگەڵ ئەوەی سبەینێ ٢٨ی کانونی دووەم هەشت ساڵ بەسەر کۆمەڵکۆژیەکە تێپەڕ دەبێت، بنەماڵەی شەهیدەکان بۆ بەسزاگەیاندنی بکوژەکان لەتێکۆشانی خۆیان بەردەوامن. لەو رۆژەوە کە کۆمەڵکۆژیەکە  ئەنجامدراوە خانەوادەکانیان  ڕۆژانی پێنج شەممە دەچنە سەر گۆڕی منداڵەکانیان و ئەو کۆمەڵکۆژیانەی بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدراون ھەڵدەسەنگێنن.

ئەردۆغان پشتگیری لە کۆمەڵکوژیەکە کرد و دۆسیەکە داخرا
سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سوپاسی ئەو فەرماندەیەی کرد کە فەرمانی کۆمەڵکوژیەکەی داوە و دواتر ئەو سەربازانەی کۆمەڵکۆژیەکەیان ئەنجامداوە بە بێتاوان لەقەڵەمدران.

دادگا‌ی سەربازیش ڕایگەیاند، کارمەندانی ھێزی ئاسمانی تورکیا لەچوارچێوەی فەرمانەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئەرکدارکراون ھەڵسوکەوتیان کردووە و بەمشێوەیەش دۆسیەکە داخرا.

لەسەر ناڕەزایەتی دەڕبرین بەرامبەر دادگای سەربازی، بەسەدان پارێزەر بە شێوەی تاکەکەس سەردانی دادگای دەستوری بنەڕەتی تورکیایان کرد. پارێزەران لەسەردانەکانیاندا ویستیان لەسەر خاڵی هەڤدەی مادەی سێی دەستووری تورکیا کە باس لەوە دەکا نابێت بەئەنقەست دەست لەکەس بوەشێندرێت لەرووی ماددی و مەعنەوی"یەوە، سکاڵا تۆماربکەنەوە و بەرپرسان داوای لێبوردن لە بنەماڵەی قوربانیان بکەن و ھاوکاتیش لەسەر کۆمەڵکوژیەکە، لیژنەی وەزارتەکان، بەرپرسانی سەربازی بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن ڕەوانەی دادگای پەیوەندیدار بکرێن، بەڵام بە هەموو شێوەیەک داواکاریەکان ڕەتکرانەوە.

خانەوادەی شەهیدانی رۆبۆسکی لەرێگەی پارێزەرەکانیانەوە ناڕەزایەتیان دەربڕی، بەڵام داواکاریی دووبارە هەڵدانەوەی دۆسیەکە لە ٢٠ حوزەیرانی هەمان ساڵ ڕەتکرایەوە.
خانەوادەکان سکاڵایان بەرامبەر نەجدەت ئۆزەل سەرۆک ئەرکانی ئەوکاتەی سوپای تورکیا و چەند فەرماندەیەکی تر تۆمارکرد.

ئەنجام
دوای هەشت ساڵ شتێک لەمەسەلەکە نەگۆڕاوە. ئێش و ئازاری خانەوادەی قوڕبانیان وەکو یەکەم رۆژی رووداوەکەیە. ھێشتا دایکیان فرمێسکباران و ھێشتا لەژێر کاریگەری ئەو رووداوە دڵتەزێنەدا ماون. ھێشتا باوک، خۆشک و براکان توڕەن. لەگەڵ ئەوەی هەشت ساڵ بەسەر کۆمەڵکۆژیەکەدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام لە گوندر ڕۆبۆسکی ھیچ زەماوەند و خۆشییەک ئەنجامنادرێت.

٩هۆکار لەبارەی ئەوەی حکومەتی تورکیا بە ئەنقەست کۆمەڵکوژیەکەی ئەنجامدا
١-    ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکاتە سەرۆکوەزیران بوو، ڕایگەیاند، هەندێک هەڵە ڕوویداوە، ئەگەر هەڵەبووبێت، بۆچی ئەردۆغان ئەو کەسەی فەرمانی بە کۆمەڵکوژیەکدا دادگایینەکرد.

٢-    سەرەڕای ئەوەی پەکەکە لەو ناوچەیەدا بۆ ماوەی 10 ساڵ هیچ چالاکیەکی ئەنجامنەدابوو، هەروەها فڕۆکەوانەکان ئاگاداری ئەوەبوون کە لەو ناوچەیەدا کاری کۆڵبەری دەکرێت و دوو بنکەی سەربازی سوپای تورکیای لێبوو، بۆچی ئۆپەراسیۆنەکە بەبێ هەواڵدان بە بنکە سەربازیەکانی ناوچەکە ئەنجامدرا؟ ئەگەر فەرماندەی ئەو بنکە سەربازیانە ئاگادارکرابانەوە، ئایا ئەو کۆمەڵکوژیە ڕووی دەدا؟

٣-    پارێزگاری شرناخ دوای 2 کاتژمێر لە ڕووداوەکە بەهۆی تەلەفۆنێکەوە بۆ فریاکەوتنی خێرا ئاگاداری ڕووداوەکە دەبێت، بۆچی ئەنقەرە هیچ هەواڵێکی بە پارێزگاری شرناخ نەدا؟

٤-    بۆچی پێش 3 مانگ لە بەرواری کۆمەڵکوژیەکە کاری کۆڵبەری لەو ناوچەیەدا ئازادکرا لە کاتێکدا پێشتر قەدەغە بوو؟

٥-    ئایا ناوەندی سەربازی ئەنقەرە ناتوانێت جوداکاری لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و کۆڵبەراندا بکات؟

٦-    دوای ڕووداوەکە لایەنە فەرمیەکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە تیرۆرکردنی باهۆز ئەرداڵ، فەرماندەیەکی پەکەکە بووە، پرسیارەکە ئەوەیە کە کێ ئەو زانیاریە هەواڵگریەی گواستەوە، ئایا ئەو زانیاریە پشتڕاستکرایەوە؟ ئایا کێ یەکسەر فەرمانی ئۆپەراسیۆنەکەی دەرکرد؟

٧-    لە کاتێکدا ناوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکە و سەرجەم بەرپرسیاران لە لای دەوڵەت هەبێت، بۆچی تا ئێستا هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێنەکراوە؟

٨-    ئایا فەرمانی لێدان لە لایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە دەرکرا؟ ئەگەر ئەوان فەرمانیان داوە، بۆچی ئامادەنین هیچ بەرپرسیارێتیەک لە ئەستۆ بگرن؟

٩-    بۆچی ئەو بەڵێنانە جێبەجێنەکران کە دوای کۆمەڵکوژیەکە درا بە خەڵکی ناوچەکە لە کردنەوەی خاڵێکی سنووری بۆیان؟شەوی ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١ کاتژمێر ٩:٣٩ و ١٠:٢٤ لە سەر سنوری باکوور و باشووری کوردستان ٣٨ گەنج و مێردمنداڵی کورد کە کاراونچی بوون و خەڵکی هەردوو گوندی ڕۆبۆسکی و بێجوی ناوچەی قلەبانی سەر بە پارێزگای شڕنەخ بوون، کەوتنە بەر هێڕشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا.